Accessibility links

ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەسەر ئۆکرانیا ئەنجام دەدات


ڕۆژی سێشەممە ئۆکرانیا ڕۆژێکی ماتەمینی ڕاگەیاند، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بڕیارە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە ئەنجام بدات، ئەمەش دوابەدوای هێرشە موشەکییە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 37 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 170 کەسی دیکە.

هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا چەندین شاری ئۆکرانیایان کردە ئامانج، نەخۆشخانەیەکی منداڵانیش لە کیێڤی پایتەخت لێیدرا، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ وتی هێرشەکان یەکێک بوون لە گەورەترین هێرشەکان لە ماوەی جەنگەکەدا.

درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی " تیرۆریستانی ڕووسیا دەبێت لەسەر ئەمە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. نیگەرانی زیاتر جەنگەکە ڕاناگرێت. پرسە و سەرەخۆشی چەک نین. ئێمە پێویستە موشەکەکانی ڕووسیا بخەینە خوارەوە. فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕووسیا دەبێت لەو شوێنانەی کە جێگیرکراون لە ناوببرێن. دەبێت هەنگاوی بەهێز بگیردرێتەبەر بۆ نەهێشتنی هیچ کەموکورتییەک لە ئاسایشدا."

لە کاتێکدا کە سەرکردەکانی ناتۆ ڕۆژی سێشەممە کۆبوونەوەکەیان لە واشنتن دەستپێدەکەن، زێلێنسکی وتیشی جیهان لە توانایدا هەیە هەرچییەک ئۆکرانیا پێویستی بێت دابینی بکات، ئەو جۆرە بڕیارانەش " بە زووترین کات پێویستن."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیای بە " بە بیرهێنانەوەیەکی ترسناکی دڕندەیی ڕووسیا " ناوبرد و بەڵێنی " پشتیوانییەکی جێگیریی " ئەمەریکایدا بۆ ئۆکرانیا.

بایدن درەنگانێکی ڕۆژی دووشەممە وتی " ئێمە پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانەکانماندا، ڕێوشوێنی نوێ ڕادەگەیەنین بۆ پتەوکردنی بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئۆکرانیا و یارمەتیدان لە پاراستنی شارەکانی و هاووڵاتییانی لە هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا. ئەمەریکا لە پاڵ گەلی ئۆکرانیادا دەوەستێت."

ئۆکرانیا چەندین جار داوای لە هاوپەیمانەکانی کردووە بەرگرییە ئاسمانییەکانی باشتر بکەن دژی هێرشە بەردەوامەکانی ڕووسیا، هەروەها هەوڵی بە دەستهێنانی مۆڵەتی داوە لەو وڵاتانەوە کە چەکی دەدەنێ تاوەکو بتوانێت ئەو چەکانە بەکاربهێنێت لە هێرشکردنە سەر ئامانجە سەربازییەکانی ناو ڕووسیادا.

ڕۆژی دووشەممە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە سیاسەتی ئەمەریکا وەکو خۆی ماوەتەوە و وڵاتان بە تەنها دەتوانن مەرجەکان بۆ خۆیان دابنێن، ئەوەشی کە ئەمەریکا مۆڵەت دەدات چەکەکانی لە هێرشەکانی ئۆکرانیادا بەکاربهێندرێن دژی ئەو ئامانجانەی کە لە ڕووسیاوە هێرش دەکەنە سەر ئۆکرانیا.

وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا جەنەڕاڵ پاتریک ڕایدەر لە وەڵامی پرسیارێکی دەنگی ئەمەریکادا وتی " دەزانین کە ڕووسیا توانای هەیە لە قووڵایی ڕووسیاوە هێرش بکاتە سەر ئۆکرانیا. سەنگی ئێمە لەسەر ئەوەیە توانایەک بدەین بە ئۆکرانیا کە پێویستییەتی بۆ بەرگریکردن لە خۆی و خاکەکەی. لەبەرئەوە هیچ گۆڕانکارییەکی تر نیە ئێستا ئاماژەی پێبدەم."

ستێفان دوجاریکی وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش وتی گۆتیرێش سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕۆژی دووشەممەی ڕووسیا دەکات و دەڵێت هێرشەکان بۆ سەر نەخۆشخانەکەی کیێڤ و ناوەندێکی تەندروستی دیکە لە ناوچەی دنیپرۆڤسکی کیێڤ " بە تایبەتی توشی سەرسوڕمانت دەکەن."

دوجاریک وتی " هێرشکردنە سەر هاووڵاتییانی سڤیل و شوێنە سڤیلەکان بەپێی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی قەدەغەیە، هەر هێرشێکی لەوجۆرەش جێی پەسەند کردن نیە و دەبێت دەستبەجێ کۆتایی بێت."

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی هێرشە ئاسمانییەکان کێڵگەکانی بەرگری ئۆکرانیا و بنکە ئاسمانییە سەربازییەکانی ئۆکرانیایان کردووەتە ئامانج و سەرکەوتوو بوون. ڕەتیشی کردەوە هاووڵاتیانی سڤیلی کردبێتە ئامانج و بەبێ خستنەڕووی هیچ بەڵگەیەکیش وتی ئەو وێنانەی کە لە کیێڤەوە دەردەکەون ئاماژە بەوە دەدەن کە زیانەکە بەهۆی موشەکێکی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیاوە بووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی ڕۆژی سێشەممە 38 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایان بەسەر هەرێمەکانی بێلگۆرۆد و کورسک و ڤۆرۆنیژ و ئاستراخانەوە خستووەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی ڕۆستۆڤی ڕووسیا ڤاسیلی گۆلوبێڤ وتی بەهۆی هێرشێکەوە ئاگرێک لە وێستگەیەکی کارەبا کەوتووەتەوە، لەو هێرشەدا 21 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیایی خراونەتە خوارەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆدی ڕووسیا ڤیاچیسلاڤ گلادکۆڤ ڕۆژی شێشەممە وتی بەهۆی هێرشەکانی ئۆکرانیاوە لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا چوار کەس کوژراون.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG