سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕایگەیاند لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپدا تاوتوێی پێشهاتەکانی سوریا و هەوڵەکانی ئەمدواییانەی کردووە بۆ ئازادکردنی ئەو بارمتە ئیسڕائیلی و بیانییانەی کە لەلایەن حەماسەوە لە غەززە گیراون.
لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی 2023 دا گروپە چەکدارییە فەلەستینییەکان بە سەرکردایەتی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و 1200 کەسییان کوشت و زیاتر لە 250 کەسی دیکەیان وەکو بارمتە گرت، بەو هاووڵاتیانەشەوە کە ئەمەریکایی – ئیسڕائیلی بوون. لە گفتوگۆکان و ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسڕائیلدا زیاتر لە 100 بارمتە ئازاد کراون. لەو 100 بارمتەیەی کە ماونەتەوە، نزیکەی نیوەیان باوەڕوایە لە ژیاندا مابێتن.
بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن ئیسڕائیل لە وەڵامی هێرشەکانی حەماسدا نزیکەی 45,000 فەلەستینی کوشتووە کە زۆربەیان هاووڵاتی سڤیل بوون، نزیکەی سەرانسەری دانیشتوانەکەی غەززە ئاوارە بوون و زۆربەی کەرتەکەش وێران بووە.
نوێنەرەکەی ترامپ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ستیڤ ویتکۆڤ، هەفتەی ڕابردوو لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ ناوچەکە هۆشداریدا و وتی " ڕۆژێکی باش نابێت " ئەگەر پێش ئەوەی ترامپ دەستبەکاربێت بارمتەکان لە غەززە ئازاد نەکرێن.
پێشتر لەم مانگەدا ترامپ وتی ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکرێن پێش گەڕانەوەی بۆ کۆشکی سپی ئەوا " باجێکی دۆزەخی دەدرێت " لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
هەوڵێکی میسڕ و قەتەڕ و ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست کە ڕێککەوتنێکی بارمتەکانیشی لەگەڵدایە لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا بەرەو پێشەوە چووە.
نەتانیاهو وتی لەگەڵ ترامپدا باسی لە هەوڵەکان کردووە بۆ ئازادکردنی بارمتەکان. وتی " تاوتوێی پێویستییەکانمان کردووە بۆ تەواوکردنی سەرکەوتنی ئیسڕائیل و بە درێژیی باسمان لەو هەوڵانە کردووە کە دەیدەین بۆ ئازادکردنی بارمتەکانمان."
بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ماندونەناسانە کار دەکات بۆ دەستکەوتنی ڕێککەوتنێکی ئاگربەست. ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جەیک سۆلیڤان کە هەفتەی ڕابردوو لە ناوچەکە بوو، ڕۆژی پێنجشەممە وتی باوەڕی وایە ڕێککەوتنێک لەسەر ئاگربەستی غەززە و ئازادکردنی بارمتەکان ڕەنگە نزیک بووبێتەوە. جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا جۆن فاینەر بە ڕۆیتەرزی وت بەرەوپێشچوونێک هەیە لە پڕۆسەکەدا.
نەتانیاهو وتی لەگەڵ ترامپدا باسییان لە دۆخی ناو سوریاش کردووە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد. ئیسڕائیل لە چەند ڕۆژی دوای ڕووخانی ئەسەددا سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر کۆگاکانی چەکە ستراتیژییەکانی سوریا و هێزەکانی بردووەتە ناو ناوچەی داماڵڕاوەوە لە چەک لە ناو سوریادا.
نەتانیاهو وتی " هیچ بەرژەوەندییەکمان نیە لە ململانێ لەگەڵ سوریادا." کارەکانی ئیسڕائیل لە سوریا نیاز لێیان " بەرپەرچدانەوەی ئەگەری مەترسییەکانە لە سوریاوە و ڕێگریکردنە لە گرتنی ناوچەکانی نزیک سنوورەکەمان لەلایەن تیرۆریستانەوە."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز