ڕۆژی دووشەممە خەڵاتی نۆبڵی ئابووری بەخشرایە ئابووریناسی ئەمەریکایی کلاودیا گۆڵدین، ئەوەش بەهۆی توێژینەوەکانییەوە کە یارمەتیدەر بوون لە تێگەیشتن لە ڕۆڵی ژنان لە بازاڕی کاردا.
کلاودیا گۆڵدین کە پڕۆفیسۆرە لە زانکۆی هارڤارد و سێیەمین ژنە خەڵاتی نۆبڵی ئابووری وەربگرێت، لیژنەی بەخشینی خەڵاتەکە وتی کارەکانی " یارمەتییان داوین تێگەیشتنمان لە دەرەنجامەکانی بازاڕی کاری ژنان بەرەوپێشەوە بچێت."
وتیشی " توێژینەوەکەی هۆکارەکانی گۆڕان و سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەو بۆشاییە ڕەگەزییەی کە ماوە ئاشکرا دەکات. "
لیژنەی خەڵاتی نۆبڵ وتی لەسەر ئاستی جیهان، نزیکەی لە سەدا 50 ی ژنان بەشدارن لە بازاڕەکانی کاردا، بە بەراورد بە لە سەدا 80 ی پیاوان، بەڵام ژنان پارەی کەمترییان دەست دەکەوێت و ئەگەری ئەوەی بگەنە لوتکەی کارەکانییان کەمترە.
لیژنەکە تیشکی خستەسەر ئەوەی کارەکانی گۆڵدین " بۆ یەکەمین جار لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا تێگەیشتنێکی گشتگیری خستووەتەوە لەسەر دەستکەوتەکانی ژنان و بەشداریکردنییان لە بازاڕی کاردا."
هاوشێوەی خەڵاتەکانی دیکەی نۆبڵ، خەڵاتەکە مەدالیای ئاڵتون و بڕوانامەیەک و بڕی 11 ملیۆن کرۆنی سویدی لەگەڵدا دەبێت کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن دۆلار، براوەکانیش خەڵاتەکانییان لە پاشا کارڵ گوستاڤەوە وەردەگرن لە مەراسیمێکی زەبەلاحدا لە ستۆکهۆڵم.
سەرچاوە/ فرانس پرێس