Accessibility links

پۆڵەندا داوا لە ئەڵمانیا دەکات چەکی زیاتر بدات بە ئۆکرانیا


سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆوڤسکی
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆوڤسکی

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا دەڵێت دەیەوێت حکومەتی ئەڵمانیا کۆمەڵێک چەکی جۆراوجۆر بدات بە ئۆکرانیا و هیوای خواست بەرلین بە زوویی گواستنەوەی تانکە شەڕکەرەکان بۆ ئۆکرانیا پەسەند بکات، ئەوەش لە پێناو پتەوکردنی بەرگرییەکانی ئۆکرانیادا دژی هێزەکانی ڕووسیا لە جەنگەکەدا.

لێدوانەکانی سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆوڤسکی لە کاتێکدایە ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز ڕووبەڕووی فشار بۆتەوە بۆ پەسەندکردنی گواستنەوەی تانکە دروستکراوەکانی ئەڵمانیا بۆ کیێڤ.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا، ئەڵمانیا بە شێوەیەکی بەرچاو لە ڕووی سەربازییەوە یارمەتی ئۆکرانیای داوە، بەڵام ڕووبەڕووی ڕەخنەش بۆتەوە، بە ئەندامانی هاوپەیمانێتییە ناوخۆییەکەی ئەڵمانیاشەوە کە دەڵێن دەکرا زۆر زیاتر بکرێت.

مۆرۆوڤسکی وتی باوەڕی وایە حکومەتی ئەڵمانیا وەڵامی زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان دەداتەوە بۆ دابینکردنی تانکی شەڕکەر بۆ ئۆکرانیا، لە کاتێکدا کە ڕووسیا بەردەوامە لە هێرشە کوشندەکانی بۆ " سەر هاوڵاتیانی مەدەنی " و بیناکانی نیشتەجێبوون و ژێرخانی کارەبای ئۆکرانیا.

مۆرۆوڤسکی وتی " باوەڕ ناکەم ئەڵمانیا وامان لێبکات ماوەیەکی زۆر چاوەڕێی ئەو جۆرە ڕێککەوتنە بکەین."

ئاماژەشی بەوەدا دوای فشارەکان لە پۆڵەنداشەوە، ئەڵمانیا بەڵێنی داوە سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت بدات بە ئۆکرانیا.

لەمدواییانەدا سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا لە لڤیڤی ڕۆژئاوای ئۆکرانیاوە وتی وڵاتەکەی دەیەوێت یەکەیەکی تانکی لیۆپاردی 2 ی دروستکراوی ئەڵمانی بدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش 14 تانک دەکات، بەڵام دەڵێت دەیەوێت ئەو گواستنەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵێکی نێودەوڵەتی هاوپەیمانێتی ناتۆدا بێت.

بەپێی یاساکانی فرۆشتنی چەک، حکومەتی ئەڵمانیا دەبێت دووبارە گواستنەوەی ئەو چەکانەی کە دروستکراوی ئەڵمانین لە پۆڵەندا یاخود لە هەر وڵاتێکی دیکەوە بۆ وڵاتی سێیەم پەسەند بکات. واتە ئەڵمانیا هەر چەکێکی بە هەر وڵاتێک فرۆشتبێت، دەبێت گواستنەوەی ئەو چەکە لەو وڵاتەوە بۆ وڵاتێکی تر پەسەند بکات.

ڕۆژی دووشەممە وتەبێژی حکومەتی ئەڵمانیا کریستیان هۆفمان وتی پۆڵەندا تاوەکو ئێستا داوای لە ئەڵمانیا نەکردووە لەسەر ئەوەی ئاخۆ تانکەکانی خۆی دەگوازێتەوە بۆ ئۆکرانیا یاخود نا.

لە بەرلین، مۆرۆوڤسکی وتی ڕۆژئاوا دەبێت زۆر زیاتر بکات بۆ ئۆکرانیا، چونکە " ئەمڕۆ ئۆکرانییەکان نەک تەنها بۆ ئازادی خۆیان بەڵکو بۆ بەرگری ئەوروپاش شەڕ دەکەن."

دەزگای هەواڵی پاپی پۆڵەندا وتی مۆرۆوڤسکی وتوویەتی " داوا لە حکومەتی ئەڵمانیا دەکەم بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بجوڵێت و سەرجەم چەکە جۆراوجۆرەکان بدات بە ئۆکرانیا."

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG