وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا دەڵێت ئۆکرانیا پێویستی بە سیستمی بەرگری موشەکی پاتریۆت هەیە بۆ پاراستنی ژێرخانی مەدەنی وڵاتەکە لە هێرشە ئاسمانییە چڕەکانی ڕووسیا. وتیشی هەوڵ دەدات ئەڵمانیا ڕازی بکات ڕێگە بە گەیاندنی ئەو سیستمە بدات بۆ ئۆکرانیا.
ڕووسیا لە سەرەتای مانگی 10 ەوە بەردەوام هێرشی ئاسمانی کردۆتە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، زیانەکان زیاتر دەردەکەون لە کاتێکدا پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە. دوایین هێرشی ئاسمانی کە لە 23 ی مانگی یانزەدا بوو زیانێکی گەورەی بە سەرانسەری ئۆکرانیا گەیاند.
کیێڤ و هاوپەیمانەکانی دەڵێن ئەمە هەڵمەتێکی بە مەبەستە بۆ ئازاردانی هاوڵاتیانی مەدەنی و تاوانێکی جەنگە. ڕووسیا دانی بەوەداناوە کە هێرشی کردۆتە سەر ژێرخانەکانی ئۆکرانیا، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە هەوڵی ئازاردانی هاوڵاتیانی مەدەنی دابێت.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە بوخارێست، کوڵێبا وتی " باوەڕی بە بەڵێنەکانی هاوپەیمانان هەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا تاوەکو ئەو کاتەی پێویست بکات، بەڵام پشتیوانییە سەربازییەکان و مرۆییەکان دەبێت خێراتر بگەن."
وتی پارچەی یەدەگمان دەوێت بۆ چاککردنەوەی کەرتی وزە، سیستمی بەرگری ئاسمانیمان دەوێت بۆ ڕێگریکردن لە هێرشەکانی داهاتوو، هەروەها تانکەکانی ناتۆ زۆر پێویستن.
وتی " پەیامەکە سادەیە: بە زووترین کات پاتریۆت بدەن چونکە ئەم سیستمە ئۆکرانیا پێویستی پێیەتی بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی مەدەنی و ژێرخانەکەی."
لە 24 ی مانگی یانزەدا ئەڵمانیا وتی پێشنیاری سیستمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆتییان کردووە بۆ پۆڵەندا تاوەکو لە ناوچەی ناتۆدا بەکاریبهێنێت، وارشۆش داوای کردووە سیستمەکە ڕەوانەی ئۆکرانیا بکرێت.
کوڵێبا وتی " ئەگەر ئەڵمانیا ئامادە بێت سیستمی پاتریۆت بدات بە پۆڵەندا و پۆڵەنداش ئامادە بێت ڕادەستی ئۆکرانیایان بکات ئەوا پێم وایە چارەسەرەکە بۆ حکومەتی ئەڵمانیا ئاشکرایە." وتیشی کیێڤ لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بەرلیندا کار دەکات.
کوڵێبا وتی " بە یارمەتی هاوپەیمانان لەم جەنگەدا سەرکەوتوو دەبین، هەروەها دەبین بە ئەندامێک لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا، بەڵام ئەوە مانای ئەوە نیە کە نابێت لە نێوان ئێستا و بوونمان بە ئەندام لە ناتۆ هیچ شتێک ڕووبدات."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز