Accessibility links

نەک تەنها لە بەنگلادێش، لە سەرانسەری جیهاندا خوێندکاران هەمیشە ڕاپەڕینییان کردووە بۆ گۆڕانکاریی ڕیشەیی


لە بەنگلادێش، چەند هەفتەیەک لە خۆپیشاندان دژی سیستمی کارەکانی حکومەت گۆڕا بۆ ڕاپەڕینێکی بەرفراوان کە سەرۆک وەزیری وڵاتەکەی ناچار کرد هەڵبێت و دەست لە کاربکێشێتەوە.

خۆپیشاندانەکان مانگی پێشوو ئاشتیانە دەستییان پێکرد و بە شێوەیەکی سەرەکی خوێندکاران ڕابەرایەتییان دەکرد، خوێندکارەکان نائومێد بوون بەو سیستمە کە پێیان وایە تەنها لە بەرژەوەندی ئەو کەسانەدا بووە کە پەیوەندییان هەبووە بە پارتی فەرمانڕەواوە.

بەڵام لە 15 ی مانگی حەوتدا خۆپیشاندانەکان توندوتیژییان لێکەوتەوە، ئەوەش بەهۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئاسایش و چالاکەوانانی لایەنگری حکومەتەوە. سەرۆک وەزیری پێشووی بەنگلادێش لەم هەفتەیەدا هەڵات، ئەوەش دوای پشێوییەکان کە بووە هۆی گیان لە دەستدانی نزیکەی 300 کەس، بە خوێندکاران و ئەفسەرانی پۆلیسیشەوە.

خوێندکاران یاخود گەنجەکان بەردەوام ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە ڕاپەڕینە دیارەکانی وڵاتاندا کە بوونەتە هۆی ڕووخانی حکومەتەکان یاخود ناچارکردنییان بۆ گۆڕینی سیاسەتەکانییان. ئەمانەی خوارەوە هەندێک لەو حاڵەتە دیارانەن:

خۆپیشاندانەکانی گۆتا گۆ گاما لە سریلانکا

هاوشێوەی بەنگلادێش، لە ساڵی 2022 دا خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە سریلانکا بووە هۆی ڕووخانی حکومەتێک، گەنجانیش ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبوو تێیدا.

لە مانگی سێی ساڵی 2022 دا خۆپیشاندانەکان دژی خراپتربوونی قەیرانی ئابووری لە وڵاتەکەدا دەستییان پێکرد، قەیرانە ئابوورییەکە بووە هۆی کەمبوونەوەی سوتەمەنی و گاز و پێداویستییەکانی دیکە و نەمانی کارەبا.

لە مانگی چواردا، خۆپیشاندانەکان کە بە شێوەیەکی سەرەکی لەلایەن خوێندکارانی زانکۆ و گەنجەکانی دیکەوە ڕابەرایەتی دەکران شوێنێکی تەنیشت ئۆفیسی سەرۆک گۆتابایا ڕاجاپاکسایان داگیرکرد لە کۆڵۆمبۆی پایتەخت، داوایان کرد سەرۆک و حکومەتەکەی دەست لە کاربکێشنەوە.

ڕۆژانە خەڵکانێکی زیاتر بەشدارییان دەکرد، خێمەیەکییان هەڵدا و ناوییان لێنا " گۆتا گۆ گاما ".

شوێنی خۆپیشاندانەکە ئاشتیانە بوو، ڕێکخەران خۆراک و ئاو و تەنانەت چارەسەری تەندروستیشیان بۆ خەڵکەکە دابین دەکرد. ڕابەرانی کامپەکە کە زۆربەیان خوێندکارانی زانکۆ بوون، ڕۆژانە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسەکاندا کۆدەبوونەوە و وتارییان دەدا.

حکومەت بە سەپاندنی قەدەغەکردنی هاتووچۆ وەڵامی دانەوە، باری نائاسایی ڕاگەیاند، ڕێگەیدا سوپا هاووڵاتیانی سڤیل دەستگیر بکات و دەستڕاگەیشتنی بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە کرد، بەڵام نەیانتوانی خۆپیشاندانەکە ڕابگرن.

لە ژێر فشاردا، زۆرێک لە وەزیرەکان دەستییان لە کارکێشایەوە، بەڵام سەرۆک ڕاجاپاکسا و برا گەورەکەی، سەرۆک وەزیر ماهیندا ڕاجاپاکسا، مانەوە.

لە مانگی پێنجدا لایەنگرانی ڕاجاپاکسا هێرشییان کردە سەر کامپی خۆپیشاندەران، ئەوەش لە سەرانسەری وڵاتەکەدا سەرکۆنەکرا و سەرۆک وەزیر ڕاجاپاکسای ناچار کرد دەست لە کاربکێشێتەوە.

گوتابایا ڕاجاپاکسا لەسەر دەسەڵات مایەوە هەتاوەکو مانگی حەوت، کاتێک خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر شوێنی مانەوەکەی، ناچارییان کرد لە وڵاتەکە هەڵبێت. دوای ئەوەی هەڵات بۆ ماڵدیڤز، ڕاجاپاکسا دواتر دەستی لە کارکێشایەوە.

ڕاپەڕینی پۆلەتەکنیکی ئەسینا لە یۆنان

لە مانگی یانزەی ساڵی 1973 دا، خوێندکارانی زانکۆی پۆلەتەکنیکی ئەسینا دژی ئەنجومەنی سەربازیی وەستانەوە کە ماوەی زیاتر لە شەش ساڵ بوو بە توندی و هێزەوە فەرمانڕەوایی یۆنانی دەکرد.

ئەفسەرانی سەربازیی لە کودەتاکەی ساڵی 1967 دا دەسەڵاتییان گرتەدەست، دیکتاتۆرییەتێکییان دامەزراند کە بە دەستگیرکردن و دەربەدەرکردن و ئەشکەنجەدانی ڕکابەرە سیاسییەکان ناوبانگی پەیدا کرد.

دڕەندەیی ڕژێمەکە و فەرمانڕەواییە توندڕەوەکەی وایکرد ئۆپۆزسیۆن زیاد ببێت، بە تایبەتی لە نێو خوێندکاراندا.

لە 14 ی مانگی یانزەدا خۆپیشاندانەکان ئاشتییانە دەستییان پێکرد، خوێندکاران لە زانکۆی پۆلەتەکنیکی ئەسینا مانگرتنییان ڕادەگەیاند و زانکۆکەیان داگیر دەکرد. ڕۆژی دواتر، هەزاران کەس لە دەوروبەری ئەسینا بەشدارییان کرد و پشتیوانی خۆیان لە خوێندکاران کرد و خۆپیشاندانەکان گەورە بوون، هەروەها داواکانیش بۆ کۆتایی هێنان بە دیکتاتۆری زیادییان کرد.

لە 17 ی مانگی یانزەدا، سوپا دەستیکرد بە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کاتێک تانکێک بەسەر دەرگای زانکۆکەدا ڕۆیشت و چەندین خوێندکاری کوشت. ژمارەی کوژراوەکان هێشتا ناکۆکی لەسەرە، بەڵام لەو کاتەدا ڕژێمەکە وتی 15 کوژراون.

چەند ڕۆژێک دوای ڕاپەڕینەکە، ئەفسەرێکی دیکەی سەربازیی کودەتایەکی ڕێکخست و ڕژێمێکی توندتری سەپاند، بەڵام ماوەی دەسەڵاتەکەی کورت بوو، ئەوەش دوای چەند ڕووداوێک کە بووە هۆی گەڕانەوەی دیموکراسی بۆ یۆنان، لە ساڵی 1974 دا.

ئەمڕۆ، ساڵانە ڕێپێوان دەکرێت بۆ یادکردنەوەی ڕاپەڕینی خوێندکارانی لایەنگری دیموکراسی و هێشتا هەزاران کەس بەشدار دەبن تێیدا.

خۆپیشاندانەکانی ویلایەتی کەنت لە ئەمەریکا

خوێندکارانی ئەمەریکایی لە مێژبوو خۆپیشاندانییان دەکرد دژی بەشداریکردنی ئەمەریکا لە ڤیێتنام کاتێک سەرۆک ڕیچارد نیکسن مۆڵەتیدا بە هێرشکردنە سەر کەمبۆدیای بێلایەن لە مانگی چواری ساڵی 1970 دا، بەوەش ململانێکەی فراوانتر کرد لە هەوڵێکدا بۆ تێکدانی ئەو هێڵانەی کە پێداویستییەکانی پێدا دەڕۆی بۆ دوژمن.

لە 4 ی مانگی پێنجدا سەدان خوێندکار لە زانکۆی ئۆهایۆی ویلایەتی کەنت کۆبوونەوە بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی بۆردومانکردنی کەمبۆدیا، بەرپرسانیش پاسەوانی نیشتیمانی ئۆهایۆیان بانگکرد بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکان.

دوای ئەوەی نەیانتوانی بە گازی فرمێسک ڕژێن بڵاوە بە خۆپیشاندەران بکەن، پاسەوانی نیشتیمانی پێشڕەوییان کرد و هەندێکییان تەقەیان لە خەڵکەکە کرد، چوار خوێندکارییان کوشت و نۆ کەسی دیکەیان بریندار کرد.

ڕووبەڕووبوونەوەکە کە هەندێک جار بە کۆمەڵکوژی 4 ی مانگی پێنج ناودەبرێت، ساتێکی یەکلاکەرەوە بوو بۆ گەلێک کە بە شێوەیەکی بەرچاو دابەش بوون لەسەر چۆنێتی بەڕێوەچوونی ململانێکە، لەو کاتەدا زیاتر لە 58,000 ئەمەریکایی مردن.

ئەوەش بووە هۆی ئەوەی 4 ملیۆن خوێندکار لە سەرانسەری ئەمەریکادا بۆ ماوەیەکی کاتی نزیکەی 900 کۆلێژ و زانکۆ دابخەن. مێژووناسان دەڵێن ڕووداوەکان ڕۆڵێکی سەرەکییان هەبووە لە گۆڕینی ڕای گشتیدا دژی ململانێکە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا.

ڕاپەڕینی سۆوێتۆ لە ئەفریکای باشوور

لە خەباتی دە ساڵەدا دژی دەسەڵاتی کەمینە سپی پێستەکان لە ئەفریکای باشووردا، لە ساڵی 1976 دا ساتێکی گرنگ دەرکەوت لە ناوچەی سۆوێتۆی جۆهانسبێرگ.

لە چەندین خۆپیشانداندا کە لە 16 ی مانگی شەشدا دەستییان پێکرد، خوێندکارە ڕەشپێستەکانی چەندین قوتابخانە ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزاییان دەربڕی دژی ئەوەی ناچار کرابوون لە ئەفریکانس بخوێنن، کە قوتابخانەیەک بوو بە زمانی هۆڵەندی و فەرمانڕەوا سپی پێستەکان خاوەنی بوون، فەرمانڕەوا سپی پێستەکان سیستمی سەرکوتکاری ڕەگەزییان دروست کرد کە بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ناسراوە.

خۆپیشاندانەکان پەرەیان سەند بۆ ناوچەکانی دیکەی ئەفریکای باشوور، توڕەبوونێک دروست بوو لە سیستمەکە کە خوێندێکی گونجاوی ڕەت دەکردەوە، مافی دەنگدان و مافە سەرەتاییەکانی دیکەی زۆرینە ڕەشپێستەکانی ڕەت دەکردەوە.

دوای ئەوەی حکومەت دەستیکرد بە سەرکوتکاری و سەدان کەس کوژران.

لە ساڵی 1994 دا ئەفریکای باشوور دیموکراسی بەدەستهێنا، ئەمڕۆش 16 ی مانگی شەش پشووی نیشتیمانییە.

شۆڕشی ڤێڵڤێت لە چیکۆسلۆڤاکیا

لە کاتێکدا کە لە ساڵی 1989 دا حکومەتە کۆمیونیستەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا لە لەرزیندا بوون، خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری لە چیکۆسلۆڤاکیا دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی پۆلیس لە 17 ی مانگی یانزەدا خوێندکارێکی خۆپیشاندەری سەرکوت کرد لە پڕاگ.

لە 20 ی مانگی یانزەدا کاتێک خۆپیشاندانەکانی دژ بە کۆمیونیست پەرەیان سەند، ژمارەیەکی زۆر پەیوەندییان کرد بە خوێندکارانەوە و نزیکەی 500,000 کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی پڕاگ.

خۆپیشاندانەکان بە " شۆڕشی ڤێڵڤێت " ناسراون، بەو واتایەی کە سروشتی خۆپیشاندانەکان توندوتیژ نەبووە، خۆپیشاندانەکان بوونە هۆی دەست لە کارکێشانەوەی سەرکردایەتییەکەی پارتی کۆمیونیست لە 28 ی مانگی یانزەدا.

تاوەکو 10 ی مانگی دوانزە، چیکۆسلۆڤاکیا حکومەتێکی نوێی هەبوو و لە 29 ی مانگی دوانزەشدا ڤاکلاڤ هاڤێلی دەربەدەری نوسەری شانۆ کە چەندین ساڵ لە زینداندا بوو، وەکو یەکەمین سەرۆکی دیموکراتی وڵاتەکە لەلایەن پەرلەمانەوە دەستنیشانکرا.

لە ساڵی 1992 دا چیکۆسلۆڤاکیا بە شێوەیەکی ئاشتیانە دابەش بوو بۆ دوو وڵات: کۆماری چیک و سلۆڤاکیا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG