Accessibility links

ڕێپێوانەکان لە ئەوروپا بۆ پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران


ڕۆژی یەکشەممە سەدان کەس لە فەڕەنسا بە مەبەستی ڕێزلێنان لە پیاوێکی کوردی ئێرانی کە وەکو ناڕەزایی دەربڕینێک دژی دەسەڵاتی ئێران خۆی کوشت، ڕێپێوانیان ئەنجامدا و ناڕەزاییان دژی سەرکوتکارییەکانی دەسەڵاتی ئێران دژی خۆپیشاندەران دەربڕی.

پۆلیسی فەڕەنسا دەڵێت ژمارەی ئەو کەسانەی کە بۆ ڕێزلێنان لە موحەمەد موڕادی کۆببوونەوە دەگەیشتە نزیکەی 1000 کەس. لە شاری لیۆن ڕێپێوانیان کرد، موڕادی تەمەن 38 ساڵ لە مانگی دوانزەدا لە ڕووباری ڕۆندا لە لیۆن خۆی خنکاند.

لە چەند ڤیدیۆیەکدا کە پێش مردنی بە زمانی فارسی و فەڕەنسی تۆمار کراون، موڕادی ڕەخنە لە سەرکردایەتی ئێران دەگرێت و داوا لە حکومەتەکانی ڕۆژئاوا دەکات دژی بوەستنەوە. لە تۆمارەکاندا موڕادی دەڵێت " کاتێک کە ئەم ڤیدیۆیە دەبینن، من مردووم."

خۆپیشاندەرانی ڕۆژی یەکشەممە دروشمییان بەرزکردبۆوە و نوسرابوو " لە سێدارەدانەکان لە ئێران ڕابگرن ". هەندێک لە خۆپیشاندەرەکان لە شارەکانی دیکەی فەڕەنساوە هاتبوون بۆ لیۆن.

هاوکات سەدان کەسی دیکەش لە ڕۆما و لەندەن بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە خۆپیشاندانەکانی ئێران کۆبوونەوە.

موڕادی لە ساڵی 2019 دا لەگەڵ خێزانەکەی گەیشتنە فەڕەنسا و هەوڵی بە دەستهێنانی دکتۆرای دەدا لە مێژوودا. مەرگی موڕادی لە نێو ڕەوەندی ئێراندا دەنگی دایەوە.
لیلی موهاجیر کە یەکێکە لە ڕێکخەرانی ڕێپێوانەکەی لیۆن، وتی " موحەمەد بە بوێرییەکی بێ وێنەوە خۆی کوشت. هیواکەی ئەوە بوو ڕاگەیاندن و حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بەردەوام بن لە پشتیوانیکردن لە گەلی ئێران."

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە ناوەڕاستی مانگی نۆدا دوای مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵ سەرییانهەڵدا کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا.

ژنان ڕۆڵێکی بەرچاوییان هەبووە لە خۆپیشاندانەکانی ئێراندا، زۆرێکیان بە ئاشکرا سەرپۆشەکانیان لابردووە.

خۆپیشاندەرەکانی لیۆن هاواری ناوی موحەمەدییان دەکرد. هاوکات خولەکێک بەبێ دەنگی وەستان بۆ موحەمەد و ئەو دوو کەسەشی کە ئێران ڕۆژی شەممە لە سێدارەیدان.

لە لەندەنیش خۆپیشاندەران ئاڵای سەردەمی پێش شۆڕشی ئێرانییان بەرزکردەوە، لە کاتێکدا بەرەو گۆڕەپانی ترافالگار دەڕۆیشتن و وێنەی ئەو خۆپیشاندەرانەیان بەرز دەکردەوە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە کوژراون. هاورییان دەکرد " ژن، ژیان، ئازادی." دروشمی خۆپیشاندانەکانی ئێران.

لە دەرەوەی باڵیۆزخانەی ئێرانیش لە ڕۆما، خۆپیشاندەران هاوارییان دەکرد " بکوژەکان!".

هاوکات لە تورین و شارەکانی دیکەی ئیتاڵیاش خۆپیشاندان دژی سەرکوتکارییەکانی ئێران بەڕێوەچوو.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG