سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند ئیسڕائیل نزیکە لە سەرکەوتن لە کاتێکدا کە وڵاتەکە هێزەکانی لە باشووری غەززە دەکشێنێتەوە و مانەوەی " هێزێکی گەورە " لە شوێنەکانی دیکەی غەززە دەپارێزێت.
نەتانیاهو بە کابینەکەی وت " ئێمە یەک هەنگاو دوورین لە سەرکەوتنەوە. بەڵام ئەو باجەی کە دامان بە ئازارە و دڵشکێنە."
تەنانەت لە کاتێکدا کە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە قاهیرە دەست پێدەکەنەوە، نەتانیاهو بەڵێنیدا " هیچ ئاگربەستێک نابێت بەبێ گەڕانەوەی بارمتەکان. ئەوە ڕوونادات."
باوەڕوایە هێشتا نزیکەی 100 بارمتە لەلای حەماس لە تونێلەکانی غەززەدا مابێتنەوە، ئەو 100 کەسە لە نێو ئەو 250 کەسەدا بوون کە چەکدارانی حەماس لە هێرشەکەی 7 ی مانگی 10 دا بۆ سەر ئیسڕائیل گرتنی، بەرپرسانی ئیسڕائیل دەڵێن لەو هێرشەی حەماسدا 1200 کەس کوژراون. تاوەکو ناوەڕاستی مانگی دوو، 112 بارمتە ئازادکراون، زۆربەیان لە ماوەی ئاگربەستە هەفتەییەکەی مانگی یانزەدا ئازادکران، باوەڕوایە 36 بارمتەی دیکە مردبێتن یاخود لە ماوەی جەنگەکەی ناو غەززەدا کوژرابێتن.
وەزارەتی تەندروستی غەززە کە حەماس بەڕێوەی دەبات دەڵێت هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئیسڕائیل بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 33,000 کەس، دوو لەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵن. سوپای ئیسڕائیل دەڵێت لەو ژمارەیە هەزاران چەکدارییان تێدایە.
لە کاتێکدا کە کوشتارییەکە بەردەوامە، بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تێدرۆس ئەدهانۆم گیبریسیەس داوای کۆتاییەکی کرد بۆ جەنگەکە.
گیبریسیەس دانینا بە " کارە دڕندانەییەکەی " حەماسدا لە هێرشەکەیدا بۆ سەر ئیسڕائیل، بەڵام وتی " ئەمە بیانوو نیە بۆ بەردەوامیی ئەو بۆردومان و گەمارۆدانە ترسناکە و لە ناوچوونی سیستمی تەندروستی لە غەززە لەلایەن ئیسڕائیلەوە، کوشتن و بریندارکردن و برسیکردنی سەدان هەزاران هاووڵاتی سڤیل، بە کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکانیشەوە."
وتی " مردن و برینداربوونی هەزاران منداڵ لە غەززە وەکو پەڵەیەک دەمێنێتەوە لەسەر سەرجەم مرۆڤایەتی. ئەم هێرشە بۆ سەر نەوەکانی ئێستا و داهاتوو دەبێت بوەستێت."
سەرەڕای فشارە نێودەوڵەتییەکانی سەر ئیسڕائیل، بە فشارەکانی ئەمەریکای هاوپەیمانیشییەوە، نەتانیاهو دەڵێت ئیسڕائیل بە داواکارییە " توندەکانی " حەماس ڕازی نابێت، حەماس داوا دەکات هێزەکانی ئیسڕائیل لە غەززە بکشێنەوە.
لە وەڵامی داواکارییەکەی هەفتەی ڕابردووی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا، ئیسڕائیل ڕازیبوو بە کردنەوەی ڕێگایەکی نوێ بۆ یارمەتییە مرۆییەکان لە خاڵی سنووری ئێریزەوە کە دەکەوێتە سەر سنووری نێوان باکووری غەززە و ئیسڕائیل، بەڵام هێشتا ئەرکەکانی گواستنەوەی یارمەتییەکان لەو خاڵە سنوورییەوە دەستییان پێنەکردووە. سەدان هەزاران فەلەستینی ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە، زۆرێکییان لە خێمەکاندا لە نزیک ڕەفەح خۆیان پەنا داوە، کە دەکەوێتە سەر سنووری میسڕ لە باشووری غەززە.
نەتانیاهو بەڵێنیداوە هێرشی زەمینی بکاتە سەر ڕەفەحی باشووری غەززە، ئەوەش بە مەبەستی لە ناوبردنی چوار فەوجی حەماس لەو شارەدا، هاوکات پاراستنی زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتی سڤیلی فەلەستینی کە لە شوێنەکانی دیکەی غەززەوە ڕوویان کردووەتە ڕەفەح و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە. بەڵام ئیسڕائیل هیچ بەیاننامەیەکی گشتی بڵاونەکردووەتەوە لەسەر ئەوەی ئەو هاووڵاتییانە بۆ کوێ دەگوازێتەوە تاوەکو زیانییان پێنەگات.
ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوای پشتگیریکار لە ئیسڕائیل دژایەتی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح دەربڕیوە، لەوە دەترسن کە هاووڵاتییانی سڤیل لە نێوەندی تەقەی ئیسڕائیل و حەماسدا گیربخۆن.