Accessibility links

ئێل پایس: ئیسپانیا شەش تانکی لیۆپاردی 2 دەدات بە ئۆکرانیا


ڕۆژنامەی ئێل پایس لە زاری چەند سەرچاوەیەکی حکومی نەناسراوەوە بڵاویکردەوە ئیسپانیا پلانی هەیە چوار بۆ شەش تانکی لیۆپاردی 2 ئەی 4 ی دروستکراوی ئەڵمانی بدات بە ئۆکرانیا.

سەرچاوەکان بە ڕۆژنامەکەیان وت ژمارەی ڕاستەقینەی تانکەکان بەند دەبێت بە دۆخی تانکەکانەوە لە کۆگاکاندا و ئەوەشی کە وڵاتانی دیکە چۆن لە کۆتاییدا ئەو جۆرە تانکانە دەدەن بە ئۆکرانیا.

وەزارەتی بەرگری ئیسپانیا تاوەکو ئێستا لێدوانی لەسەر ئەو بابەتە نەداوە.

کیێڤ ماوەیەکی زۆر داوای تانکی شەڕکەری دەکرد لە ڕۆژئاوا، لەم مانگەدا کۆمەڵێک لە وڵاتانی ڕۆژئاوا بەڵێنیاندا تانکی شەڕکەر بدەن بە ئۆکرانیا، ئەوەش لە پێناو یارمەتیدانی ئۆکرانیادا لە جەنگیدا دژی داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی حکومەتەکەی پێشبینی دەکات 120 بۆ 140 تانکی ڕۆژئاوایی لە 12 وڵات وەربگرێت.

کوڵێبا وتی ئەو تانکانە تانکی لیۆپاردی 2 ی ئەڵمانی و تانکی چاڵێنجەری 2 ی بەریتانی و تانکی ئێم ئابرامزی ئەمەریکی دەگرنەوە. وتیشی ئۆکرانیا پشتی بەستووە بە فەڕەنسا تاوەکو تانکی لوکلێرکی بداتێ.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG