Accessibility links

لە ماوەی حەجی ئەمساڵدا ژمارەیەک لە حاجییان لە سەرانسەری جیهانەوە گیانییان لە دەستداوە


وەزارەتی دەرەوەی ئوردن ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند 14 هاووڵاتی ئوردنی لە ماوەی جێبەجێکردنی حەجی ساڵانەی موسوڵماناندا لە سعودیە گیانییان لە دەستداوە، هەندێکییان جەڵتەی گەرما لێی داون، هاوکات 17 کەسی دیکە بێسەروشوێن بوون.

وەزارەتەکە وتی لانیکەم شەش کەسییان بەهۆی گەرماوە گیانییان لە دەستداوە، لە کاتێکدا کە پێشبینی دەکرێت ڕۆژی دووشەممە پلەکانی گەرما لە مەککە بەرز ببنەوە بۆ 47 پلەی سیلیزی. بەڵام ئاماژەی بەوە نەداوە هۆکاری گیان لە دەستدانی ئەوانی دیکە چی بووە.

حەج کە ڕۆژی چوارشەممە تەواو دەبێت، گەورەترین گردبوونەوەیە لە جیهاندا، بەپێی دەسەڵاتی گشتی ئامارەکانی سعودییە، ئەم ساڵ پێشبینیکراوە زیاتر لە 1.8 ملیۆن کەس بەشداری تێدا بکەن.

پاڵەپەستۆ و گڕگرتنی خێمەکان و گەرما و هۆکارەکانی دیکە لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا بوونەتە هۆکاری گیان لە دەستدانەکان لە ماوەی حەجدا.

ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی تەندروستی سعودیە ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و هۆشداریدا لەسەر بەرزبوونەوەی بەرچاوی پلەکانی گەرما و داوای لە حاجییان کرد ئاو زۆر بخۆنەوە و خۆیان بە دووربگرن لە چوونە دەرەوە لە کاتە گەرمەکانی ڕۆژەکەدا، لە 11 ی بەیانییەوە بۆ 3 ی دوانیوەڕۆ.

وەزارەتی دەرەوەی ئوردن وتی لەگەڵ بەرپرسانی سعودیەدا هەماهەنگی دەکەن لە پڕۆسەکان بۆ ناشتنی مردووەکان یاخود گەڕاندنەوەیان بۆ ئوردن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG