Accessibility links

ئێران سەرزەنشتی بەیاننامەکەی کۆمەڵەی حەوت دەکات لەسەر پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی


وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناسڕ کەنعانی وتی ئێران داوای لە کۆمەڵەی حەوت کردووە خۆی بە دووربگرێت لە " سیاسەتە ڕووخێنەرەکانی ڕابردوو "، ئەوەش لەسەر بەیاننامەیەکی کۆمەڵەی حەوت کە تێیدا سەرکۆنەی پەرەسەندنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانییان کردووە.

ڕۆژی هەینی کۆمەڵەی حەوت هۆشداریدایە ئێران لەسەر بەرەوپێشبردنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ئەتۆمی و وتی ئامادە دەبن بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی نوێ ئەگەر تاران موشەکە باڵیستیکییەکانی بگوازێتەوە بۆ ڕووسیا.

کەنعانی وتی " هەر هەوڵێک بۆ بەستنەوەی جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا بە هاریکارییە دوو لایەنەکەی نێوان ڕووسیا و ئێران کارێک دەبێت کە تەنها ئامانجی سیاسیی لە پشتەوەیە." وتیشی هەندێک وڵات " پەنا دەبەنەبەر بانگەشەی هەڵە بۆ بەردەوامیدان بە سزاکانییان."

هەفتەی ڕابردوو دەستەی بەڕێوبەرایەتی دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 35 وڵات پێکهاتووە، پڕۆژە بڕیارێکی پەسەند کرد کە تێیدا داوا لە ئێران دەکەن هاریکارییەکانی لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا زیاد بکات و ڕێگە بە پشکنەرەکانی بدات پشکنین بۆ کارخانە ئەتۆمییەکانی ئێران بکەن، لەمدواییانەدا ئێران دەستڕاگەیشتنی پشکنەرەکانی بە کارخانەکان قەدەغە کردووە.

ئێران وەکو وەڵامێک بۆ ئەو بڕیارە دژە چەقی زیاتری پیتاندنی یۆرانیۆمی لە کارخانەی ئەتۆمی فۆردۆ دانا و دەستیکرد بە دانانی ئەو ئامێرانە لە کارخانەکانی دیکەش، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتێکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان.

کەنعانی وتی تاران بەردەوام دەبێت لە " پەیوەندییە بونیادنەر و هاریکارییە تەکنیکییەکەی " لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا، بەڵام وتی بڕیارەکە " پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوە بووە."

دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی وتوویەتی ئێران لە ئێستادا یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 پلە دەپیتێنێت، ئەوەش نزیکە لە سەدا 90 پلەوە کە پێویستە بۆ دروستکردنی چەکێکی ئەتۆمی، ئەگەر یۆرانیۆم لەوە زیاتر بپیتێنێت ئەوا ئەوەندە یۆرانیۆمی پیتێندراوی دەبێت بۆ ئەوەی سێ چەکی ئەتۆمی دروست بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG