كلارا یەعقوب دەڵێت کۆچکردنی مەسیحەکانی عێراق بەرەو هەندەران بەردەوامە لەبەر ئەوەی عێراق بۆ ئەوان سەلامەت نییە و هەروەها مەسیحیەکان متمانەیان بە حکومەتی عێراق نییە بە تایبەت لە دوای ساڵی 2003 وە و سەرهەڵدانی توندڕەوی ئاینی و تایفی لە عیراق.
بڕیارە پاپا فرانسیسی ی ڤاتیکان رۆژی هەینی داهاتوو بە سەردانێکی سێ رۆژیی بگاتە عێراق وچاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراقی بکەوێت ،دەشگوترێت کە پاپا چاوی بە ئایەتوڵا عەلی سستانی رابەری باڵای شیعەکانی عێراق بکەوێت. ئایا گرنگی ئەم سەردانەی پاپای ڤاتیکان لەسەرو بەندی مەترسییەکانی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ عێراق بە گشی چییە و بۆ مەسیحیەکانی کوردستانی عێراق چییە ؟ ئایا پاپا بەم سەردانەی بۆ عێراق دەیەوێت چ ئامانجێک بپێکێت ؟
سمکۆ عەزیز لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئەم بابەتەی کردوەتە تەوەرەی ئەم گفتوگۆیەی لەگەڵ خاتو " کلارا عۆدیشۆ یەعقوب " سەرۆکی فراکسیۆنی ئەنجومەنی گەلی کلدان و سریان و ئاشوری لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق .
خاتو کلارا دەڵێت پاپای ڤاتیکان وەک کەسایەتییەکی ناوداری مەسیحی لە جیهاندا هەمیشە رۆڵی پۆزەتیڤی بەرچاوی هەبووە لە شەڕ وکێشە وململانییە نێودەوڵەتیەکاندا . دەمانەوێت پاپا بە چاوی خۆی ببینێت کە چۆن مافی مەسیحیەکان لە هەرێمی کوردستانی عیراقدا پارێزراوە و نوێنەرایەتیان لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمدا هەیە ، دەشڵێت ئەمە واتای ئەوە ناگەینێت کە مەسیحیەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق کێشە و نیگەرانیان نییە.