دۆخی ڕۆژنامەوانان لە هەرێمی کوردستان و ئەو گرفتانەی ڕووبەڕووی ڕۆژنامەوانان دەبنەوە بە تایبەت خانمانی ڕۆژنامەوان سەرەڕای بوونی چەند ڕێکخراوێکی داکۆکیکار لە مافەکانی ڕۆژنامەوانان کەچی هێشتا ئەو پێشێلکاریانە بەردەوامن.
بۆ تیشک خستنەسەر ئەو پرسە و چەندین تەوەری تر لەسەر ئاستەنگەکانی کاری ڕۆژنامەوانی و بارودۆخی ڕۆژنامەوانی، بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گفتوگۆی لەگەڵ خانمی ڕۆژنامەوان ئاڤان جاف بەرپرسی گۆڤاری ژنان لە سەنتەری میترۆ ئەنجامداوە.
ئاڤان جاف دەڵێت هەرچەندە پێشێلکاریـیەکان لە بەرامبەر کچان و خانمانی ڕۆژنامەواندا هەر لە شوێنی کارەکانان بگرە تا خێزانەکانیان و تەنانەت سۆشیاڵ میدیاش ڕوبەڕوی دەبنەوە بەڵام خانمانی ڕۆژنامەوان هێندە کارەکەی خۆیان خۆشدەوێت هەر بەردەوامن کە نایەنەوێت لە کارەکەی خۆیان داببڕێن و دەستبەرداری ببن. دەشڵێت چەند سەختە پیاوانی ڕۆژنامەوان ڕوبەروی گرفت و کێشە ببنەوە بۆ خانمانی ڕۆژنامەوان ڕەنگە سێ هێندە سەخت بێت کە ناتوانن دەنگ هەڵبڕن.
ئاڤان دەشڵێت لە ساڵی ڕابردوودا چەندین کەیسی پێشێلکاری لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە، لە مەترسیدارترینیشیان هێرشکردنە سەر ماڵی رۆژنامەوانان و ڕێگریکردنە لە ڕۆماڵکردنی کاری ڕۆژنامەوانی و لێسەندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی، دەشڵێت پێویستە بەرگری لە بیروڕاکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی بکرێت کە یەکێکە لە کایەکانی دیموکراسی.
سەبارەت بەو کەیسانەشی کە تائێستا بە تەمومژاوی ماونەتەوە و یەکلایی نەکراونەتەوە دەڵێت خۆشبەختانە هەندێک لە کەیسەکان بەرەو چارەسەرکردن ڕۆشتون بەڵام چەندین کەیسی تریش هەن تا ئێستاش بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە، وە داواشمان کردوە کەیسی ڕۆژنامەوانان بە پێی ماددەی 35 ڕۆژنامەوانی مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.