Accessibility links

پوتن دەڵێت ڕووسیا ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئۆکرانیادا شەڕ بکات


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دەڵێت سوپاکەی ڕەنگە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ئۆکرانیا شەڕ بکەن، بەڵام ئاماژەشی بەوەدا " هیچ مانایەکی نییە " لەم کاتەدا سەربازی دیکە کۆبکاتەوە.

پوتن وتی " لە بارەی ماوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەوە، بێگومان دەکرێت ئەمە پڕۆسەیەکی درێژ بێت."

لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی ڕووسیادا کە زیاتر باسی جەنگەکە کرا، پوتن وتی " لە ڕێی سەرجەم ئەو ئامڕازانەوە کە لە بەردەستماندان بەرگری لە خۆمان دەکەین." وتیشی ڕۆژئاوا وەکو " وڵاتێکی دووەم سەیری ڕووسیا دەکات کە هیچ مافی بوونی نەبێت."

وتیشی مەترسی جەنگی ئەتۆمی لە زیادبووندایە، بەڵام ڕووسیا جبەخانەکەی وەکو ئامڕازێک بۆ تۆڵەسەندنەوە بەکاردەهێنێت نەک بۆ ئەوەی سەرەتا خۆی هێرش بکات.

پوتن وتی " شێت نەبووین، دەزانین چەکی ئەتۆمی چییە. ئەم ئامڕازانەمان هەیە پێشکەوتووتر و هاوچەرخترن لە هەرچی وڵاتێکی دیکەی ئەتۆمی، بەڵام ناچین ئەم چەکە وەکو گوێزان بە هەموو جیهانیدا هەڵبدەین."

ئاماژەشی بەوەدا لەم کاتەدا پێویست بە کۆکردنەوەی سەربازی دیکە ناکات، ئەوەش دوای ئەوەی لە مانگی 9 و 10 دا لانیکەم 300,000 سەربازی کۆکردەوە.

پوتن وتی 150,000 لەمانە ڕەوانەی ئۆکرانیا کراون، 77,000 کەسیان لە یەکە شەڕکەرەکاندان و ئەوانی دیکە لە بەرگریدان. 150,000 کەسەکەی دیکە کە ماون هێشتا لە ناوەندەکانی مەشقدان.

وتی " بەپێی ئەم هەلومەرجەی ئێستا، باسکردنی کۆکردنەوەی سەربازی دیکە هیچ مانایەکی نیە."

پوتن وتیشی ڕووسیا " دەستکەوتێکی گرنگی لە گرتنی ناوچەکانی ئۆکرانیادا بە دەستهێناوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG