Accessibility links

شرۆڤەکاران دەڵێن دوای هەڵبژاردنەکانی ئێران ڕەنگە گرژییەکان لەسەر بابەتی ئەتۆمی کەم ببێتەوە بەڵام کۆتایی نایەت


مەسعود پزیشکیان
مەسعود پزیشکیان

سەرکەوتنی مەسعود پزیشکیان لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئێراندا دەرفەتێکی دەگمەنی دروست کردووە بۆ کەمکردنەوەی گرژییە چەندین ساڵەکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران، تەنانەت لە کاتێکدا کە هیچ ئاماژەیەکیش نیە لە داهاتوودا ئەو پرسە چارەسەر دەکرێت یان نا.

سەرکەوتنی پزیشکیان بەسەر سەعید جەلیلی پارێزگاری توندڕەودا کە پێشتر دانوستکاری ئەتۆمی ئێران بووە و شێواز و خۆبەلزانییەکەی لە نێو دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوادا ناوبانگی هەیە، ئاسوودەییەک بوو بۆ حکومەتەکانی ئەوروپا کە هەوڵی پاراستنی گفتوگۆکان دەدەن لەسەر ئەو پرسە.

پزیشکیانی سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئێران لەلایەن سەرۆکی پێشووی ئێران حەسەن ڕۆحانییەوە پشتگیری لێکراوە، ڕۆحانی کاتێک سەرۆک بوو سەرکردایەتی هەوڵەکانی دەکرد بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان.

بەڵام پزیشکیان هەرگیز ناتوانێت ببێتە کەسی یەکەم لە سیاسەتی دەرەوەی ئێران یاخود پرسە ئەتۆمییەکاندا، کەسی یەکەم و بڕیاردەر لە ئێران لەسەر ئەو پرسە گرنگانەی وڵات ڕابەری باڵای وڵاتەکە ئایەتوڵا عەلی خامنەئییە، کە لە ساڵی 1989 ەوە سەرکردایەتی کۆماری ئیسلامی دەکات.

لە ماوەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکاندا پزیشکیانی تەمەن 69 ساڵ هانی ئێرانێکی دەدا کە زیاتر کراوە بێت بە ڕووی ڕۆژئاوادا.

هەروەها داوای " پەیوەندییەکی بونیادنەرانەی " کردووە لەگەڵ ئەمەریکا و ئەوروپاییەکاندا، ئەوەش لە پێناو ئەوەی " ئێران لە پەراوێزیی دەربکات."

تێری کۆڤیڵی شارەزای ئێران لە ناوەندی پەیوەندییە ستراتیژییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت پزیشکیان دەریخستووە کە " پڕۆژەکەی زۆر جیاوازە لە پڕۆژەکەی سەعید جەلیلی پارێزگاری توندڕەو "، جەلیلی نکۆڵی کردووە لە کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئابووری ئێران.

ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و ئەمەریکا و چین و ڕووسیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەڕیتانیا مەبەست لێی سنووردارکردنی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بوو لە بەرامبەریشدا لابردنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر ئێران.

بەڵام لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. تارانیش لەلای خۆیەوە دەستیکرد بە پێشێلکردنی بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنەکەدا.

تاران ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمی بدات، بەڵام بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەردەوامە لە گەشەکردن.

بەپێی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، ئێران تەنها وڵاتە کە خاوەنی چەکی ئەتۆمی نەبێت و یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 بپیتێنێت، ئەوەش نزیکە لە لە سەدا 90 ەوە کە پێویستە بۆ دروستکردنی بۆمبێکی ئەتۆمی.

دیبلۆماتکارانی ڕۆژئاوا بە دەزگای فرانس پرێسییان وتووە کە ئەگەر جەلیلی لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوتایە ئەوا پرسەکە زیاتر پەکی دەکەوت.

بەڕێوبەری پڕۆژەی ئێران لە گروپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان عەلی ڤایز دەڵێت " زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 چیتر بژاردەیەکی ڕاستەقینە نیە چونکە ڕاستییەکان لەسەر زەوییەکە بە تەواوەتی گۆڕاون."

وتی " بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران ئێستا زۆر پێشکەوتووە، سزاکانیش دیارە کە زۆر چەسپاون، متمانەش لە ئێستادا لە نزمترین ئاستدایە و زلهێزەکانی جیهانیش چیتر وەکو یەکتر بیر ناکەنەوە."

بەڵام وتی " فیکر و جیڕییەکەی " جەلیلی " ئێران و ڕۆژئاوای دەخستە سەر ئاڕاستەی بەریەککەوتن."

وتی لە ژێر تیمێکی شارەزای خوار پزیشکیاندا دەکرێت " زنجیرەیەک لە ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی بکرێت کە یارمەتیدەر دەبن لە دوورکەوتنەوە لە قەیرانێک "، تەنانەت ئەگەر " چارەسەرێکی بەردەوام هێشتا دوور بێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG