هاوپەیمانێتی ناتۆ ڕەخنەی لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گرت لەسەر " لێدوانە مەترسیدار و نابەرپرسەکانی " سەبارەت بە چەکی ئەتۆمی، ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی پوتن وتی چەکی تەکتیکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس جێگیر دەکات.
ڕۆژی شەممە پوتن ئەو بڕیارەی ڕاگەیاند و وتی ئەو کارەی هاوشێوەی کارەکانی ئەمەریکایە کە چەکە ئەتۆمییەکانی لە ئەوروپادا جێگیر کردووە، هاوکات جەختی لەوە کردەوە ڕووسیا بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بڵاونەکردنەوەی چەکی ئەتۆمی پێشێل ناکات.
لە کاتێکدا کە ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی خاوەن چەکی ئەتۆم لە گرنگی ڕاگەیاندنەکەی پوتنیان کەمکردەوە، ناتۆ بۆچوونێکی دیکەی سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکە هەبوو.
وتەبێژی هاوپەیمانێتی ناتۆ بە ڕۆیتەرزی وت " ئاماژەدان بە هاوبەشیکردنی چەکی ئەتۆم لە ناتۆدا بە تەواوەتی چەواشەکارییە. هاوپەیمانانی ناتۆ بە ڕێزێکی تەواوەوە مامەڵە لەگەڵ بەرپرسیارێتییە نێودەوڵەتییەکانیاندا دەکەن."
وتیشی " ڕووسیا بەردەوام ڕێککەوتنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی پێشێلکردووە، لەم دواییانەشدا بەشداریکردنی لە پەیماننامەی نیو ستارتدا هەڵوەشاندەوە."
پەیماننامەی نیو ستارت ژمارەی ئەو کڵاوە ئەتۆمییانە کەم دەکاتەوە کە ئەمەریکا و ڕووسیا دەتوانن بڵاوی بکەنەوە، هەروەها ژمارەی ئەو ژێردەریایی و بۆمبهاوێژانەش کەم دەکاتەوە کە دەتوانن کڵاوەی ئەتۆمی هەڵبگرن.
ئۆلێکسی دانیلۆڤی ڕاوێژکاری باڵای ئاسایشی سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی پلانەکەی ڕووسیا بێلاڕووسیش ناسەقامگیر دەکات، کە لەلایەن مۆسکۆوە وەکو " بارمتە " گیراوە.
شارەزایان دەڵێن هەنگاوەکەی ڕووسیا گرنگە چونکە مۆسکۆ شانازی بەوەوە کردووە کە بە پێچەوانەی ئەمەریکاوە تاوەکو ئێستا چەکی ئەتۆمی لە دەرەوەی سنوورەکانی جێگیر نەکردووە.
ڕاوێژکارێکی دیکەی باڵای زێلێنسکی، میخایلۆ پۆدۆلیاک وتی جووڵەکانی پوتن " زۆر پێشبینی کراون."
وتی " ڕاگەیاندنی جێگیرکردنی چەکی تەکتیکی ئەتۆمی لە بێلاڕووس، ئەوە مانای ئەوەیە کە ' پوتن ' دان بەوەدا دەنێت کە لە دۆڕان دەترسێت و هەموو ئەوەی دەتوانێت بیکات ترساندنە بە تەکتیک."
لەلایەکی دیکەوە ئەمەریکا پێی وایە هیچ گۆڕانکارییەک لە توانای ڕووسیادا بۆ ئەگەری بەکارهێنانی چەکی ئەتۆمی لە ئۆکرانیادا ڕووی نەداوە، وتیشی ئەو هەواڵە کاریگەری لەسەر پێگەی چەکە ئەتۆمییەکانی ناتۆ و ئەمەریکا نابێت.
وتەبێژێکی ناتۆ وتی " هیچ گۆڕانکارییەکمان لە پێگەی ئەتۆمی ڕووسیادا نەبینیوە کە پێویست بکات پێگەی ئەتۆمی خۆمان دەستکاری بکەین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز