ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وتی سوریا نابێت هەرگیز جارێکی دیکە دابەش ببێتەوە و تورکیا دژی هەر کەسێک دەوەستێتەوە کە هەوڵی ئەوە بدات خاکەکەی بخاتە مەترسییەوە.
وتی " لەمەودوا ناتوانین ڕێگە بدەین جارێکی دیکە سوریا دابەش ببێتەوە، دژی هەر هەر هێرشێک دەوەستینەوە بۆ سەر ئازادی گەلی سوریا و سەقامگیری بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکە و سەروەری خاکەکەی."
پێشتر وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی ئیسڕائیلی کرد دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل چوونە ناو ناوچەی داماڵڕاو لە شەڕ لە بەرزاییەکانی گۆلان، ئەوەش دوای ئەوەی بەشار ئەسەد دوورخرایەوە.
وەزارەتەکە وتی " لەم کاتە هەستیارەدا، کاتێک ئەگەری دەستکەوتنی ئەو ئاشتی و سەقامگیرییەی کە گەلی سوریا چەندین ساڵە بە ئاواتییەوەن دروست بووە، ئیسڕائیل جارێکی دیکە بیرکردنەوە داگیرکارییەکەی پیشان دەداتەوە."
بەرزاییەکانی گۆلان ناوچەیەکی شاخاوییە و دەکەوێتە قەراغی باشووری ڕۆژئاوای سوریا، زۆربەی ناوچەکە لە جەنگە شەش ڕۆژەییەکەی ساڵی 1967 دا لەلایەن ئیسڕائیلەوە دەستیبەسەرداگیرا و دواتر لکێندرا بە ئیسڕائیلەوە.
وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل گیدیۆن سار وتی ڕەوانەکردنی ئەو هێزانە بۆ بەشەکەی سوریا لە ناوچە داماڵڕاوەکە " هەنگاوێکی کاتی و سنووردارە و هۆکارەکەی ئاسایشە."
سەرچاوە/ فرانس پرێس