Accessibility links

کیێڤ داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات لەسەر پلانەکانی پوتن بۆ چەکی ئەتۆمی


کیێڤ بە توندی ڕەخنەی لە پلانەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گرت بۆ جێگیرکردنی چەکی تەکتیکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس و داوای کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد بۆ تاوتوێکردنی ئەم هەنگاوەی پوتن.

ڕۆژی شەممە پوتن ڕایگەیاند چەکی تەکتیکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات، وتیشی بەو کارەی بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی بۆ بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل ناکات و چەکەکان ڕادەستی بێلاڕووس ناکات.

وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا بڕیارەکەی پوتنی بە " هەنگاوێکی دیکەی وروژێنەر " ناوبرد کە " سیستەمی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە."

وەزارەتەکە وتی " ڕووسیا جارێکی دیکە بێتوانایی درێژخایەنی خۆی لەوەدا دەرخست کە ناتوانێت چەکی ئەتۆمی وەکو ئامرازێکی بەرگری و ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگ سەیر بکات، وەکو ئامرازێک بۆ هەڕەشەکردن و ترساندن سەیری دەکات."

هەروەها داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی کرد و داوای لە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت و یەکێتی ئەوروپا کرد هۆشداری بدەنە بێلاڕووس " لەسەر دەرەنجامە توندەکانی سەری ئەگەر بڕیار بدات چەکەکانی ڕووسیا وەربگرێت."

ڕۆژی شەممە پوتن ئاماژەی بەوەدا سەرۆکی بێلاڕووس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ داوای کردووە چەکەکان لەوێ جێگیر بکرێن. تاوەکو ئێستا بێلاڕووس بە ئاشکرا لێدوانی لەسەر ڕاگەیاندنەکەی پوتن نەداوە.

سوپای بێلاڕووس بە فەرمی لە ئۆکرانیادا شەڕی نەکردووە، بەڵام ساڵی ڕابردوو ڕێگەی بە مۆسکۆ دا خاکەکەی بەکاربهێنێت بۆ ڕەوانەکردنی هەزاران سەرباز بۆ ناو ئۆکرانیا. ئەم دوو وڵاتە پەیوەندییەکی سەربازی نزیک لە نێوانیاندا هەیە.

ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئۆکرانیا داوا لە سەرجەم ئەندامانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بە ڕژێمە تاوانبارەکەی پوتن ڕابگەیەنن کە ئەو کارە وروژێنەرە ئەتۆمییەی جێی قبوڵکردن نیە و ڕێوشوێنی یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی چالاکانە ڕێگری بکەن لە ئەگەری بەکارهێنانێکی چەکی ئەتۆمی لەلایەن هەر وڵاتێکی سەرکوتکارەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG