Accessibility links

دوای پلانەکانی ئەردۆغان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەسەددا، سوریاییەکانی ناو تورکیا لە داهاتووی خۆیان دەترسن


پلانە لە ناکاوەکەی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ بانگهێشتکردنی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد بۆ گفتوگۆکردن، ترسی لە نێو سوریاییەکانی تورکیادا دروست کردووە لەسەر گەڕاندنەوەیان، ئەمەش هەفتەیەک دوای توندوتیژییەکانی دژ بە پەنابەرانی سوریایی لە تورکیا.

تورکیا لە ساڵی 2011 دا پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریادا پچڕی، ئەوەش دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا. تورکیا پشتیوانی لە گروپە چەکدارییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناو سوریای کردووە دژی ئەسەد. بەڵام لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ئەردۆغان جەختی لە پێویستییەکان کردووەتەوە بۆ ئاشتبوونەوە لەگەڵ سوریای دراوسێیدا.

ڕۆژی یەکشەممە ئەردۆغان وتی " هەر کاتێک بێت " بانگهێشتی ئەسەد دەکات بۆ کارکردن لەسەر ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا وەکو ڕابردوو.

سەمیر ئەلعەبدوڵا لە ناوەندی قازانج نەویستی هارموون بۆ توێژینەوە سەردەمییەکان لە ئیستەنبوڵ وتی " ترس هەیە لەوەی ئەردۆغان لەگەڵ ئەسەددا ڕێکبکەوێت و سوریاییەکان ڕەوانەی ئەو ناوچانەی سوریا بکاتەوە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی دیمەشقدان."

وتیشی " ئەوانەش هەن کە دەترسن لەوەی ڕەگەزنامە تورکیاییەکانییان لێبسەندرێتەوە." زیاتر لە سێ ملیۆن پەنابەری سوریایی لە تورکیان و هەندێکییان ڕەگەزنامەی تورکیاشیان وەرگرتووە.

تورکیا زۆرترین پەنابەری تێدایە لە جیهاندا. ژمارەی پەنابەرانی سوریایی لە تورکیا تورکەکانی نیگەران کردووە، ئەمەش وایکردووە ئەردۆغان بەڵێنی گفتوگۆکردن بدات و دواجار ڕێز لە گەڕانەوەی خۆبەخشخانەی زۆرێک لە سوریاییەکان بگرێت.

ئەحمەدی تەمەن 19 ساڵ کە خوێندکارێکی سوریاییە لە ئیستەنبوڵ وتی خێزانەکەی بیر لە فرۆشتنی موڵکەکانییان دەکەنەوە لە تورکیا، ئەوەش بەهۆی پشێوییەکانی دژ بە کۆچبەرانەوە لەو وڵاتەدا.

وتی " ئەوان دەترسن سەرەڕای ئەوەی کە ڕەگەزنامەی تورکیاییان هەیە."

لە ناوچەی سوڵتانبەیلی ئیستەنبوڵ کە زۆرێک لە پەنابەرانی سوریایی لێیە، دانیشتوان دەڵێن هێرشبەرەکان پەنجەرەی دووکانێکی دەلاکی سوریایی شکاندووە و دروشمی دژە کۆچبەرانییان وتووەتەوە. دایکێکی سوریایی دەڵێت کوڕە هەشت ساڵەییەکەی ئێستا " دەیەوێت لە ماڵەوە بمێنێتەوە چونکە باوەڕی وایە کە خەڵکەکە لە دەرەوە ئازاری دەدەن."

ئەردۆغان وتوویەتی ئاسایشی گشتی هێڵی سوورە بۆ وڵاتەکە.

سوریا وتوویەتی کە هەر ئاساییکردنەوەیەکی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیادا دەبێت سەرەتا تورکیا سەرجەم هێزەکانی لە باکووری سوریا بکشێنێتەوە، ئەوەش مەرجێکی سوریایە کە ئەنکەرە ڕەتی دەکاتەوە.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی سوریا کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە ڕۆژی هەینی وتی سوریا شوێنێکی پارێزراو نیە بۆ گەڕانەوەی ملیۆنان پەنابەری سوریایی لە تورکیا.

هەفتەی ڕابردوو ئەردۆغان وتی زیاتر لە 670,000 کەس گەڕێندراونەتەوە بۆ جێگیرگەکان لە باکووری سوریا و یەک ملیۆن کەسی دیکە پێشبینی دەکرێت بگەڕێنەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG