Accessibility links

دادگای نێودەوڵەتی فەرمان بە ئیسڕائیل دەکات هێرشەکەی بۆ سەر ڕەفەح ڕابگرێت


سەرۆکی دادگای نێودەوڵەتی نەواف سەلام دەڵێت ئەو ڕێوشوێنانەی کە لە مانگی سێدا لەلایەن دادگاکەوە دەرچوون بە تەواوەتی مامەڵەیان لەگەڵ بارودۆخەکەی ناو کەرتی غەززەدا نەکردووە، ئێستا بارودۆخەکان پێویستییان بە فەرمانێکی نوێی بەپەلە هەیە.

وتی " ئیسڕائیل دەبێت دەستبەجێ هێرشە سەربازییەکەی لە غەززە ڕابگرێت."

دادگاکە پشتگیری لە داوایەکی ئەفریکای باشوور کرد کە تێیدا داوای لە دادگاکە کردبوو فەرمان بە ئیسڕائیل بکات هێرشەکەی لە ڕەفەح ڕابگرێت، ئەمەش هەفتەیەک دوای ئەوەی ئەفریکای باشوور لە دۆسییەیەکدا کە ئیسڕائیل بە تۆمەتی کۆمەڵکوژی تۆمەتبار دەکات داوای لە دادگاکە کرد ئەو فەرمانە بۆ ئیسڕائیل دەربکات.

لە دەرەوەی دادگاکە، کۆمەڵێکی کەم لە خۆپیشاندەرانی لایەنگری فەلەستینییەکان ئاڵایان بەرز کردبووەوە و بە گۆرانی وتنەوە داوای فەلەستینێکی ئازادییان کرد.

ئیسڕائیل چەندین جار ئەو دۆسییەیەی ڕەتکردووەتەوە و دەڵێت تۆمەتی کۆمەڵکوژی بێ بنەمایە، لە دادگاکەدا وتی ئۆپەراسیۆنەکان لە غەززە بەرگریکردنن لە خۆمان و بە ئامانجکردنی چەکدارانی حەماسە کە لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل.
دادگاکە فەرمانی بە ئیسڕائیل کردووە دەبێت لە ماوەی یەک مانگدا ڕاپۆرتێک لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە بدات کە گرتوونییەتیەبەر.

دادگاکە وتیشی دۆخی ئێستای مرۆیی لە ڕەفەح " کارەساتاوییە." دادوەری دادگاکە وتی ئێستا دۆخەکە " خراپتر بووە " لە دوای دوایین فەرمانی دادگاکەوە.

دادگاکە وتیشی بۆ پاراستنی بەڵگەکان، ئیسڕائیل دەبێت ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەستڕاگەیشتن بە کەرتی غەززە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە بەربەستی لەبەردەمدا نەبێت.

پێش بڕیارەکەی ڕۆژی هەینی، وتەبێژێکی حکومەتی ئیسڕائیل وتی " هیچ هێزێک لەسەر زەوی نیە ئیسڕائیل ڕابگرێت لە پاراستنی دانیشتوانەکەی و لە ناوبردنی حەماس لە غەززەدا."

لەم مانگەدا ئیسڕائیل هێرشە زەمینییەکەی بۆ سەر ڕەفەحی باشووری غەززە دەستپێکرد، سەدان هەزاران فەلەستینی ناچار کرد شارەکە جێبهێڵن کە ببووە پەناگەی نزیکەی یەک ملیۆن فەلەستینی لە کۆی 2.3 ملیۆن دانیشتووەکەی کەرتی غەززە.

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 35,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG