ئاستی بێپێشینەی پیسبوونی هەوا لە لاهۆری دووەم گەورەترین شاری پاکستان بەرپرسانی شارەکەی ناچار کرد ڕۆژی یەکشەممە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر، داوایان لە خەڵکەکە کرد لە ماڵەوە کاربکەن و قوتابخانە سەرەتاییەکانیش داخران.
ڕۆژی یەکشەممە شارەکە یەکێک بوو لە پیسترین شارەکانی جیهان دوای ئەوەی ڕێژەی پیسبوونی هەوا تێیدا بەرزترین ئاستی تۆمار کرد، ئەمەش بەپێی داتاکانی حکومەتی پارێزگاکە و گروپی سویسری IQAir.
وەزیری باڵای پونجاب مەریوم ئاورانگزیب لە ماوەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی حکومەت بۆ ماوەی هەفتەیەک قوتابخانە سەرەتاییەکانی داخست و داوای لە دایک و باوکان کرد دڵنیا ببنەوە لەوەی منداڵەکانییان ماسک ببەستن، لە کاتێکدا کە خوڵێکی ڕەش ئاسمانی شارەکەی داپۆشیبوو.
وتیشی داوا لە خەڵکەکە کراوە لە ماڵەکانییاندا بمێننەوە، دەرگا و پەنجەرەکانییان دابخەن، هەروەها خۆیان بە دووربگرن لە چوونە دەرەوەی ناپێویست، وتیشی بۆ کەمکردنەوەی پیسبوونی هەوا بە ئوتومبێلەکان، لە سەدا 50 ی کارمەندانی دامودەزگاکان دەبێت لە ماڵەوە کار بکەن.
وتیشی دۆخەکە " پێشبینی نەکراو " بووە و وتی هۆکاری پیسبوونی هەوای گەڕاندەوە بۆ ئەو بایەی کە پیسی لە هیندستانی دراوسێوە دەهێنێت.
وتی " ئەمە چارەسەر ناکرێت بەبێ گفتوگۆکردن لەگەڵ هیندستاندا." قەیرانی پیسبوونی هەوا لە لاهۆر هاوشێوەی پیسبوونی هەوایە لە دەلهی پایتەختی هیندستان و زیاتر لە ماوەی مانگە ساردەکاندا خراپتر دەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز