Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت گەڕانەوەی پەنابەران بە لێشاو ڕەنگە ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێی نوێ لە سوریادا


سەرۆکی دەزگای کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت گەڕانەوەی پەنابەران بە لێشاو بۆ سوریا دوابەدوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕەنگە وڵاتەکە نقووم بکات و تەنانەت ببێتە هۆی دروستبوونی ململانێش.

بەپێی خەمڵاندنەکانی دەزگای کۆچی نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی 1 ملیۆن کەس لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 دا دەگەڕێنەوە بۆ سوریا. هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپاش داواکانی پەنابەرە سوریاییەکانییان بۆ وەرگرتنی مافی پەنابەرێتی ڕاگرتووە.

ئەیمی پۆپی بەڕێوبەری گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە جنێڤ وتی " باوەڕمان وایە گەڕانەوەی ملیۆنان خەڵک ململانێ لە نێو کۆمەڵگەکەدا دروست دەکات کە پێشتریش لاواز بووە."

وتی " ئێمە هانی گەڕانەوەی بە لێشاوی پەنابەران نادەین. کۆمەڵگەکان بە ڕاستی ئامادە نین ئەو خەڵکە وەربگرن کە ئاوارەبوون." داوای یارمەتیشی کرد لە بەخشەرانەوە بۆ جێگیرکردن و ئاوەدانکردنەوەی سوریا.

پۆپ وتی داوا لە حکومەتەکان دەکات " پەلە نەکەن لە هەر پلانێکیان بۆ ڕەوانەکردنەوەی خەڵکەکە."

وتی هەندێک لە کۆمەڵگەکانی ناو سوریا ڕەنگە جارێکی دیکە هەڵبێنەوە چونکە ژیانییان دیار نیە لە ژێر دەسەڵاتی بەرپرسانی نوێدا، کە گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام سەرکردایەتییان دەکات و پێشتر پەیوەندی لەگەڵ ئەلقاعیدەدا هەبووە.

پۆپ وتیشی " گوێبیستی کۆمەڵگەکان بووین، بۆ نموونە، کۆمەڵگەی کریستیانەکان، کە هێشتا جێیان نەهێشتووە، بەڵام زۆر نیگەرانن سەبارەت بە چەند مانگی داهاتوو و دەیانەوێت دڵنیا ببنەوە لەوەی نەبنە ئامانجی هێرشەکان."

یاخیبووانی سوریا لە 8 ی مانگی دوانزەدا کۆنتڕۆڵی دیمەشقییان کردەوە و بەشار ئەسەدییان ناچار کرد لە وڵاتەکە هەڵبێت و کۆتاییان بە دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد هێنا کە دەیان ساڵ بوو فەرمانڕەوایی وڵاتەکەیان دەکرد.

ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا و زۆرێک لە سوریاییەکان پێشوازییان لە ڕووخانی ئەسەد کرد، بەڵام ڕوون نیە کە ئایا گروپی ئیسلامی هەیئەت تەحریر ئەلشام یاسای توندی ئیسلامی بەسەر خەڵکەکەدا دەسەپێنێت یاخود نەرمی پیشان دەدات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG