Accessibility links

کاکەمین نەجاڕ: تەزویرات لەکوردستان ناکرێت، چونکە جیهازەکان بەحیزبی کوردی خەرق ناکرێن


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حیزبەکەی چاوی لە ئەنجامدانی ساختەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق نییە و بڕواشیان بە ساختەکاری نییە، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە ئەو ئامێرانەی بۆ هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێن، بە حیزبی کوردی خەرق ناکرێن ( فرتوفێڵیان پێ ناکرێت).

لەم گفتووگۆیەدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کاکەمین نەجاڕ دەڵێت "هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازە، هەموو جیهازە و لەبەغداوە کۆنترۆڵ دەکرێت، نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپاش چاودێری دەکەن، تەزویر بە ئێمە ناکرێت، ئەوەی تەزویر دەکات، دەبێت لە ناوەند بیکات، یان لەڕێگەی ئەو کۆمپانیایانەی جیهازەکانیان دروستکردووە، بۆیە تەزویرمان پێناکرێت و چاویشمان لە تەزویر نییە."

جەختیشیکردەوە"بای ئەوەندە ئەندام و دۆست و لایەنگرمان هەیە، گەر بتوانین بیانبەینە سەر سندوقی دەنگدان، پێویستمان بە تەزویر نەبێت، بڕواشمان پێی نییە."

کاکەمین نەجاڕ هۆکاری تۆمەتبارکردنی حیزبە دەسەڵاتدارەکان بەهەوڵدان بۆ ئەنجامدانی ساختەکاری بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەگێڕێتەوە، دەڵێت"کاتی هەڵبژاردن، هەموو شت لەپێناو ڕاکێشانی دەنگ دەوترێت، ئۆپۆزسیۆن هەوڵدەدات شتەکانی دەسەڵات بچوک پیشان بدات، دەیەوێ دەسەڵات بەگەندەڵ و ساختەکار ناو ببات، بەحسابی خۆیان، لەم ڕێگەیەوە دەنگ پەیدا دەکەن، بەڵام خۆ چاودێر هەیە."

کاکەمین نەجار وتیشی"تەزویرات لەکوردستان ناکرێت، چونکە جیهازەکان بەحیزبی کوردی خەرق ناکرێن، مەگەر لە ناوەند یان دەوڵەتێک بیکات، ئەگینا چۆن تەزویر لەو هەموو جیهازە دەکرێت."

سەبارەت بەوەی مەبەستی چیە لە ئاماژەکردن بۆ دەستوەردانی دەوڵەت و ئەنجامدانی ساختەکاری لەلایەن دەوڵەتەوە، بێ ئەوەی ناوی دەوڵەتەکە بهێنێت، مەکتەب سیاسیەکەی پارتی وتی"مەبەستم ئەوەیە، ئێمە ناتوانین جیهازەکان خەرق بکەین، تا خەڵک بڵێن، تەزویر دەکەن، جیهاز بەئێمە خەرق ناکرێت، گەر پێشمان بکرێت، نایکەین."

پارتی دیموکراتی کوردستان بانگەشەی گەڕانەوە بۆ بەغدا بە بەهێزی دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە بەشێک لە ڕاگەیاندنەکان ئاماژە بەخواستی پارتی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار دەکەن، لەو بارەیەوە کاکەمین نەجاڕ وتی"گەر پارتی بەهێز بێت، بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا باشتر دەبێت، قەینا لەکاتی هەڵبژاردن و بانگەشەدا، حیزبی کوردی ڕکابەری یەک دەکەن و شت دەڵێن، بەڵام باشتر وایە، دوای هەڵبژاردن، پێکەوە بگەڕێینەوە بۆ بەغدا و یەکڕیز و تەبا بین."

لەکۆتایی گفتووگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، کاکەمین نەجاڕ ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشبینیکرد زۆرینەی کورسیەکانی هەولێر و دهۆک بەدەست بهێنن، وتی"ناتوانین ژمارەی کورسی بڵێین، چونکە گەر تۆ بڵێی هێندە کورسی دەهێنم، ئیتر هەڵبژاردن بۆچی دەکرێت، بەڵام پشت بەست بە دۆست و لایەنگرانمان، زۆربەی کورسیەکان دەبەینەوە."

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:26 0:00


XS
SM
MD
LG