Accessibility links

دیپلۆماتە باڵاکانی سعودیە و ئێران لە چین کۆدەبنەوە


ڕۆژی پێنجشەممە وەزیرانی دەرەوەی ئێران و سعودیە لە پەکینی پایتەختی چین کۆبوونەوە، لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوودا ئەمە یەکەمین کۆبوونەوەی فەڕمی ئاست بەرزی نێوان دوو وڵاتەکەیە، ئەمەش دوای ئەوەی چین نێوەندگری کرد لە ڕێککەوتنێکدا بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئێران.

دوای چەندین ساڵ لە دوژمنایەتییەکەی نێوانیان کە بووە هۆی کەوتنەوەی ململانێ لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تاران و ڕیاز ڕێککەوتن بۆ کۆتایی هێنان بە ناکۆکییە دیبلۆماتییەکەی نێوانیان و دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتردا، ئەمەش لە ڕێککەوتنێکی گەورەدا کە مانگی ڕابردوو چین کارئاسانی بۆ کرد.

لە گرتە ڤیدیۆیەکدا کە کەناڵی ئێران بڵاویکردەوە، وەزیری دەرەوەی سعودیە شازادە فەیسەڵ بن فەرحان و هاوتا ئێرانییەکەی حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان سڵاو لە یەکتر دەکەن و دواتر دادەنیشن.

دوو وڵاتەکە لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند لە ماوەی دوو مانگدا لە دوای ڕێککەوتنەکەوە ئامادەکاری دەکەن بۆ دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەکان و کونسوڵخانەکانیان لە وڵاتانی یەکتردا.

لە بەیاننامەکەدا وتیان " تیمە تەکنیکییەکان بەردەوام دەبن لە هەماهەنگیکردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای زیاتر بۆ فراوانکردنی هاریکارییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە، لەوانەش دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکان و سەردانی بەرپرسانی فەڕمی و شاندەکانی کەرتی تایبەت و کارئاسانیکردن بۆ پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی دوو وڵاتەکە."

لە مانگی سێدا سەرۆکی چین شی جین پینگ نێوەندگری کرد لە ڕێککەوتنێکی کتوپڕدا لە نێوان سعودیە و ئێران کە ماوەی حەوت ساڵە گرژی و ناکۆکی هەیە لە نێوانیاندا.

لە ساڵی 2016 دا سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بڕی، ئەوەش دوای ئەوەی باڵیۆزخانەکەی لە تاران هێرشی کرایەسەر، لە نێوەندی ناکۆکییەکی نێوان دوو وڵاتەکەدا سەبارەت بە لە سێدارەدانی مەلایەکی شیعە لەلایەن سعودیەوە. سعودیە داوای لە دیبلۆماتکارانی ئێران کرد لە ماوەی 24 کاتژمێردا سعودیە جێبهێڵن و لە هەمان کاتیشدا باڵیۆزخانەکەی لە تاران چۆڵ کرد و کارمەندەکانی گواستەوە.

لە ساڵی 2015 دا پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە خراپتر بوون دوای ئەوەی سعودیە و ئیماڕات دەستیان وەردایە جەنگی یەمەنەوە، کە لەوێ حوسییەکانی هاوپەیمانی ئێران حکومەتەکەی یەمەنییان دوورخستەوە کە سعودیە پشتیوانی لێدەکرد و سەنعای پایتەختییان کۆنتڕۆڵ کرد.

سعودیە پێی وایە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێراندا ئاسایشی وڵاتەکەی باشتر دەکات. سعودیە بەردەوام ئێرانی تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پڕچەککردنی حوسییەکان کە ئەوانیش هێرشی موشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانییان کردۆتە سەر شارەکانی سعودیە و دامەزراوە نەوتییەکانی.

لە ساڵی 2019 دا سعودیە ڕاستەوخۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانی تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشێکی گەورە بۆ سەر دامەزراوەکانی کۆمپانیای نەوتی ئارامکۆی سعودیە کە نیوەی بەرهەمهێنانی نەوتی ڕاگرت. بەڵام تاران ئەو تۆمەتەی ڕەت کردەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG