Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت ڕووسیا سێیەم هێرشی موشەکی باڵیستیکی لەم مانگەدا کردووەتە سەر کیێڤ


بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دەڵێت ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا سێیەمین هێرشی موشەکی باڵیستیکی لەم مانگەدا کردووەتە سەر کیێڤ، بەڵام زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە موشەکەکان خراونەتە خوارەوە.

بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی سەربازیی کیێڤ سێرهێی پۆپکۆ وتی " ئەمە سێیەمین هێرشی موشەکی باڵیستیکییە بۆ سەر پایتەخت لە مانگی هەشتدا، هێرشەکان شەش ڕۆژ جارێک بوون."

پۆپکۆ وتی پێدەچێت ڕووسیاییەکان موشەکی باڵیستیکی دروستکراوی کۆریای باکوورییان بەکارهێنابێت.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ جۆری ئەو موشەکانە پشتڕاست بکاتەوە کە هەڵدراون.

فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا میکۆلا ئۆلیشچوک وتی هەشت فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیا و پێنج موشەک لە کۆی هەشت موشەک کە ئاڕاستەی سەرانسەری وڵاتەکە کراون بە کیێڤیشەوە، خراونەتە خوارەوە.

وتیشی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا 13 ئامانجی ئاسمانییان بەسەر هەرێمەکانی کیێڤ و سومی و پۆڵتاڤادا خستووەتە خوارەوە.

وتی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا هەشت موشەکی هەڵداوە کە سێ موشەکییان باڵیستیکی بوون و سێی دیکەیان کروز بوون. ئۆکرانیا پێنج موشەکییانی خستووەتە خوارەوە و سێ موشەکی دیکەش نەیانتوانیوە بگەنە ئامانجەکانییان.

بەرپرسانی کیێڤ دەڵێن هیچ زیانێکی گیانی نەکەوتووەتەوە، بەڵام فەرمانڕەوای هەرێمی کیێڤ ڕوسلان کراڤچینکۆ وتی بەهۆی کەوتنە خوارەوەی پاشماوەی موشەکەکانەوە دوو خانوو لە ناوچوون و 16 خانووی دیکە زیانییان بەرکەوتووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " ڕووسیا هەمیشە دەزانێت بە موشەک و بۆمبەکانی لە کوێ دەدات، ئەمەش تیرۆرێکی بە مەبەست و بە ئامانجی ڕووسیایە."

وتی ڕووسیا لەم هەفتەیەدا زیاتر لە 40 موشەک و 750 بۆمبی ئاڕاستەکراو و 200 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشکردنی ئاڕاستەی شار و گوندەکانی ئۆکرانیا کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG