Accessibility links

تورکیا لێکۆڵینەوەکانی سەبارەت بە ڕووخانی بیناکان فراوانتر دەکات


وەزیرێکی تورکیا دەڵێت وڵاتەکە 148 کەسی دەستگیرکردووە بە گومانی ئەوەی بەرپرس بوون لە ڕووخانی بیناکاندا لە بومەلەرزەکانی ئەم مانگەدا و لێکۆڵینەوەکانیش فراوانتر دەبن.

شەوی ڕابردوو کۆی ژمارەی گیان لە دەستدانەکان بەهۆی بومەلەرزەکانەوە بەرزبۆوە بۆ 44,128 کەس لە تورکیادا. بەوەش کۆی گیان لە دەستدانەکان لە تورکیا و سوریا بەرزبۆوە بۆ زیاتر لە 50,000 کەس.

بەهۆی بومەلەرزە وێرانکەرەکانەوە لە تورکیا، زیاتر لە 160,000 بینا کە 520,000 یەکەی نیشتەجێبوونیان تێدا بووە ڕووخاون یاخود زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە.

وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداگ لە میانەی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری دیاربەکر وتی لە لێکۆڵینەوەکاندا سەبارەت بە ڕووخانی بیناکان، لێکۆڵینەوە لە زیاتر لە 600 کەس کراوە، دیاربەکریش لە نێو ئەو 10 شارەدا بوو کە بومەلەرزەکە لێیدان.

وتی ئەوانەی بە فەڕمی دەستگیرکراون و بە دەستبەسەرکراوی ماونەتەوە بریتین لە 79 بەڵێندەری بینا دروستکردن و 74 کەسی دیکە کە لە ڕووی یاساوە بەرپرسن لە بیناکان و 13 خاوەن موڵک و 18 کەس کە گۆڕانکارییان لە بیناکاندا کردووە.

زۆرێک لە تورکەکان توڕەن لەسەر ئەوەی وەکو خۆیان دەڵێن دروستکردنی بیناکان گەندەڵییان تێدا دەکرێت و کەموکوڕی هەیە لە گەشەپێدانی شارستانیدا.

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە لە بەردەم هەڵبژاردنەکاندایە و بڕیارە مانگی شەش بەڕێوەبچن، بەڵێنیداوە لێپێچینەوە لەو کەسانە بکرێت کە بەرپرس بوون لە ڕووخانی بیناکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG