ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل ڕایگەیاند سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە قسەی لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کردووە و پێی وتووە دانانی سنوور لەسەر ئیسڕائیل تەنها خزمەت بە ئێران و بریکارەکانی دەکات.
ڕۆژی شەممە ماکرۆن وتی فرۆشتنی ئەو چەکانەی کە لە غەززە بەکاردەهێندرێن بە ئیسڕائیل دەبێت ڕابگیرێن لە چوارچێوەی هەوڵێکی فراوانتردا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی بۆ ململانێکە.
نەتانیاهو بە ماکرۆنی وت " وەکو چۆن ئێران پشتیوانی لە سەرجەم بەشەکانی بەرەی تیرۆری ئێرانی دەکات، هاوڕێکانی ئیسڕائیلیش پێشبینی ئەوەیان لێدەکرێت پشتیوانی لە ئیسڕائیل بکەن، نەک کۆتوبەندی بخەنە سەری کە ئەوە تەنها بەرەی دڕندەی ئێرانی بەهێزتر دەکات."
لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا ئیسڕائیل بە شێوەیەکی بەرچاو هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر حزبوڵای هاوپەیمانی ئێران لە لوبنان زیاد کردووە.
حکومەتەکەی ئیسڕائیل دەڵێت ئامانجی ئەوەیە هاووڵاتییە ئیسڕائیلییەکان بتوانن بە پارێزراویی بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانی خۆیان لە باکووری ئیسڕائیل، ئەوەش دوای ئەوەی لە نێوەندی هێرشە موشەکییەکانی حزبوڵادا کە لە 8 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردووەوە دەستییان پێکردووە، ناوچەکانییان چۆڵ کرد.
ئۆفیسی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەرۆک وەزیر جەختی لەوە کردووەتەوە کارەکانی ئیسڕائیل دژی حزبوڵا دەرفەتێک دروست دەکەن بۆ گۆڕانی واقیعەکەی ناو لوبنان بۆ سەقامگیرییەکی باشتر و ئاسایش و ئاشتییەکی باشتر لە سەرانسەری ناوچەکەدا."
وتیشی دوو سەرکردەکە ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان لەو بارەیەوە لە ماوەی سەردانەکەی ڕۆژی دووشەممەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسادا بۆ ئیسڕائیل.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆیل بارۆت لە گەشتێکی چوار ڕۆژەییدایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕۆژی دووشەممە بە سەردانیکردنی ئیسڕائیل گەشتەکەی تەواو دەبێت. پاریس هەوڵی ئەوە دەدات ڕۆڵێکی هەبێت لە زیندووکردنەوەی هەوڵە دیبلۆماتییەکاندا لە کاتێکدا کە جەنگەکەی ناو غەززە پەرەی سەندووە بۆ لوبنانیش.
ڕۆژی شەممە ماکرۆن بە ڕادیۆی فرانس ئینتەری وت " پێم وایە کاری پێشینە لەمڕۆدا گەڕانەوەیە بۆ چارەسەرێکی سیاسیی و ڕاگرتنی گەیاندنی ئەو چەکانەیە کە لە غەززە بەکاردەهێندرێن. فەڕەنسا هیچ چەکێک نانێرێت."
فەڕەنسا وڵاتێکی سەرەکی دابینکاری چەک نییە بۆ ئیسڕائیل، ساڵی ڕابردوو بە بڕی 30 ملیۆن یۆرۆ کەلوپەلی سەربازیی بە ئیسڕائیل فرۆشتووە، ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا لەسەر هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازیی بۆ دەرەوەی وڵاتەکە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز