دکتۆر رێبوار بابکەیی دەڵێت نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگەی کوردستان هەروەها بوونی هێزی چەکداری جۆراو جۆر بە تایبەت گروپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی ، ئەوانەی کە سەر بە ئێرانن هەلی بۆشایی ئەمنی و نەبوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا دەقۆزنەوە بۆ بە ئامانجگرتنی هەولێری پایتەخت .
وا بۆ ماوەیکە و ناوە ناوە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکەوێتە بەر هێرش بە موشەک و کاتیۆشا. ئایا ئەو گروپ و لایەنانەی ئەم کارە دەکەن کێن و ئامانج لەم کارەیان گەیاندنی چ پەیامێکە بۆ حوکمەتی هەرێمی کوردستان؟
ئاشکرایە کە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کونسوڵخانەی چەندان وڵاتانی جۆراوجۆری جیهانی لە خۆگرتووە . هۆکارەکانی کردنە ئامانجی هەولێر لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە بە ناوە ناوە موشەکبارانکردنی دەکەمە تەوەرەی ئەم وتوێژە لەگەڵ دکتۆر رێبوار بابکەیی ، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و هەروەها رەوەندی کوردی لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان.
دکتۆر رێبوار بابکەیی دەڵێت من هیچ بەڵگەیەکم لە بەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت کردنە ئامانجی هەولێر بە فیت و بە فرمانی ئێران بێت ، دەشڵێت ماوەیەک لەمەوبەر بەرپرسانی هەواڵگری ئێرانی هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبارکرد کە بنکەی هەواڵگری ئیسرائیل واتا مۆسادی ئسرائیلی لە هەرێم کوردستاندا هەیە. ئەو تۆمەتەی کە دەستبەجێ وتەبێژی حوکمەتی هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە .