Accessibility links

گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە ڕۆژێکی دیکە درێژدەکرێنەوە


بڕیارە دانوستکاران ڕۆژی هەینی دووبارە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ کۆببنەوە لە هەوڵێکدا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لە غەززەدا، لە کاتێکدا کە ئیسڕائیل بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە کەرتی غەززەدا.

ڕۆژی پێنجشەممە بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان ژمارەی کوژراوان لە کەرتەکەدا 40,000 کەسی تێپەڕاندووە، ئەوەش دوای 10 مانگ لە شەڕەکە.

بەرپرسانی قەتەڕ و ئەمەریکا وتییان ئەم خولەی گفتوگۆکان ڕۆژی پێنجشەممە دەستی پێکردووە، ڕۆژی هەینیش بۆ دووەمین ڕۆژ گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە.

بەرپرسێکی ئەمەریکا کە نزیکە لە گفتوگۆکانی دەوحەوە و ڕەتی کردەوە ناوی ئاشکرا بکرێت بە ڕۆیتەرزی وت گفتوگۆکان " بونیادنەرن."

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی جۆن کێربی وتی " ئەمە کارێکی زۆر گرنگە. ئەو بەربەستانەی کە ماونەتەوە دەکرێت لاببرێن، ئێمەش دەبێت ئەم پڕۆسەیە لە کۆتاییەکەی نزیک بکەینەوە."

هاوکات ئیسڕائیل پەرەی بە هێرشەکانیدا لە غەززەدا. بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان شەوی پێنجشەممە لانیکەم 6 فەلەستینی لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆ سەر خانوویەک لە جەبەلییەی باکووری غەززە کوژراون.

سوپای ئیسڕائیل پێشتر لە ئامانجەکانی ناو شارەکانی ڕەفەح و خان یونسی باشووری غەززەی داوە.

درەنگانێکی ڕۆژی پێنجشەممە ئەندامی سیاسیی حەماس حوسان بەدران وتی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیل بەربەستن لەبەردەم بەرەپێشچوونی گفتوگۆکانی ئاگربەستدا. بەرپرسانی حەماس بەشدارییان لە گفتوگۆکانی ڕۆژی پێنجشەممەدا نەکرد.

بەدران وتی گفتوگۆکان دەبێت بەرەو جێبەجێکردنی چوارچێوەی کاری ئەو ڕێککەوتنە بچن کە پێشتر پەسەند کراوە و هەروەها بە دەستهێنانی ئاگربەستێکی تەواو و کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیل و گەڕانەوەی ئاوارە فەلەستینییەکان و ڕێککەوتنی گۆڕینەوەی بارمتەکان.

وتیشی " حەماس لە دیدێکی ستراتیژییەوە سەیری گفتوگۆکانی دەوحە دەکات سەبارەت بە ئاگربەستێک و ئاڵوگۆڕکردنی بارمتەکان، بە ئامانجی کۆتایی هێنان بە دوژمنکارییەکان دژی غەززە."

بەرپرسانی بەرگری وتییان شاندەکەی ئیسڕائیل بۆ گفتوگۆکان بریتی بوون لە سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئیسڕائیل دەیڤد بارنیا و سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆ ڕۆنین بار و سەرۆکی ئاڵوگۆڕی بارمتە سەربازییەکان نیتزان ئالۆن.

ئەمەریکاش بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا بیڵ بێرنس و نوێنەری ئەمەریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست برێت مکگۆرکی ناردووە. سەرۆک وەزیری قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئەل تانی و سەرۆکی هەواڵگری میسڕ عەباس کامیلیش بەشدارییان کردووە.

ئیسڕائیل و حەماس لۆمەی یەکترییان کردووە لەسەر شکستهێنان بە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست، هاوکات هیچ لایەکیشیان ڕێککەوتنییان بە دوور نەزانیوە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG