Accessibility links

حکومەتی ئەمەریکا لە لێواری داخستنیدایە


یاسادانەرانی ئەمەریکا ئەمڕۆ شەممە، 30ی مانگی نۆ لە کاتێکدا دەگەڕێنەوە بۆ کۆنگرێس کە هیچ ڕێگایەکی ڕوونییان تاکو ئێستا نیە بۆ چارەسەرکردنی ئەگەری داخستنی حکومەت کە دەبێتە هۆی داخستنی بەشێکی زۆری دامەزراوە فیدڕاڵییەکان.

شەڕی ناوخۆیی نێو کۆمارییەکان کە لە ئەنجومەنی نوێنەراندا باڵادەستن، خەریکە ئەمەریکا دەبات بەرەو چوارەمین داخستنی بەشێکی زۆری حکومەت لە ماوەی 10 ساڵی ڕابروودا، چوونکە ئەنجومەنەکە تاکو ئیستا نەیتوانیوە پڕۆژە یاسایەک پەسەند بکات کە تاوەکو 1 ی مانگی 10 حکومەت بە کراوەیی بهێڵێتەوە، کە دەکاتە کاتی دەستپێکردنی ساڵی دارایی.

لە ئەنجومەنەکەی دیکەی کۆنگرێسی ئەمەریکا، ئەنجومەنی سینات، کە دیموکراتەکان تێیدا باڵا دەستن، واتە زۆرینەن، بڕیارە پڕۆژە یاسای وەستاندنی بودجە بەرەوپێشەوە ببات، بەڵام ڕەنگە بۆ چەند ڕۆژێک دەنگی کۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساکە نەدرێت.

دواجار دەبێت هەردوو دامەزراوەکە واتە ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا لەسەر بودجەی حکومەت ڕێکبکەون و ئەگەر ڕێککەوتن نەکرێت، ئەوا حکومەتی ئەمەریکا بەهۆی کەمی بودجەوە دادەخرێت.

ئەگەر تاوەکو کاتژمێر 12:01 ی خولەکی بەیانی ڕۆژی یەکشەممە دوو ئەنجومەنەکە پڕۆژە یاسای خەرجییەکان ڕەوانەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن نەکەن و نەبێتە یاسا، ئەوا سەدان هەزاران کارمەندی فیدڕاڵی مووچەکانییان دوادەکەوێت.

دەزگا فیدڕاڵییەکانی ئەمەریکا پێشتر پلانییان داناوە لەسەر ئەوەی چی خزمەتگوزارییەکییان دەبێت بەردەوام بێت، لەوانەش کارەکانی سەر سنوور و پشکنینەکان لە فڕۆکەخانەکان، هەروەها چی خزمەتگوزارییەک دەبێت دابخرێت، لەوانەش توێژینەوە زانستییەکان و یارمەتییە خۆراکییەکان بۆ 7 ملیۆن دایکی هەژار.

ئەگەر حکومەت دابخرێت ئەوا سەروو 4 ملیۆن کارمەندەکەی حکومەتی فیدڕاڵ موچە وەرناگرن، ئیتر کاربکەن یاخود نا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG