Accessibility links

یەکێتی ئەوروپا یارمەتی نوێی سەربازی بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات


سەرچاوەکان دەڵێن ڕۆژی دووشەممە یەکێتی ئەوروپا یارمەتی سەربازیی زیاتری بۆ ئۆکرانیا پەسەند کردووە کە بەهاکەی دەگاتە 500 ملیۆن یۆرۆ، هاوکات ئەڵمانیا ڕووبەڕووی فشاری زیاتر بووەوە لەسەر داواکانی کیێڤ بۆ پێدانی تانکی لیۆپاردی ئەڵمانی بە ئۆکرانیا.

ڕێککەوتنەکە لەسەر یارمەتییە نوێیە سەربازییەکان بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدا بوو کە وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکسل کۆبوونەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو وڵاتانی ڕۆژئاوا شکستیان هێنا لە ڕێککەوتن لەسەر ڕەوانەکردنی تانکی شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا، بەڵام بەڵێنیاندا ملیاران دۆلار بۆ یارمەتی سەربازیی کیێڤ دابین بکەن.

دیبلۆماتکارێکی یەکێتی ئەوروپا وتی یارمەتییە 500 ملیۆن یۆرۆییەکە پەسەند کراوە، هاوکات 45 ملیۆن یۆرۆی دیکە بۆ " کەلوپەلی سەربازی نا کوشندەش " بۆ ئەرکی مەشقە سەربازییەکەی یەکێتی ئەوروپا بۆ ئۆکرانیا پەسەند کراوە. دوای کۆبوونەوە داخراوەکەی وەزیرەکان، دوو سەرچاوەی دیکە ئەو هەواڵەیان پشتڕاست کردەوە.

تانکی لیۆپاردی دروستکراوی ئەڵمانی بە گونجاوترین تانک دادەنرێت بۆ ئۆکرانیا، هاوکات زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا ئەو جۆرە تانکەیان هەیە، بەڵام گواستنەوەی ئەو تانکانە بۆ ئۆکرانیا پێویستی بە ڕەزامەندی ئەڵمانیا هەیە.

ڕۆژی دووشەممە پۆڵەندا وتی دەتوانێت لە چوارچێوەی هاوپەیمانێتییەکی وڵاتاندا ئەو جۆرە تانکە بدات بە ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک ڕەتی کردەوە ڕوون کردنەوە بدات لەسەر لێدوانەکەی ڕۆژی یەکشەممەی کە تیایدا وتی بەرلین نابێتە بەربەست لەبەردەم پۆڵەندادا.

وتی " گرنگە هەرچی لە تواناماندا بێت بیکەین بۆ بەرگریکردن لە ئۆکرانیا."

پارتی سۆشیاڵ دیموکراتی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەڵێت ڕۆژئاوا دەبێت خۆی بە دووربگرێت لە جووڵەی لە ناکاو کە ببنە هۆی پەرەسەندنی جەنگەکە. بەڵام چەندین وڵاتی هاوپەیمانان ئەو هەڵوێستە ڕەت دەکەنەوە و دەڵێن ڕووسیا پێشتر بە تەواوەتی پابەندی هێرشەکانی بووە دژی ئۆکرانیا.

وەزیری دەرەوەی لاتیڤیا ئێدگارس ڕینکیڤیکس وتی " لەم قۆناغەدا هیچ هۆکارێکی باش نیە لەسەر ئەوەی بۆچی تانکەکان دابین ناکرێن. قسەکردن لەسەر پەرەسەندنی جەنگەکە هۆکار نیە. چونکە ڕووسیا بەردەوامە لە پەرەدان بە جەنگەکە."

وەزیری دەرەوەی لیتوانیا گابریلیوس لاندسبێرگیس وتی نابێت یەک ڕۆژی دیکە تانکەکان دوابخرێن، هاوکات وەزیری دەرەوەی ئیستۆنیا ئورماس ڕێنسالو وتی ئەڵمانیا " وەکو بزوێنەری ئەوروپا " بەرپرسیارێتییەکی تایبەتی هەیە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا. وەزیری دەرەوەی لۆکسۆمبۆرگیش جین ئاسیلبۆرن وتی ڕووسیا دەتوانێت جەنگەکە بباتەوە ئەگەر ئەوروپییەکان " یارمەتی ئۆکرانیا نەدەن لەو شتانەدا کە ئێستا پێویستی پێیانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG