ئەمەریکا ڕایگەیاند 31 تانکی جەنگی پێشکەوتوو دەدات بە ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی دواجار ئەڵمانیا ڕایگەیاند تانکە جەنگییەکان دەدات بە ئۆکرانیا.
بڕیارەکەی ئەمەریکا بۆ پێدانی تانکی ئێم 1 ئابرامز یارمەتیدەر بوو لە شکاندنی ئەو چەق بەستووییە دیبلۆماتییەی ئەڵمانیا تیایدا بوو سەبارەت بەوەی چۆن بتوانێت بە باشترین شێوە یارمەتی ئۆکرانیا بدات لە جەنگەکەیدا لەگەڵ ڕووسیا.
واشنتن وریا بووە سەبارەت بە بیرۆکەی ڕەوانەکردنی تانکی ئابرامز بۆ ئۆکرانیا کە پاراستن و بەکارهێنانیان کارێکی سەختە، بەڵام دەبووایە بڕیارەکەی بگۆڕییایە تاوەکو ئەڵمانیا ڕازی بکات تانکی لیۆپاردی 2 بدات بە ئۆکرانیا کە بەکارهێنانیان ئاسانترە لە ئابرامز.
کۆشکی سپی وتی سەرۆک بایدن ڕۆژی چوارشەممە سەبارەت بە هەماهەنگییەکان بۆ پشتیوانیکردن لە کیێڤ لەگەڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا جیۆرجیۆ میڵۆنی و سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناکدا قسەی کردوو.
ئەڵمانیا کە پێشتر دوودڵ بوو لەسەر پێدانی تانکە شەڕکەرەکانی بە ئۆکرانیا، ئەوەش بە هۆکاری ئەوەی نیگەران بووە لەوەی ئەگەر ئەو کارە بکات ئەوا پەرە بە جەنگەکە دەدات، وتی سەرەتا 14 تانکی لیۆپاردی 2 دەدات بە ئۆکرانیا و لە هەمان کاتیشدا گواستنەوەی ئەو جۆرە تانکە لە وڵاتانی ئەوروپاوە بۆ ئۆکرانیا پەسەند دەکات.
ئامانجەکە ئەوەیە دوو فەوجی لیۆپارد بدرێت بە ئۆکرانیا، هەریەکەیان لە سێ بۆ چوار یەکە پێکدێن، یەکەم یەکەیان لە ماوەی سێ بۆ چوار مانگدا دەگەنە ئۆکرانیا.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە پەرلەمانی وڵاتەکەدا وتی " ئەڵمانیا هەمیشە لە پێشەنگدا دەبێت لە یارمەتیدانی ئۆکرانیادا."
دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت ئەڵمانیا نەک تەنها لیۆپاردەکان بەڵکو یارمەتی زیاتری سەربازی ئۆکرانیا دەدات، لەوانەش سیستمی بەرگری ئاسمانی و سیستمی تۆپهاوێژ و هاوێژەری موشەکی جیاواز.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی لە ڕێی پەیوەندییەکی تەلەفونییەوە سوپاسی شۆڵزی کرد و وتی " زۆر سوپاسگوزاری ڕاوێژکار و هەموو هاوڕێکانمانین لە ئەڵمانیا."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز