Accessibility links

سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ بەهۆی سوکایەتیکردن بە بەرپرسانی تورکیاوە سزا دەدرێت


سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ
سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆ

دادگایەکی تورکیا سزای دوو ساڵ و حەوت مانگ زیندانی بەسەر سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵدا سەپاند، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا.

دادگاکە سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی تاوانبار کرد و قەدەغەکردنێکی سیاسیشی بەسەردا سەپاند کە ڕەنگە ببێتە هۆی دوورخستنەوە لە پۆستەکەیدا. ئیمامئۆغلۆ کە ئەندامی پارتی ئۆپۆزسیۆنی کۆماری گەلی تورکیایە، پێشبینی دەکرێت داوای پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگاکەدا بکات.

ڕەخنەگران دەڵێن دادگاییکردنەکەی ئیمامئۆغلۆ ڕەنگە هەوڵێک بووبێت بۆ دوورخستنەوەی ڕکابەرێکی سەرەکی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان. بڕیارە لە مانگی شەشدا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان لە تورکیا بەڕێوەبچن.

لە مانگی سێی ساڵی 2019 دا ئیمامئۆغلۆ بۆ سەرۆکایەتی شارەوانی ئەستەنبوڵ دەستنیشانکرا. سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنەکاندا شکستێکی مێژوویی بوو بۆ ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدان، کە بۆ چارەکە سەدەیەک کۆنتڕۆڵی ئەستەنبوڵی کردبوو. پارتی داد و گەشەپێدانی ئەردۆغان هەوڵیدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی شارەوانی لە شارەکەدا هەڵبوەشێنێتەوە کە 16 ملیۆن دانیشتووی هەیە، ئەوەش بە تۆمەتی ناڕێکی لە هەڵبژاردنەکاندا.

هەوڵەکەی پارتی داد و گەشەپێدان بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان سەرکەوتوو بوو، بەڵام ئیمامئۆغلۆ دووبارە لە هەڵبژاردنەکاندا سەرکەوت.

ئیمامئۆغلۆ بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە بەرپرسانی گشتی تۆمەتبار کراوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە 4 ی مانگی یانزەدا هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنە یاساییەکانی بە " کارێکی گەمژەیی " ناوبرد.

هاوکات ڕەتی کردەوە سوکایەتی بە ئەنجومەنی هەڵبژاردنەکان کردبێت، جەختی لەوە کردەوە لێدوانەکانی وەڵامێک بوون بۆ وەزیری ناوخۆی تورکیا سولەیمان سۆیلۆ کە ئیمامئۆغلۆی بە " گەمژە " ناوبردبوو، هەروەها ئیمامئۆغلۆی بە تۆمەتی ڕەخنەگرتن لە تورکیا لە میانەی سەردانێکیدا بۆ پەرلەمانی ئەوروپا تۆمەتبار کردبوو.

هەزاران کەس لە بەردەم بینای شارەوانی ئەستەنبوڵدا گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا دژی ئیمامئۆ‌غلۆ.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG