مەزڵوم عەبدی سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ڕۆژی یەکشەممە وتی سەرۆکی کاتی سوریا دەبێت لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکانی ناوچەکانی کەناری سوریا بکات، هەروەها تورکیای تۆمەتبار کرد بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لەو گروپە چەکدارییانەی کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە پشت کوشتنەکانەوە بوون.
مەزڵوم عەبدی لە لێدوانێکی نوسراودا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئەحمەد ئەلشەرعی سەرۆکی کاتی سوریا دەبێت کاربکات بۆ ڕاگرتنی " کۆمەڵکوژییەکە،"و گوتیشی " ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن تورکیا و توندڕەوە ئیسلامییەکانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت " بەرپرسی سەرەکی بوون لەو کوشتنانە.
سەرچاوەکانی ئاسایشی سوریا وتییان لە شەڕ و پێکدادانەکاندا لەگەڵ سەربازانی پێشووی سوپای سوریادا کە لایەنگری بەشار ئەسەدن لانیکەم 200 ئەندامییان کوژراون.
هێرشەکان بوونە هۆی ئەوەی هەزاران چەکداری لایەنگری حکومەتە نوێیەکەی سوریا ڕەوانەی ناوچەکانی کەناری سوریا بکرێن بۆ پشتیوانیکردن لە هێزەکانی ئاسایشی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکە.
ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی شەممە وتی زیاتر لە 1000 کەس لە شەڕەکەدا کوژراون.
مەزڵوم عەبدی داوای لە شەرع کرد " پێداچوونەوە بکاتەوە بە شێوازی پێکهێنانی سوپای نوێی سوریا و ڕەفتاری گروپە چەکدارییەکاندا." وتی هەندێک لەو گروپانە سوودییان لە ڕۆڵی خۆیان لە سوپادا بینیوە بۆ " دروستکردنی ململانێی خێڵایەتی."
لە دوای ڕووخاندی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لەلایەن گروپە چەکدارییە یاخیبووەکانەوە بە سەرکردایەتی گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام، ئەحمەد ئەلشەرعی سەرکردەی ئەو گروپە وەکو سەرۆکی کاتی سوریا دەستنیشانکرا. سوپای پێشووی سوریا هەڵوەشێندرایەوە و گروپە چەکدارییە یاخیبووەکانیش ڕازی بوون بە هەڵوەشاندنەوەی گروپەکانییان و چوونە سەر هێزێکی نیشتیمانی چەکداریی سوریا.
عەبدی وتی لە گفتوگۆدایە لەگەڵ شەرعدا لەسەر یەکخستنی هێزەکەی لەگەڵ سوپای سوریادا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
مەزڵوم عەبدی: سەرۆکی کاتی سوریا دەبێت لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی توندوتیژییەکانی ناوچەکانی کەناری سوریا بکات
