سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا ڕیشی سوناک دەڵێت هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکە کارمەندانی نێردە دیپلۆماتییەکەی وڵاتەکەیان و خێزانەکانیانی لە سودان گواستووەتەوە. بەڵام ئەو بەڕیتانییانەی کە لە سودان دەژین نەگواستراونەتەوە.
سوناک وتی " ستایشی پابەندبوونی دیپلۆماتکارانمان و ئازایەتی سەربازەکانمان دەکەم کە ئەم ئۆپەراسیۆنە قورسەیان جێبەجێ کرد."
وتیشی " بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەموو هەوڵێک بۆ کۆتایی هێنان بەم خوێنڕشتنە لە سودان و دڵنیابوونەوە لە پارێزراویی ئەو هاوڵاتییە بەڕیتانییانەی کە لەو وڵاتەدا ماونەتەوە."
وەزیری بەرگری بەڕیتانیا بێن وڵاس وتی هێزەکانی بەڕیتانیا شان بە شانی ئەمەریکا و فەڕەنسا و چەند وڵاتێکی دیکەی هاوپەیمانان ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجام داوە.
هەڵگیرسانی شەڕەکەی ناو سودان هەشت ڕۆژ لەمەوبەر لە نێوان سوپا و هێزە نیمچە سەربازییەکانی سوداندا بووەتە هۆی کوژرانی سەدان هاووڵاتی مەدەنی و هەزاران کەسی دیکەش لە ماڵەکانی خۆیاندا گیرییان خواردووە.
واڵاس وتی زیاتر لە 1200 سەرباز بەشدار بوون لە ڕێکخستن و جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەکەدا.
وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا جەیمس کلێڤەرلی وتی ئەرکی سەرەکیمان پاراستنی هاووڵاتیە بەڕیتانییەکانە. هەروەها داوای لە بەڕیتانییەکانی ناو سودان کرد لە ژوورەوە بمێننەوە و بە وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیا بڵێن کە لە کوێ دەمێننەوە.
هاووڵاتییەکی بەڕیتانی بە ناوی ویلیام بە سکای نیوزی وت هیچ شتێکی لە وەزارەتی دەرەوەی بەڕیتانیاوە نەبیستووە و دەیەوێت بزانێت کە ئایا فڕۆکەکە ئامادەیە بۆ ئەوەی بیانگوازێتەوە یان نا.
وتیشی هاووڵاتیانی بەڕیتانی ناتوانن بە ئوتومبێل سەدان کیلۆمەتر ببڕن بۆ ئەوەی بگەن بە سنووری سودان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز