Accessibility links

پوتن دەڵێت یاخیبوونی چەکداری واگنەر 'ناپاکییە'


سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن لە وتارێکی بەپەلەدا ڕایگەیاند "یاخیبوونی چەکداریی هێزەکانی گروپی سەربازیی بەکرێگیراوی واگنەر ناپاکییە"، وتیشی هەر کەسێک چەک دژی سوپای ڕووسیا هەڵبگرێت سزا دەدرێت.

سەرۆکی ڕووسیا وتیشی هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی ڕووسیا و " کاری یەکلاکەرەوە " ئەنجام دەدەن بۆ جێگیرکردنی دۆخەکەی ناو ڕۆستۆڤ ئۆن دۆن، کە شارێکی باشووری ڕووسیایە و یەڤیگنی پریگۆژی سەرۆکی واگنەر وتی لەوێ هێزەکانی دەستییان گرتووە بەسەر سەرجەم کەلوپەلە سەربازییەکاندا.

پوتن وتی "بەرزخوازییەکی زیاد لە پێویست و بەرژەوەندییە تایبەتییەکان بوونەتە هۆی ناپاکی" وتیشی یاخیبوونەکە "چەقۆیەکەوە لە پشتەوە."

وتی " لێدانێکە دژی ڕووسیا، دژی خەڵکەکەمان. کارەکانیشمان بۆ بەرگریکردن لە نیشتیمان دژی ئەو جۆرە مەترسییە زۆر توند دەبێت."

وتیشی "هەموو ئەوانەی کە بە مەبەست دەچنە سەر ڕێگای ناپاکی، ئەوانەی کە یاخیبوونێکی چەکدارییان ئامادە کرد، ئەوانەی کە چوونە سەر ڕێگای چاو سوورکردنەوە و شێوازە تیرۆریستییەکان، ڕووبەڕووی سزایەکی حەتمی دەبنەوە، وەڵامی یاسا و گەلەکەشمان دەدەنەوە."

پریگۆژین داوای کردووە وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ و سەرۆک ئەرکانی سوپای ڕووسیا ڤالێری گیراشیمۆڤ بێن لە ڕۆستۆڤ بیبینن، ڕۆستۆڤ شارێکی ڕووسییە و دەکەوێتە نزیک سنووری ئۆکرانیا و پریگۆژین دەڵێت کۆنتڕۆڵی کردووە.

پریگۆژین بەردەوام ڕەخنەی توندی لە شوێگۆ و گیراسیمۆڤ گرتووە و دەڵێت لە ئاست پلە سەربازییەکانیاندا نین.

پریگۆژین وتی 25,000 شەڕکەری هەیە ئامادەن "دادپەروەری بگەڕێننەوە ". هەروەها بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخاتە ڕوو وتی گوایە سوپای ڕووسیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا ژمارەیەکی زۆر لە شەڕکەرەکانی واگنەری کوشتووە، وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش ئەوەی ڕەت کردۆتەوە.

ڕۆژی هەینی پریگۆژین وتی جەنگەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا لەسەر بنەمای درۆیە و نەیارەکانی کرێملن (ئەفسەرەکانی باڵای سوپای ڕووسیا ) ئەو درۆیانەیان داڕشتووە.

پریگۆژین وتی "نزیکەی 25,000 کەسمان هەیە و دەزانین ئەم بێسەروبەرییە بۆچی لە وڵاتەکەدا ڕوودەدات." هەروەها بەڵێنیدا هەموو ئەو خاڵە پشکنینانە و هێزە ئاسمانییانە لە ناوببات کە دێنە بەردەم ڕێگای واگنەر. دواتر وتی پیاوەکانی لەگەڵ سەربازە ئاساییەکاندا شەڕییان کردووە و فڕۆکەیەکی هێلیکۆپتەرییان خستۆتە خوارەوە.

سەرچاوەیەکی ئاسایشی ڕووسیا بە ڕۆیتەرزی وت چەکدارانی واگنەر دەستییان گرتووە بەسەر دامەزراوە سەربازییەکاندا لە شاری ڤۆرۆنیژ، کە دەکەوێتە 500 کم لە باشووری مۆسکۆوە. ڕۆیتەرز نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.

دەزگای ئاسایشی ڕووسیا دۆسییەیەکی تاوانی دژی پریگۆژین کردەوە، ئەوەش بە تۆمەتی یاخیبوونی چەکداری و وتی بەیاننامەکانی پریگۆژین "داوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆ دەکەن لەسەر خاکی ڕووسیا."


سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG