Accessibility links

ئێرانییە بێهیواکان خۆیان لە دەنگدان بە دوور دەگرن


زیاتر بیست ساڵ لەمەوبەر، ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە نوێژی هەینیدا لەبەردەم جەماوەرێکدا وەستا و سەرکۆنەی ئەمەریکای کرد لەسەر دەنگدەرە بێهیوا بووەکانی ئەو وڵاتە.

خامنەئی لە ساڵی 2001 دا وتی " شەرمەزارییە بۆ وڵاتێک کە لە سەدا 35 بۆ لە سەدا 40 ی خەڵکەکەی دەنگ بدەن، وەکو چۆن لە هەندێک لە وڵاتاندا دەیبینیت کاتێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرێت. ئەوە ئاشکرایە کە گەلەکەیان متمانە بە سیستمە سیاسییەکەیان ناکەن، گرنگی پێ نادەن و هیچ هیوایەکییان نیە."

لە ئێستادا، ئێران ڕووبەڕووی ئەوە بووەتەوە کە خامنەئی لە ڕابردوودا باسی کردووە.

ڕۆژی هەینی خولی دووەمی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی لە ئێران بەڕێوەدەچێت، لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە لە ساڵی 1979 دا، ئەمە دووەمین جارە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێران بچنە خوولی دووەمەوە، ئەمەش دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لە خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکاندا ڕێژەی بەشداربوون تەنها لە سەدا 39.9 بووە. لە کۆی زیاتر لە 24.5 ملیۆن دەنگ، زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگ دواتر ڕەت کرانەوە، ئەمەش نیشانەیەکە لەسەر ئەوەی کە خەڵکەکە هەست دەکەن ناچارن بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان بەڵام دەیانەوێت سەرجەم بەربژێرەکان ڕەت بکەنەوە.

هاوکات ناڕەزایی خەڵکی ئێران زیاتر بووە، ئەمەش دوای چەندین ساڵ لە قەیرانی ئابووری و سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتەکەی ئێران دژی ئەو کەسانەی کە ناڕەزایی دەردەبڕن، بە سەرکوتکارییەکانیشییەوە دژی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ساڵی 2022 کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینییەوە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا سەریانهەڵدا. هاوکات گرژییەکانی ئێران لەگەڵ ڕۆژئاوادا هێشتا لە زیادبووندان بەهۆی ئەوەی کە ئێران ئێستا پیتاندنی یۆرانیۆمی خێراتر کردووە و خەریکە دەگاتە ئاستێک کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.

ئێستا، سەعید جەلیلی ڕاستڕەوی توند و دانوستکاری پێشووی ئەتۆمی ئێران ڕووبەڕووی مەسعود پزیشکیانی چاکسازیخواز بووەتەوە، پزیشکیان نەشتەرگەری دڵە و پێدەچێت پێویستی بەوە بێت خەڵکێکی زۆر دەنگ بدەن تاوەکو سەرۆکایەتی بە دەست بهێنێت. لایەنگرانی پزیشکیان هۆشداری دەدەن دژی ڕۆژە تاریکەکان لە ژێر سەرۆکایەتی جەلیلیدا. هاوکات زۆرێک لە خەڵکەکە باوەڕییان بەوە نیە کە دەنگەکانییان گرنگ بن.

لەیلا سەعیدی تەمەن 23 ساڵی خوێندکاری زانکۆ دەڵێت " دەنگم نەداوە و دەنگ نادەم، چونکە هیچ کەسێک داوای لێبووردنی نەکردووە لەسەر ژینا و دواتریش لەسەر ئەو ناخۆشییانەی کە گەنجان ڕووبەڕووی دەبنەوە، نە چاکسازیخوازەکان و نە ڕاستڕەوە توندڕەوەکانیش."

بەپێی یاسای هەڵبژاردنی ئێران، بەربژێرێک دەبێت زیاتر لە سەدا 50 ی دەنگەکان بە دەستبهێنێت تاوەکو لە خولی یەکەمدا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت و پێویستی بە خولی دووەم نەبێت. بەپێی ئەو ئەنجامانەی کە ڕۆژی شەممە بڵاوکرانەوە، پزیشکیان 10.4 ملیۆن دەنگی بە دەستهێناوە، هاوکات جەلیلی 9.4 ملیۆن دەنگی بە دەستهێناوە، سەرۆکی پەرلەمان محەمەد باقر قالیباف 3.3 ملیۆن دەنگی بە دەستهێناوە و مەلای شیعە موستەفا پورموحەمەدی زیاتر لە 206,000 دەنگی بە دەستهێناوە.

شرۆڤەکاران دەڵێن زۆربەی ئەو دەنگانەی دراون بە قالیباف، کە جەنەڕاڵێکی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران و سەرۆکی پۆلیسی نیشتیمانی بووە و بە سەرکوتکارییەکانی دژی خوێندکاران و تۆمەتەکانی گەندەڵی ناسراوە، ڕەنگە بچن بۆ جەلیلی، چونکە قالیباف پشتگیری خۆی بۆ جەلیلی دەربڕیوە. ئەمەش وایکردووە کە جەلیلی لە پێگەیەکی پێشەنگدا بێت لە خولی دووەمی هەڵبژاردنەکاندا. جەلیلی تەمەن 58 ساڵ بە " شەهیدی زیندوو " ناسراوە لەسەر ئەوەی کە لە شەڕی نێوان عێراق و ئێراندا لە هەشتاکاندا قاچێکی لە دەستداوە.

سەرەڕای ئەمانەش، دوای خولی یەکەمی هەڵبژاردنەکان لە 28 ی مانگی شەشدا، زۆرێک لە ئێرانییەکان لەسەر شەقامەکانی تاران بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسییان وت کە هەڵبژاردنەکان گرنگ نەبووە لەلایان.

ئەحمەد تاهیری تەمەن 27 ساڵ وتی " دەنگم نەدا، چونکە سەرۆکەکانی پێشوو شکستییان هێناوە لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانییاندا. هەینی داهاتووش دەنگ نادەم."

محەمەد عەلی ڕوباتی تەمەن 43 ساڵ کە ئەندازیاری کارەبایە و باوکی دوو منداڵە، وتی " بێباکی ڕواڵەتی بەرپرسانی ئێران بەرامبەر فشارە ئابوورییەکانی سەر خەڵک وایکرد دەنگ نەدەم."

وتی " دوای چەندین ساڵ لە قورسایی ئابووریی، هیچ گرنگییەکم نیە بیدەم بە سیاسەت."

لە کاتی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ئێراندا لە ساڵی 2015 دا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان، نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکایی بەرامبەر 32,000 تمەن بوو. ئەمڕۆ یەک دۆلاری ئەمەریکایی بەرامبەر 617,000 تمەنی ئێرانییە، دوای هێرشە بێپێشینەکەی ئێرانیش بۆ سەر ئیسڕائیل لە مانگی چواردا نرخی یەک دۆلار بۆ ماوەیەکی کورت گەیشتە 700,000 تمەن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG