Accessibility links

ئیسڕائیل بۆردومانکردنی شاری ڕەفەح زیاتر دەکات


لە کاتێکدا کە هیچ ئاماژەیەک نیە لەسەر بەرەوپێشچوونی هەوڵەکانی نێوەندگران بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک لە جەنگەکەی ناو غەززەدا، دانیشتوان دەڵێن هێزەکانی ئیسڕائیل شەوی ڕابردوو لە ئاسمان و وشکانییەوە بۆردومانی شاری ڕەفەحی باشووری غەززەیان کردووە و لە هەمان کاتیشدا تانکەکان هەوڵییانداوە بەرەو ڕۆژئاوا پێشڕەویی بکەن.

شەڕە تەقەیەکی توند لە نێوان هێزەکانی ئیسڕائیل و چەکدارانی سەر بە حەماسدا لە ڕەفەح ڕوویداوە. دانیشتوان دەڵێن ئەو تانکانەی کە کۆنتڕۆڵی سەر سنووری نێوان ڕەفەح و میسڕییان کردووە هەوڵییانداوە بەرەو ڕۆژئاوا و ناوەڕاستی شارەکە پێشڕەوی بکەن، چەندین دانیشتوو بریندار بوون لە کاتێکدا کە لە ناو شەڕەکەدا گیرییان خواردووە.

پیاوێکی فەلەستینی وتی " پێم وایە هێزەکانی داگیرکەر هەوڵ دەدەن بگەنە ناوچەی کەناری ڕەفەح، هێرشەکان و بۆردومانەکان تەکتیکی بوون، پێش ئەوەی بکشێنەوە کەوتنە ژێر تەقەیەکی زۆرەوە."

وتیشی " یەکێک بوو لە شەوە زۆر ناوخۆشەکان، هەندێک کەس لە ناو ماڵەکانی خۆیاندا بریندار بوون، دواتر ئەم بەیانییە گواسترانەوە."

تیمەکانی تەندروستی دەڵێن هێزەکانی ئیسڕائیل لە ناو کامپی ئەلبورێجیشدا لە ناوەڕاستی کەرتی غەززەدا شەڕییان کردووە، تانک و فڕۆکەکانیشیان دوو کامپی دیکەیان لەو نزیکانە بۆردومان کردووە، چەندین فەلەستینی کوژراون و بریندار بوون.

باڵی چەکداریی حەماس، جیهادی ئیسلامی و گروپە چەکدارییە بچووکترەکانی دیکەش باسییان لەوە کردووە کە چەکدارەکانییان لە چەندین ناوچەی ناوەڕاست و باشووری غەززە هێرشییان دژی هێزەکانی ئیسڕائیل ئەنجامداوە.

نێوەندگرە قەتەڕی و میسڕییەکان بە پشتیوانی ئەمەریکا هەوڵەکانییان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست زیاتر کردووە، لەو ڕێککەوتنەدا شەڕەکە ڕادەگیرێت و بارمتە ئیسڕائیلییەکان ئازاد دەکرێن و ژمارەیەک لە زیندانییە فەلەستینییەکانیش لەلایەن ئیسڕائیلەوە ئازاد دەکرێن، بەڵام سەرچاوەکانی نزیک لە گفتوگۆکانەوە دەڵێن هیچ ئاماژەیەک لەسەر بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان نیە.

لە دوای ئاگربەستێکی هەفتەییەوە لە مانگی یانزەدا، سەرجەم هەوڵەکان بۆ ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکی دیکە شکستییان هێناوە، حەماس سوورە لەسەر داواکەی بۆ کۆتایی هێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگەکە. ئیسڕائیلیش دەڵێن ئامادەیە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئاگربەستی کاتی هەتاوەکو ئەو کاتەی حەماس لە ناودەبرێت.

بەرپرسێکی حەماس بە ڕۆیتەرزی وت " هەموو جۆرە نەرمێتییەکمان نواندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، بەڵام ئیسڕائیلی داگیرکەر بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی پەیوەست بوون بە کۆتایی هێنان بە دوژمنکارییەکەی و کشاندنەوەی هێزەکانی لە کەرتی غەززە."

وتی " داگیرکەر و ئەمەریکا بەرپرسن لەسەر نەبوونی ڕێککەوتنێک چونکە نایانەوێت ئەم جەنگەی سەر خەڵکەکەمان کۆتایی بێت."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا حەماس بووە هۆکاری هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززەدا، ئەوەش دوای ئەوەی چەکدارەکانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن نزیکەی 1200 کەس کوژراون و زیاتر لە 250 کەسی دیکە بە بارمتە گیراون. لە ئاگربەستەکەی مانگی یانزەدا نزیکەی نیوەی بارمتەکان ئازاد کران.

بەپێی بەرپرسانی تەندروستی غەززە، هێرشە سەربازییەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 36,000 کەس، دەشڵێن هەزاران کەسی دیکە ڕەنگە لە ژێر داروپەردبووی بیناکاندا گیانییان لە دەستدابێت.

بەرپرسانی ئەمەریکا و ئیسڕائیل بە ڕۆیتەرزییان وتووە کە نزیکەی نیوەی هێزەکانی حەماس لە شەڕەکەدا کوژراون. حەماس باس لە ژمارەی کوژراوانی ناکات و هەندێک لە بەرپرسەکان دەڵێن ئیسڕائیل زیادەڕۆیی کردووە لە ژمارەکاندا. نزیکەی 300 سەربازی ئیسڕائیلیش کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG