Accessibility links

بەرپرسانی هەرێمەکانی ڕووسیا داوا لە پوتن دەکەن بڕیارێک بدات بۆ کۆتایی هێنان بە کۆکردنەوەی سەرباز


نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە پێنج ئەنجومەنی هەرێمەکانی ڕووسیاوە داوایان لە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن کردووە بڕیارێک بدات بۆ کۆتایی هێنان بە کۆکردنەوەی سەرباز، کە لە مانگی نۆدا بڕیاریدا سەرباز کۆبکرێتەوە بۆ پتەوکردنی هێزەکانی ڕووسیا لە ئۆکرانیا.


دوای چەند هەفتەیەک لە بێسەروبەری کە تیایدا سەدان هەزاران ڕووسی وڵاتەکەیان جێهێشت و ڕاپۆرتی زۆر هەبوون لەسەر ئەوەی خەڵکانی نەگونجاو بۆ خزمەتی سەربازی کراونەتە سەرباز، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە 31 ی مانگی 10 دا کۆتایی بە بانگهێشتکردنی 300,000 یەدەگی سەربازیی هێنا. کرێملن لەو کاتەدا وتی پێویست بە هیچ بڕیارێکی فەڕمی ناکات بۆ کۆتایی هێنان بە کۆکردنەوەی سەرباز.

ئەندامی ئەنجومەنی هەرێمی کاریلیای باکووری ڕووسیا ، ئیمیلیا سلابونۆڤا وتی نەبوونی ئەو جۆرە بڕیارە ئەوە دەگەیەنێت کە ئەو کەسانەی کراونەتە سەرباز ناتوانن واز لە هێزە چەکدارەکان بهێنن.

وتی فەرماندەکان ڕەتیان کردۆتەوە کۆتایی بە خزمەتە سەربازییەکانیان بهێنن، هەروەها داواکانیش لە دادگا دژی ئەو جۆرە ڕەتکردنەوانە هیچ ئەنجامێکییان نەبووە. دادگاکان پشتیوانی لە فەرماندەکان دەکەن، ئاماژەی بەوەدا بڕیارەکەی مانگی نۆی پوتن بۆ کۆکردنەوەی سەرباز هێشتا هێزی یاسایی هەیە.

پارێزەرە سەربازییەکان بۆ ڕۆیتەرزییان پشتڕاست کردەوە کە ئەمە لە لانیکەم دوو دۆسییەی دادگادا ڕوویداوە، یەکێکیان لە نزیک مۆسکۆ و یەکێکیان لە چیتا لە سایبیریا.

سلابونۆڤا وتی " ئێمە وەکو ئەنجومەنەکان نوێنەرایەتی ئەم پێکهاتانە دەکەین و ئەم داوایانەشمان ئەنجامی داوای زۆری دانیشتوانن."

پێشتریش نوێنەرانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمەکانی مۆسکۆ و سەینت پیتەرسبێرگ و پسکۆڤ و ڤێلی نۆڤۆگۆرۆد داوای هاوشێوەیان کردووە. سەرجەمییان ئەندامی حزبی ئۆپۆزسیۆنی یابلۆکۆی لیبڕاڵ بوون.

لەلای خۆیەوە وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە داواکەی نوێنەرانی ئەنجومەنی هەرێمەکان وتی " ئێمە پێشتر هەمووشتێکمان سەبارەت بە بابەتی کۆکردنەوەی سەرباز ڕوون کردۆتەوە." لەبەر ئەوە هیچ شتێکی نوێ نیە لەسەر ئەو بابەتە بوترێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG