Accessibility links

داواکارانی دادگایەکی فەڕەنسا هەوڵی سەپاندنی سزای زیندانیکردنی تا هەتایی دەدەن لە دۆسییەی تاوانی جەنگی ناو سوریادا


سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد
سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد

داواکارانی یەکەمین دادگاییکردنی بەرپرسانی حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە فەڕەنسا وتییان هەوڵی بە دەستهێنانی سزای زیندانیکردنی تا هەتای دەدەن بۆ سێ بەرپرسی باڵای ئاسایشی سوریا، ئەوەش بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ.

ڕۆژی سێشەممە یەکەمین دادگاییکردنی بەرپرسانی ڕژێمەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد لە فەڕەنسا دەستیپێکرد، سێ ئەفسەری باڵای ئاسایشی سوریا بە تۆمەتی بەشداریکردنییان لە تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی دادگاییکران، بەڵام خۆیان لە دادگاییکردنەکەدا ئامادە نین.

لە دوایین ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا لە دادگای تاوانی پاریس، داواکاران داوای مۆڵەتێکی نێودەوڵەتی دەستگیرکردنیشیان کرد بۆ ئەو سێ بەرپرسە.

دۆسییەکەی دژی هەریەک لە عەلی مەملوکی سەرۆکی پێشووی دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی سوریا و جەمیل حەسەنی بەڕێوبەری پێشووی دەزگای هەواڵگری هێزی ئاسمانی سوریا و عەبدولسەلام مەحمودی سەرۆکی پێشووی لێکۆڵینەوەکان لە دیمەشق، لە ڕۆڵییان لە مەرگی دوو هاووڵاتی فەڕەنسایی – سوریاییەوە سەرچاوەی گرتووە، مازن دەباغ و پاتریکی کوڕی، کە لە ساڵی 2013 دا لە دیمەشق دەستگیرکران.

پاتریک دەباغ ئەو کاتەی کە دەستگیرکرا تەمەنی 20 ساڵ بوو، هەروەها لە ساڵی دووەمی خوێندنیدا بوو لە بەشی هونەر لە زانکۆی دیمەشق. مازنی باوکی ڕاوێژکارێکی باڵای خوێندن بووە لە خوێندنگایەکی ئامادەیی لە دیمەشق.

پێش دادگاییکردنەکە، دادوەرانی لێکۆڵینەوە وتییان " بۆیان دەرکەوتووە " کە دوو پیاوەکە " هاوشێوەی هەزاران کەسی دیکە کە لەلایەن هەواڵگری هێزی ئاسمانییەوە دەستبەسەربوون، ڕووبەڕووی جۆرە ئەشکەنجەدانێک بوونەتەوە کە ئەوەندە زۆر بووە بووەتە هۆی مردنییان."

لە ساڵی 2018 دا هەواڵی مردنی پاتریک و مازنی باوکی ڕاگەیەندرا. خێزانەکەیان بە فەڕمی ئاگادارکرانەوە کە پاتریک لە 21 ی مانگی یەکی ساڵی 2014 دا مردووە. مازنی باوکیشی نزیکەی چوار ساڵ دوای ئەوەی لە 25 ی مانگی یانزەی ساڵی 2017 دا مردووە.

بەپێی داواکاران، لە ساڵی 2018 دا هاوسەر و کچەکەی مازن دەباغ لە ماڵەکەی خۆیان لە دیمەشق گواستراونەتەوە. وتیشیان ئەو کارانە ڕەنگە " بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ و زەوتکردن و شاردنەوەی زەوتکردن."

دادگاییکردنی ڕژێمەکەی سوریا لە شوێنەکانی دیکەش لە ئەوروپا بەڕێوەچوون، بە تایبەتی لە ئەڵمانیا. بەڵام لەو دۆسییانەدا، ئەو کەسانەی کە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە پلەی نزمترییان هەبووە و ئامادەی دادگاییکردنەکان بوون.

دادگاییکردنەکە لە پاریس دوابەدوای حەوت ساڵ دێت لە لێکۆڵینەوەکانی یەکەی تاوانی جەنگی دەسەڵاتی دادوەریی فەڕەنسا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG