Accessibility links

تورکیا داوا لە سوید دەکات ڕێوشوێن بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان


وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان
وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان

سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان داوای لە سوید کردووە هەنگاوی کرداریی بگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لە سوتاندنی قورئان.

لەم چەند هەفتەیەی ڕابردوودا چەندین خۆپیشاندان لە سوید و دانیمارک ئەنجام دراون و تیایاندا زیان بە قورئان گەیەندراوە یاخود سوتێندراوە، ئەوەش بووەتە هۆی توڕەبوونی موسوڵمانان لە جیهاندا. باڵیۆزخانەی سویدیش لە بەغدادی پایتەختی عێراق سوتێندرا.

سەرچاوەکە وتی فیدان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە هاوتا سویدییەکەی تۆبیاس بیڵسترۆمی وتووە بەردەوام بوونی ئەو " کارە بێ مانایانە " لە ژێر بەرگی ئازادی ڕادەربڕیندا جێی قبوڵکردن نیە.

وتیشی فیدان و بیڵسترۆم باسییان لە داواکەی سویدیش کردووە بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆک وەزیری سوید ئوڵف کریستەرسن وتی لەگەڵ سەرۆک وەزیری دانیمارک مێتێ فرێدریکسندا قسەی کردووە و هەردووکیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی بارودۆخەکە مەترسیدارە.

لەم مانگەدا حکومەتی سوید ڕایگەیاند تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا دەتوانێت بەندی یاسای گشتی بگۆڕێت و دەسەڵاتێک بدات بە پۆلیسی وڵاتەکە تاوەکو بتوانن ڕێگری لەو خۆپیشاندانانە بکەن کە مەترسی لەسەر ئاسایشی سوید دروست دەکەن.

کریستەرسن وتی " لە کۆتاییدا ئەوە بەرگریکردنە لە کۆمەڵگە کراوە و ئازادەکانمان، بەرگریکردنە لە دیموکراسی و مافی دانیشتوانمان بۆ ئازادی و ئاسایش."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG