Accessibility links

گروپە چەکدارەکانی سوریا دەچنە ناو گەڕەکەکانی دەورووبەری شاری حومسەوە


سەرچاوەکان دەڵێن گروپە یاخیبووە چەکدارەکانی سوریا ڕۆژی شەممە چوونەتە ناو گەڕەکەکانی دەورووبەری شاری حومسەوە، ئەمەش لە پێشڕەوییەکی خێرای ئەو گروپانەدا بە سەرانسەری وڵاتەکەدا لە کاتێکدا کە هێزەکانی حکومەتی سوریا شەڕ دەکەن بۆ پاراستنی دەسەڵاتە 24 ساڵەییەکەی سەرۆکی وڵاتەکە بەشار ئەسەد.

دانیشتوویەکی حومس و سەرچاوەکانی سوپا و گروپە یاخیبووە چەکدارییەکان وتییان چەکدارەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە دزەیان کردووەتە بەرگرییەکانی حکومەتەوە. سوپای سوریا دەستبەجێ لێدوانی لەسەر ڕاپۆرتەکان نەداوە.

لە درەنگانێکی ڕۆژی هەینییەوە شەڕەکە لە دەوروبەری باکووری شاری حومس دەستیپێکردووە، کە شارێکی زۆر گرنگ و ستراتیژییە، هێزەکانی حکومەتیش بەردەوام هێزی پشتیوانییان بۆ دێت و هێرشی ئاسمانی توند دەکەنە سەر چەکدارەکان.

گروپە چەکدارییەکان لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێردا دەستییان بەسەر نزیکەی سەرانسەری باشووری ڕۆژئاوای سوریادا گرتووە و لە ئێستادا تەنها 30 کم لە دیمەشقەوە دوورن، چەکدارەکان دەڵێن هێزەکانی حکومەت کشاونەتەوە و لە بەرگریدان.

دانیشتوانی دیمەشق دەڵێن خۆپیشاندەران لە گەڕەکێکی شارەکەدا پەیکەرێکی باوکی ئەسەدییان شکاندووە، ڤیدیۆیەکیش هەیە کە شکاندنی پەیکەرەکە پیشان دەدات.

دەزگای هەواڵی سوریا وتی ئەسەد هێشتا لە دیمەشقە.

دوای ئەوەی هەفتەیەک لەمەوبەر یاخیبووەکان کۆنتڕۆڵی شاری حەلەبییان کرد، بەرگرییەکانی حکومەت لە سەرانسەری وڵاتەکەدا پەشۆکاون، لە کاتێکدا یاخیبووەکان کۆمەڵێک شاری گەورەیان کۆنتڕۆڵ کرد و لە چەند شوێنێک دەرکەوتنەوە کە باوەڕوابوو ئەو گروپە چەکدارییانە لە مێژە لەو ناوچانەدا نەماون.

جگە لە کۆنتڕۆڵکردنی حەلەب لە باکوور و حەما لە ناوەڕاست و دەیرەزوور لە ڕۆژهەڵات، یاخیبووەکان دەڵێن شارەکانی کونێترا و دیرا و سوەیداشیان لە باشوور کۆنتڕۆڵ کردووە و بە قووڵایی 50 کم پێشڕەوییان کردووە بەرەو دیمەشق.

مەترسییەکانی سەر حومس و دیمەشق ئێستا هەڕەشەن لەسەر مانەوەی دەسەڵاتە دەیان ساڵەکەی ئەسەد لە سوریا و کاریگەری و دەسەڵاتەکانی ئێرانی هاوپەیمانی لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG