Accessibility links

ئەمەریکا پێشبینی دەکات ئیسڕائیل پلانی ئاگربەستەکە پەسەند بکات ئەگەر حەماس پەسەندی بکات


ڕۆژنامەنووسان و بەرپرسانی تەندروستی فەلەستینییەکان ڕۆژی دووشەممە وتییان بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیلەوە لە غەززە لانیکەم 11 کەس کوژراون، هاوکات ئەمەریکا پێشنیاری پلانێکی ئاگربەستی کردووە کە لە سەرەتادا شەڕەکە ڕادەگرێت و دواتر ئازادکردنی هەندێک لەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون لە خۆدەگرێت.

ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانی وڵاتەکە هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر زیاتر لە 50 ئامانج لە کەرتی غەززەدا، هاوکات هێزە پیادەکان لە ناوەڕاستی غەززە و شاری ڕەفەحی باشووری غەززە ئۆپەراسیۆنییان ئەنجام داوە.

هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل ڕاشیگەیاند کە پیاوێکی ئیسڕائیلی کە باوەڕوابوو لە هێرشەکەی مانگی 10 ی حەماسدا بە بارمتە گیرابێت، کوژراوە. لاشەی دۆلیڤ یەهود لە کیبوتز نیر ئۆزی ئیسڕائیل دۆزرایەوە و لە ڕێی شیکارییەکانەوە بۆ لاشەکەی ناسراوەتەوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە وتی وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن تاوتوێی پێشنیاری پلانی ئاگربەستەکەی کردووە لەگەڵ بەرپرسانی ئیسڕائیلدا، وتی پلانەکە " بەرژەوەندییە درێژخایەنە ئاسایشییەکانی ئیسڕائیل بەرەوپێشەوە دەبات."

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ماثیۆ میڵەر وتی بلینکن پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت و وەزیری کابینەی ئیسڕائیل بێنی گانتزدا ئەنجام داوە، وتیشی پێشنیاری ئاگربەستەکە " ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و زیادکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە سەرانسەری غەززەدا لە خۆدەگرێت."

میڵەر سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفونییەکەی بلینکن لەگەڵ گانتزدا وتی " وەزیر دەستخۆشی لە ئیسڕائیل کردووە لەسەر پێشنیارەکە و جەختی لەوە کردووەتەوە کە حەماس دەبێت بەبێ هیچ دواکەوتنێک بە ڕێککەوتنەکە ڕازی بێت. جەختیشی لەوە کردەوە لەگەڵ گەڕاندنەوەی بارمتەکان بۆ لای خۆشەویستانییان، پێشنیارەکە بەرژەوەندییە ئاسایشییە درێژخایەنەکانی ئیسڕائیلیش بەرەوپێشەوە دەبات، لەوانەش، ڕەنگە ئارامی بگەڕێنێتەوە بۆ سەر سنووری نێوان ئیسڕائیل و لوبنان و ئەوەش ڕێگە بە ئیسڕائیلییەکان دەدات بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانییان."

پێشتر لە ڕۆژی یەکشەممەدا، وتەبێژی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی وتی ئەگەر حەماس ئاگربەستە پێشنیارکراوەکە پەسەند بکات، ئەوا ئەمەریکا پێشبینی دەکات ئیسڕائیلیش پەسەندی بکات.

ڕۆژی یەکشەممە وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانت وتی ئیسڕائیل بەوە ڕازی نابێت حەماس بەردەوام بێت لە فەرمانڕەواییکردنی غەززە لە هیچ قۆناغێکدا لە ماوەی پڕۆسەی ئاشتیدا، وتیشی بیر لە بەدیلەکانی حەماس دەکاتەوە بۆ فەرمانڕەواییکردنی کەرتەکە.

گالانت وتی " لە کاتێکدا کە کردەوە سەربازییە گرنگەکانمان ئەنجام دەدەین، دامەزراوەی بەرگری هەڵسەنگاندن دەکات بۆ بەدیلێک بۆ حەماس لە فەرمانڕەواییکردن لە ( غەززەدا ) دا."

وتی " ناوچەکانی ناو غەززە پەراوێز دەخەین، چەکدارانی حەماس لەم ناوچانە لادەبەین و هێزێک دەخەینە شوێنییان کە ڕێگە بە پێکهاتنی حکومەتێکی نوێ دەدات، بەدیلێک کە هەڕەشە لە حەماس دەکات."

سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو ڕۆژی یەکشەممە وتی مەرجەکانی ئیسڕائیل بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە نەگۆڕاوە " لە ناوبردنی توانا سەربازیی و حکومڕانییەکانی حەماس، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە غەززە چیتر مەترسیی نەبێت بۆ سەر ئیسڕائیل."

نەتانیاهو ڕووبەڕووی دووبەرەکییەک بووەتەوە لە نێو حکومەتە هاوبەشە ڕاستڕەوەکەدا و فشارە ناوخۆییەکانی سەریشی لەلایەن لایەنە ڕکابەرەکانییەوە لە وڵاتەکەدا زیاتر بووە لەسەر پلانەکەی ئیسڕائیل بۆ غەززە و حەماس.

دوو ئەندامی ڕاستڕەوی کابینەکەی، وەزیری ئاسایشی نیشتیمانی بێن گڤیر و وەزیری دارایی بیزالیل سمۆتریچ، ڕۆژی شەممە هەڕەشەی ئەوەیان کرد حکومەتەکەی نەتانیاهو بڕووخێنن ئەگەر بە پێشنیارەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن ڕازی ببێت.

ڕابەری ئۆپۆزسیۆنی ئیسڕائیل یایر لاپید داوای لە نەتانیاهو کردووە ڕێککەوتنەکە پەسەند بکات و پشتگیری خۆی بۆ نەتانیاهو دەربڕیوە ئەگەر بێن گڤیر و سمۆتریچ یاخی ببن.

لاپید وتی " بەبیری نەتانیاهوی دەهێنمەوە کە لەلایەن ئێمەوە پارێزراوە بۆ ڕێککەوتنێک لەسەر بارمتەکان."

خێزانەکانی بارمتەکان فشارییان خستووەتە سەر ئیسڕائیل و حەماس تاوەکو بە ڕێککەوتنەکە ڕازی ببن. دەیان هەزاران خۆپیشاندەر ڕۆژی شەممە جارێکی دیکە لە تەل ئەڤیڤ گردبوونەوە و داوای گەڕاندنەوەی بارمتەکانییان کرد.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئیسڕائیل ئیسحاق هێرزۆگ وتی بە نەتانیاهوی وتووە " پشتگیری تەواوی خۆم دەدەم بەو و بە حکومەتەکە لەسەر ڕێککەوتنێک کە ئازادکردنی بارمتەکانی تێدا بێت."

هێرزۆگ وتی " ئەوە بەرپرسیارێتی ئێمەیە ئەوان بگەڕێنینەوە بۆ ماڵەوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکدا کە بەرژەوەندییە ئاسایشییەکانی دەوڵەتی ئیسڕائیل دەپارێزێت."

هاوکات حەماس وتی " بە ئەرێنییەوە سەیری " پێشنیارەکە دەکات، کە بایدن ڕۆژی هەینی بە پلانی ئیسڕائیلییەکان ناویبرد.

بەڵام بەرپرسی باڵای حەماس مەحمود مەرداوی ڕۆژی شەممە لە چاوپێککەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵێکی قەتەڕیدا وتی " ناکرێت بە هیچ ڕێککەوتنێک بگەین پێش ئەوەی داواکەمان بۆ کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی داگیرکەر و ئاگربەست جێبەجێ نەکرێن." داوای کۆتایی هێنانی کرد بە جەنگەکە و هەروەها داوای کشانەوەی هێزەکانی ئیسڕائیلی کرد لە غەززەدا.

ڕۆژی هەینی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی ڕێککەوتنەکە لە سەرەتادا شەش هەفتە ئاگربەست و کشانەوەی بەشێکی سوپای ئیسڕائیل لە خۆدەگرێت، هەروەها ئازادکردنی هەندێک لە بارمتەکان لە خۆدەگرێت، هاوکات لە ڕێی نێوەندگرەکانەوە تاوتوێی " کۆتایی هێنانێکی هەمیشەیی بە شەڕەکە " دەکرێت.

بایدن وتی " ئێستا کاتی کۆتایی هێنانە بە جەنگەکە، بۆ ئەوەی ڕۆژی دواتر دەستپێبکات."

لە 7 ی مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و بەپێی بەرپرسانی ئیسڕائیل 1200 کەسییان کوشتووە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. هەروەها نزیکەی 250 کەسیشییان بە بارمتە گرت، ئیسڕائیلیش لە وەڵامدا هەڵمەتێکی سەربازیی لە کەرتی غەززە دەستپێکرد و ڕایگەیاند ئامانج لێی لە ناوبردنی چەکدارانی حەماسە لە غەززەدا.

بەرپرسانی تەندروستی غەززەش دەڵێن بەهۆی هێرشەکانی ئیسڕائیلەوە زیاتر لە 36,000 فەلەستینی کوژراون، دەشڵێن زۆربەی کوژراوەکان ژن و منداڵ بوون.

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG