سەرۆکی هەیئەت تەحریر ئەلشام لە سوریا داوای لە خەڵکی وڵاتەکە کرد ڕۆژی هەینی " ئاهەنگی سەرکەوتنی شۆڕش " بگێڕن، لە کاتێکدا کە وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت هەوڵییاندا هەڵوێستێکی هاوبەش لەسەر حکومەتە نوێیەکەی سوریا بدۆزنەوە.
زیاتر لە نیو دەیە لە فەرمانڕەواییەکی دڕندانەی بنەماڵەکەی ئەسەد لە ناکاو کۆتایی هات، ئەوەش دوای ئەوەی یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی ئەبو محەمەد جۆلانی سەرکردەی هەیئەت تەحریر ئەلشام ئیسلامی کۆنتڕۆڵی وڵاتەکەی کردەوە و دیمەشقی گرت.
بەشار ئەسەدی دوورخراوە لە سوریا هەڵات، ئەوەش دوای نزیکەی 14 ساڵ لە شەڕی ناوخۆی سوریا کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە 500,000 کەس و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەسی دیکە
جۆلانی وتی " حەز دەکەم پیرۆزبایی لە گەلی مەزنی سوریا بکەم لەسەر سەرکەوتنی شۆڕشە پیرۆزەکە و داوایان لێدەکەم بچنە سەر شەقامەکان و خۆشحاڵی خۆیان دەرببڕن."
دوورخستنەوەی ئەسەد بووە هۆی ئەوەی سوریاییەکان بەرەو زیندان و نەخۆشخانەکان بڕۆن و بە دوای خۆشەویستانییاندا بگەڕێن.
تەحریر شام لقێکی سەر بە ئەلقاعیدە بووە و لەلایەن زۆرێک لە وڵاتانی ڕۆژئاواوە وەکو گروپێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. ئێستا ڕووبەڕووی ئەوە بووەتەوە چۆن سەرکردایەتییە کاتیەکەی سوریا بەڕێوەببات.
گروپەکە لێدوانە توندەکانی کەم کردووەتەوە و حکومەتە کاتییەکەش سوور بووە لەسەر ئەوەی مافی سەرجەم سوریاییەکان پارێزراو بێت.
وتەبێژی حکومەتە کاتییە نوێیەکە، عوبەیدە ئەرنۆت وتی دەستوور و پەرلەمانی وڵاتەکە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا کە داندراوە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات هەڵدەوەشێندرێنەوە.
هاوکات سەرکردەکانی وڵاتانی گروپی حەوت ڕۆژی هەینی لە ڕێی پەیوەندییەکی ڤیدیۆییەوە کۆدەبنەوە و وتییان ئامادەن بۆ پشتیوانیکردن لە گواستنەوەی دەسەڵات بۆ " حکومەتێکی گشتگیر و نا خێڵاوی " لە سوریادا.
داوای پاراستنی مافەکانی مرۆڤییان کرد، بە ژن و کەمینەکانیشەوە، هاوکات جەختییان لەسەر " گرنگی لێپێچینەوە کرد لە ڕژێمەکەی ئەسەد لەسەر تاوانەکانی."
سەرچاوە/ فرانس پرێس