Accessibility links

شارەزایان و ژمارەیەک یاسادانەر دەڕواننە 14 هەمین گۆڕانکاری دەستوری بۆ قەدەغەکردنی ترامپ پۆست لە ئایندەدا نەگرێتەوە دەست


نووسین: مەسعود فەریڤار

لەگەڵ ئەوەی کە پـێدەچێت ئەگەرەکان لە بەرژەوەندی سەرۆکی پێشوو دانۆڵد ترامپ بن لە سەرکەوتنی لە پرۆسەی دادگایکردن بۆ لێپێچینەوەی ، بەڵام مشتومڕێک لە نێوان زانایانی یاسایی و هەندێک لە ئەندامانی کۆنگرس وا گەڵاڵە دەبێت لەسەر ئەوەی کە ئایا دەتوانرێت بەندێکی لە بیرچووەوە لە دەستوری ئەمەریکا بەکاربهێنرێت بۆ قودەغەکردن لە سەرۆکی پێشوو کە نەتوانێت هەرگیز دووبارە هیچ پۆستێکی فیدراڵی بگرێتەوە دەست.

بەندە دەستورییەکە بەشێکە لە 14 هەمین گۆڕانکاری ، ئەوەی لە ساڵی 1868 دا پەسەندکرا ، گۆڕانکاریەکە ئەوەی بە فراوانکردنی مافەکانی سیڤیلی هاوڵاتیانی ئەمەریکا ی و مسۆگەرکردنی " پاراستنی یەکسان بە گوێرەی یاسا " دەناسرێت، ئاستێکی کەم لە بارەیەوە دەزانرێت ، بەڵام بڕگەی سێی کە مشتوومڕی بەگەرمی لەسەردەکرێت قەدەغەی گرتنەدەستی پۆستی فیدرالی دەکات لە هەرکەسێک ئەوەی لە یاخیبوون یان سەرهەڵدان تێوەگلابێت دژ بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا یان یارمەتی و دڵنەوایی پێشکەش بە دوژمنانی ئەمەریکا کردبێت .

ترامپ رووبەڕوی یەک تۆمەت بۆ هاندان بۆ یاخیبوون دەبێتەوە ، بەهۆی گوایە رۆڵی لە هاندانی لایەنگرانی کە مەبەستی رێگریکردن بوو لە پشتڕاستکردنی سەرکەوتنی جۆو بایدن بەسەر ترامپدا لەلایەن کۆنگرسەوە.

بە هۆی ئەوەی 45 سەنەتۆری کۆماری بەرهەڵستی شەرعییەتی داداگییکردنی سەرۆکێکی پێشوو دەکەن، ئەگەرەکان ئەوەی کە سینات بە فەرمی ترامپ بە تاوانبار بناسێنێت و نەهێڵیت پۆست بگرێتەوە دەست ، ئەو ئەگەرانە لاوازن. بەمەش دەشێت تاکە ئامڕازێکی دەستوری تاقینەکراوە بۆ دیموکراتەکان بهێڵێتەوە بۆ رێگری کردن لەوەی سەرۆکی پێشوو نەتوانێت هیچ پۆستێک وەرگرێتەوە ، ئەویش بە گوێرەی 14هەمین گۆڕانکاری دەستورییە.

بڕگەی سێی گۆرانکاریەکە دەسەڵات دەداتە کۆنگرس بەندەکانی لە رێی" یاسایەکی گونجاوەوە " جێبەجێ بکات ، ئەمەش وای لە هەندێک لە پسپۆڕانی یاسایی کردووە کە بڵێن کۆنگرسی زۆرینە دیموکارات بتوانن بە زۆرینەیەکی سانا یاسایەک تێپەڕێنن بۆ قەدەغەکردن لە ترامپ کە نەتوانێت لە ئایندەدا پۆست بگرێتەوە دەست .

دیپاک گوپتا ؛ شارەزای یاسای دەستوری و بڕایەن بەتلەر ؛ سەرنوسەری ( Crooked Media ) وتارێکیان لە رۆژنامەی نیو یۆرک تایمزدا لە مانگی رابردوودا نووسی و تێدا هاتبوو کە : " کۆنگرس دەتوانێت دەستبەجێ یاسایەک تێپەڕێنت و رایگەیەنێت کە هەر کەسێک ئەوەی سوێندی بۆ داکۆکیکردن لە دەستور خواردبێت ، هەر لە ترامپەوە بگرە هەتا دەگاتە کەسانی دیکە ، ئەوانەی هاندان ، ئاڕاستە یان بەشداریان لە هاندان بۆ یاخیبوون کرد بوو ، هەربۆیە بە گوێرەی دەستور بێبەشدەکرێن لە گرتنەوە دەستی پۆستی فیدراڵی لە ئایندەدا".

سەنەتۆر تیم کەین ی دیموکراتی ستانی ڤیرجینیا و هەروەها کاندێدی جێگری سەرۆکایەتی دیموکارت لە ساڵی 2016 ، لە نێو ژمارەیەک ئەو یاسادانەرانەدایە کە پێشنیازی بەکارهێنانی 14 هەمین گۆڕانکاری دەستوری دەکات بۆ رێگریکردن لە ترامپ کە هەرگیز دووبارە هەوڵی گرتنەوە دەستی پۆستی فیدراڵی نەداتەوە . سەنەتۆر کەین دەڵێت کۆماریەکان زیاتر لەگەڵ ئەوەدان کە پشتیوانی لە کارکردن بە 14 هەمین گۆڕانکاری دەستوری بکەن لەوەی کە ترامپ بە ئەنجامدانی تاوان و بەدرەفتاری بە فەرمی تاوانبار بکرێت .

سەنەتۆری دیموکرات تیم کەین لە میانەی کۆنفرانسێکی هەواڵی لە کۆتایی مانگی رابردوودا گوتی؛ ئەوەی من دەمەوێت پێشکەش بە هاوڕیانمی بکەم ، بژارەیەکە بۆ لێپێچینەوە .

هەندێک ئاڵۆزی هەن ، بۆ نمونە بە گوێرەی 14 هەمین گۆڕانکاری دەستوری ، روون نییە کە ئایا کێ بڕیار دەدات لەسەر ئەوەی کە ئاخۆ بەرپرسێکی حوکمەتی لە چالاکی هاندان بۆ یاخیبووندا تێوەگلاوە و شایستەی ئەوە پۆستە نەبێت . ژمارەیەک لە زانایان دەڵێن دیاریکردنی ئەوە لەدەستی دادگادایە نەک کۆنگرس.

" کییث ویتنگتن " پرۆفیسۆری زانستی سیاسی لە زانکۆی پرنستن گوتی ؛ " برگەی سێ هیچ میکانیزمێک دیاری ناکات بۆ دەستنیشانکردنی ئەوەی کە ئایا بەرپرسێک لە راستیدا لە چالاکیەکانی یاخیبوون تێوەگلاوە ، کە ببێتە مایەی بێبەشکردنی لە پۆست و ئەم شێوازەش زۆر بەکارنەهێنراوە و تەنانەت روونیش نییە کە ئایا چ میکانیزمێک لەوبارەیەوە دەستوری دەبێت ".

سەرباری ئەوەش ، ویتنگتن ئاگاهیدا و گوتی ؛ رێگەدان بە زۆرینەیەکی سانا لە کۆنگرس قەدەغەی بە درێژایی تەمەن بەسەر سەرۆکی پێشوودا بسەپێنێت ، دەشێت چەندان کێشەی بێپێشبینی نەکراو بەهۆیەوە سەرهەڵبدات هەرکاتێکیش کۆمارییەکان بتوانن هەمان ژەهر دەرخواردی دیموکراتەکان بدەنەنەوە ، لە رێی دەنگدان بۆ رێگریکردن لە دیموکراتەکان بۆ دەربڕینی روانگەکانیان لەسەر ناڕەزاییەکان ئەوانەی گۆڕدران بۆ ئاژاوەگێڕی. هاوکات ویتنگتن لە رێی ئیمێڵەوە گوتی ؛ " بڕێکی زۆر لە مەترسیی ئاشکرای سیاسی لە گۆڕێدایە سەبارەت بەوەی کە کۆنگرس تەنها بە دەنگی زۆرینە ئەوە دیاربکات و شیانی ئەندامان پارتی کەمینە بۆ پۆستی فیدرالی نەهێڵێت، تەنها بە کەمێک لە بەڵگە و هەروەها لەڕێگەی پرۆسەیەکی سیاسی تەواو حیزابیەتیەوە ".

هەندێک لە دیموکراتە باڵاکان قەناعەتیان بەوە نییە کە گرتنەبەری 14هەمین گۆڕانکاری دەستوری رێگەیەکی دروست بێت .

دیک دێربنی دیموکرات بۆ ستانی ئێلینۆی لە ئەنجومەنی سینات ی زۆرینە دیموکرات لە 22 ی مانگی یەکیدا گوتی ؛ " هێشتا من قەناعەتم بەوە نییە ، چونکە 14 هەمین گۆڕانکاری دەستوری روون نییە لە بارەی ئەوەی کە ئایا چۆن کەسێک بەشداری لە یاخیبوونێکدا کردبێت دیاری دەکەیت ".

مێژوو

بە گوتەی " جیرارد ماگڵی یۆکا " پرۆفیسۆری کۆلیژی یاسا لە زانکۆی Robert H. McKinney: ئەگەر ئاژاوەگێڕیەکەی رۆژی 6 ی مانگی کانوونی دووەم لە باڵەخانەی کۆنگرس نەبوایە ،کەسانێکی کەم لەدەرەوەی بازنەی یاسایی لە بارەی بەندی سێی گۆڕانکاری دەستوریان دەزانی. برگەکە بەمەبەستی قەدەغەکردنی ئەندامانی پێشووی کۆنفیدراسیۆن بوو کە پۆستی باڵا نەگرنە دەست .

"جیرارد ماگڵی یۆکا " لە دیمانەیەکدا گوتی ؛ "دوای پەسەدنکردنی 14 هەمین گۆڕانکاری دەستوری ، بڕگەی سێ بۆ ماوەی نزیکەی 4 ساڵ پیادەکرا دژ بە چەند بەرپرسێکی جۆراوجۆر ئەوانەی کە لە پۆستدا بوون یان ئەوانەی بۆ وەرگرنی پۆست هەڵبژێردرابوون و دواتر مافی گرتنە دەستی پۆستەکەیان لێزەوتکرا ، لەبەر ئەوەی بە نەگونجاو تێیان دەڕوانرا ".

بە گوتەی ماگڵی یۆکا ؛ لە دەمی کۆتایی هاتنی داڕشتنەوەی ، بڕگە دەستوریەکە تەنها یەکجار بەکارهێنراوە . لە ساڵی 1919 دا ڤیکتۆر بێرگەر ؛ سۆسیالیست و ئەندامی کۆنگرس بۆ ستانی ویسکەنسن دوورخرایەوە و کورسییەکەی لێسەندرایەوە دوای ئەوەی توانبارکرا بە چالاکییەکانی دژ بە جەنگ ، ئەوەش بە گوێرەی بڕیاری سیخوڕیکردن ، دواتر دادگای باڵا بە فەرمی تاوانبارکردنەکەی ناوبراوی هەڵوەشاندەوە .

ماگڵی یۆکا گوتی ؛ ئەنجومەنی نوێنەران بڕیاریدا کە هەڵوێستی ڤیکتەر بێرگری دژ بە جەنگ یارمەتی و دڵنەوایدانەوەی ئەڵمانیا لەخۆدەگرت ، هەربۆیە ئەو ئەندامە شایستەی گرتنە دەستی ئەو پۆستەی نییە .

دیبەتی دوای 6 ی مانگی کانونی دووەم

بۆ ماوەی سەد ونیوێکی دواتر بەندی سێ بە زۆری لەبیرچووەوە . هەموو ئەوانە دوای 6ی مانگی کانوونی دووەم گوڕا ، کاتێک کۆمەڵێکی گێرشێوێن لە لایەنگرانی ترامپ باڵەخانەی کۆنگرسیان بەزاند و بەسەریەکیاندا دا و کوژرانی 5 کەسی لێکەوتەوە کە لە نێویاندا پۆلیسێک بوو ، ئەمەش پاڵی بە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە نا لێپێچینەوە بەمەبەستی لادانی ترامپ بکەن بە تۆمەتی هاندان بۆ یاخیبوون.

لە داواکردنیان بۆ لابردنی ترامپ لە پۆستەکەی ، کەیسی لێپێچینەوە دژ بە ترامپ پێشکەشکرا بە گوێرەی برگەی سێی 14 هەمین گۆرانکاری دەستوری . داواکارانی گشتی دیموکرات لە ئەنجومەنی نوێنەران زۆر بەکەمی لە یاداشتی بەر لە دادگاییەکە ئاماژە بەوەدەکەن ، ئەوەی رۆژی سێ شەممە پێشکەش بە ئەنجومەنی سیناتیان کرد.

بە گوتەی " جیرارد ماگڵی یۆکا " پرۆفیسۆری کۆلیژی یاسا لە زانکۆی Robert H. McKinney ؛ ئەوەش رەنگە واتای ئەوە بگەێنێت کە دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەران وەک بژاردەیەک بیهێڵنەوە و دەرئەنجام پەنای بۆببن. گوتیشی ئەندامانی کۆنگرس وا کار لەسەر دەرکردنی یاسایەک دەکەن کە پەیوەست بێت بە رێکارەکەوە.

ماگڵی یۆکا دەڵێت ئەگەر دیموکاراتەکانی کۆنگرس بڕیاربدەن بۆ دوورخستنەوەی ترامپ و پەنا بۆ 14 هەمین گۆڕنکاری دەستوری ببەن ، دەتوانن دوو شت بکەن .

یەکەم: یاسایەک تێپەڕێنن کە میکانیزمێکی جێبەجێکردن بۆ بەندی سێ دارێژێت . رەنگە ئەمە هاوشێوەی یەکەم بڕیاری ناسراو بە Ku Klux Klan Act ی ساڵی 1870 بێت ئەوەی پرۆسەیەکی خولقاند بۆ لابردنی بەرپرسانی کۆنفیدرالیەکانی پێشوو لە پۆستە گشتیەکانیان .

دووەم ؛ تێپەڕاندنی پرۆژە یاسەیەک ئەوەی مەرج نییە جێبەجێبکرێت و بڵێت کە سەرۆک ترامپ بۆی نییە دووبارە پۆست بگرێتەوە دەست و هەروەها داوا لە دادگاکان بکات هەڵسەنگاندن و بڕیارەکانی ئەوان پەسەند بکەن .

ماگڵی یۆکا گوتی ؛ سەرۆکی پێشوو هەموو مافێکی هەیە لە دادگا بەرهەڵستی هەموو ئەو ئەنجامانە ببێتەوە کە لە بارەیەوە دەردەچن ،سەبارەت بەوەی کە ئەو نەگونجاوە هەروەها دەشتوانێت هەموو رێگەکانی یاسایی هەتا دەگاتە دادگای باڵا بگرێتە بەر .

XS
SM
MD
LG