Accessibility links

تۆڕی گەورەی زیندانە نهێنییەکانی سوریا هەوڵەکانی بۆ دۆزینەوەی ئۆستن تایس چڕتر دەکاتەوە


نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان دەڵێت تۆڕی زیندانە نهێنییەکانی سوریا کە لەلایەن حکومەتەکەی پێشووی سوریاوە بەڕێوەبراوە زۆر بەرفراوانترە وەک لەوەی ئەمەریکا بیری لێکردبووەوە، هەروەها هەوڵەکانیشی چڕ کردووەتەوە بۆ دۆزینەوەی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی ئۆستن تایس.

ڕۆجەر کارستنسی نوێنەری ئەمەریکا بۆ کاروباری بارمتەکان دوای گەشتەکەی بۆ دیمەشقی پایتەختی سوریا بە ڕۆژنامەنووسانی وت سەرەتا حکومەتی ئەمەریکا پێی وابوو سوریا نزیکەی 10 بۆ 20 زیندانی نهێنی هەیە، بەڵام ڕەنگە 40 یاخود زیاتری هەبێت.

وتی " سەرم سوڕما لە ژمارەی ئەو زیندانە نهێنییانەی کە ئەسەد دروستیکردوون. هەندێک جار لە چەند کۆمەڵەیەکی بچووک پێکدێن، هەندێک جاریش زۆر دوورن لە دیمەشقەوە."

وتیشی قەبارەی تۆڕی زیندانەکان دۆزینەوەی ئۆستن تایسی قورستر کردووە.

تایس کە پێشتر سەربازێکی ئەمەریکایی بووە و دواتر بووە بە ڕۆژنامەنووس، لە ساڵی 2012 ەوە لە سوریا گیراوە، کاتێک لە خاڵێکی پشکنین لە دیمەشق دەستبەسەرکرا، لەو کاتەوە هیچ هەواڵێکی نەبووە.

کارستنس وتی لە ماوەی 12 ساڵی ڕابردوودا، حکومەتی ئەمەریکا نزیکەی شەش زیندانی دیاریکردبوو کە پێی وابوو ڕەنگە تایسییان تێدا بێت. بەڵام زانیارییە نوێیەکە مانای ئەوەیە کە ئێستا زیندانی زۆر زیاتر خراونەتە ئەو لیستەوە.

وتیشی کەمی و سنوورداریی سەرچاوەکان وایکردووە پشکنینی ئەو هەموو زیندانە کارێکی قورس بێت. لە نەبوونی کارمەندی حکومەتی ئەمەریکادا لە سوریادا، ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ڕۆژنامەنووسان و حکومەتە کاتییەکەی سوریا گەڕاون بە دوای تایسدا.

وتی " لە باشترین حاڵەتدا، ئۆستن دەدۆزینەوە و دەیهێنینەوە بۆ ماڵەوە، ئەو کاتە گەڕانەکە ڕادەگرین. ناوەستین هەتاوەکو ئەو زانیارییەمان دەست دەکەوێت کە پێویستمانە بۆ ئەوەی بۆمان دەربکەوێت چی بەسەر ئۆستندا هاتووە، لە کوێیە، بۆ ئەوەی بیهێنینەوە بۆ لای خێزانەکەی."

یەکێک لەو ڕێکخراوە قازانج نەویستانەی کە لە سوریادا بە شوێن ئۆستندا دەگەڕێت ڕێکخراوی یارمەتیدانی بارمتەکانی سەرانسەری جیهانە. سەرۆکی ڕێکخراوەکە نیزار زاکا بە دەنگی ئەمەریکای وت کە یەکێک لە بەربەستەکان ئەوەیە کە خەڵکی تەواومان نیە یارمەتی بدەن لە گەڕانەکەدا.

وتی " ئەوە بێمانەیە، من تیمێکم دەوێت."

دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لەم مانگەدا، هەزاران زیندانی لە زیندانەکانی حکومەتەکەی پێشوودا ئازاد کران. ئەوەش وایکردووە خێزانەکەی تایس ئومێدێکی زیاترییان هەبێت بەوەی کە تایس دەگەڕێتەوە بۆ لایان.

دێبرای دایکی تایس وتی " هەست دەکەم لە ڕیزێکدا وەستاوین، هەر ئێمەش نین کە لەو ڕیزەدا وەستاوین. ئێمە دەمانەوێت هەموو ئەو زیندانانە بکرێنەوە، هەموو ئەو خێزانانە بە یەکتر شاد ببنەوە، بە ئێمەشەوە."

دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد، خێزانەکەی تایس ئەوەیان ئاشکرا کرد کە زانیارییان لە سەرچاوەیەکەوە وەرگرتووە کە لەلایەن حکومەتی ئەمەریکاوە پشکنراوە و ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە ئۆستن لە ژیاندا ماوە و لە ناوچەی دیمەشقدا گیراوە.

هەفتەی ڕابردوو دێبرا تایس نامەیەکی بۆ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو نارد و داوای لێکرد ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر ئەو بەشانەی سوریا ڕابگرێت کە ڕەنگە تایسی لێگیرابێت. دێبرا تایس بە نەتانیاهوی وت کە خێزانەکەی " زانیاری باوەڕپێکراوی " هەیە لەسەر ئەوەی کە ڕەنگە کوڕەکەیان لە زیندانێکدا بێت لە چیاکانی دەرەوەی دیمەشق لە ژێر مۆزەخانەی سەربازیدا.

کارستنس وتی " ئەو زانیارییەی کە ئێستا هەمانە هیچ شتێک پشتڕاست ناکاتەوە."

پێشتر لەم مانگەدا سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی باوەڕی وایە تایس هێشتا لە ژیاندا مابێت و وتی ئەمەریکا پابەندە بە دۆزینەوەی تایس و ڕزگارکردنییەوە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG