Accessibility links

سەرۆک ترامپ باجی گومرگ بە ڕێژەی لە سەدا 25 بەسەر کەنەدا و مەکسیکدا دەسەپێنێت


ڕۆژی سێشەممە ئەمەریکا باجی گومرگی بە ڕێژەی لە سەدا 25 سەپاند بەسەر ئەو شتومەکانەدا کە لە کەنەدا و مەکسیکەوە هاوردەی ئەمەریکا دەکرێن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی دوو وڵاتەکە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە کارییان کردووە بۆ ڕاگرتنی کۆچی نایاسایی و ڕاگرتنی چوونی دەرمانە هۆشبەرەکان بۆ ناو ئەمەریکا، وەکو چۆن سەرۆک دانۆڵد ترامپ داوای کردبوو.

سەرۆک ترامپ سەرەتا مانگی ڕابردوو باجە نوێیەکەی گومرگی ڕاگەیاند بەڵام بە خێرایی جێبەجێکردنی سەپاندنی باجەکەی ڕاگرت، ئەوەش دوای ئەوەی سەرکردەکانی کەنەدا و مەکسیک بەڵێنییاندا کار بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کۆچی نایاسایی و دەرمانی هۆشبەردا. سەرۆک ترامپ ڕۆژی دووشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هیچ بوارێک بۆ مەکسیک یاخود بۆ کەنەدا نەماوەتەوە " و سەپاندنی باجەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەر سێ پێوانە سەرەکییەکەی بۆرسەی ئەمەریکا دوای ڕاگەیاندنەکەی سەرۆک ترامپ بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزین.

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی وڵاتەکەی تۆڵە دەکاتەوە دژی زیادکردنی باجی گومرگ لەلایەن سەرۆک ترامپەوە و " ڕێگە نادات ئەم بڕیارە بێ پاساوە بەبێ وەڵام تێپەڕ ببێت." وتی کەنەدا باجی گومرگ بە ڕێژەی لە سەدا 25 دەسەپێنێت بەسەر 107 ملیار دۆلار لە بەهای شتومەکی ئەمەریکاییدا کە هاوردەی کەنەدا دەکرێن.

ترودۆ وتی کەنەدا سەرباز و کەلوپەلی لەسەر سنوورەکە زیاتر کردووە بۆ ڕێگریکردن لە چوونی دەرمانی فینتانیڵ بۆ ناو ئەمەریکا.

وتی " بەهۆی ئەم کارەوە، بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکادا، دەستگرتن بەسەر فینتانیڵدا لە ماوەی نێوان مانگی دوانزەی ساڵی 2024 ەوە بۆ مانگی یەکی ساڵی 2025 لە سەدا 97 کەمیکردووە، واتە کەمتر لە 0.03 پاوەند لەلایەن دەزگای گومرگ و پاراستنی سنووری ئەمەریکاوە دەستی بەسەردا گیراوە."

ترودۆ وتی بڕیارەکەی سەرۆک ترامپ " پەیوەندییەکی بازرگانی سەرسوڕهێنەر لە نێوان دوو وڵاتەکەدا تێک دەدات " و باجی گومرگەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ئەمەریکاییەکان پارەی زیاتر بدەن بە بەرهەمەکانی وەکو پێداویستییە سەرەتاییەکان و گازۆلاین و ئوتومبێل.

سەرۆکی مەکسیک کلاودیا شاینباوم، کە ئابوورییەکەی پەیوەستە بە بازرگانییەوە، لە سەدا 80 ی هەناردەکانی بۆ ئەمەریکایە، وتی وڵاتەکەی ڕەنگە لە وەڵامدا باجی گومرگ بەسەر ئەمەریکادا بسەپێنێت.

شاینباوم پێش لێدوانەکانی سەرۆک ترامپ وتی " ئەوە بڕیارێکە کە پەیوەندی بە حکومەتی ئەمەریکاوە هەیە، پەیوەندی بە سەرۆکی ئەمەریکاوە هەیە. لەبەرئەوە بریارەکەی هەرچییەک بێت، ئێمەش بڕیاری خۆمان دەدەین، پلانێکیش هەیە. یەکگرتوویی هەیە لە مەکسیکدا."

دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو سەرۆک ترامپ ڕایگەیاند کە باجی گومرگی نوێ بەسەر مەکسیک و کەنەدادا دەسەپێنێت، شاینباوم 10,000 سەربازی ڕەوانەی سنووری باکووری مەکسیک لەگەڵ ئەمەریکادا کرد، ئەوەش بە مەبەستی ڕێگریکردن لە چوونی ماددەی هۆشبەر بۆ ناو ئەمەریکا.

سەرۆک ترامپ و بەرپرسانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لەم هەفتەیەدا وتییان دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی لە مەکسیکەوە دێنە ناو ئەمەریکاوە لە مانگی دوودا بۆ ئاستێکی پێوانەیی کەمی کردووە.

هاوکات ڕۆژی سێشەممە بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک ترامپ باجی گومرگی بە ڕێژەی لە سەدا 10 سەپاند بەسەر چیندا، بەوەش ڕێژەکەی کرد بە دوو هێندە دوای ئەوەی لە 4 ی مانگی دوودا لە سەدا 10 ی بەسەردا سەپاندبوو. سەرۆک ترامپ دەڵێت چین سەرچاوەی ئەو فینتانیڵەیە کە دەهێندرێتە ئەمەریکاوە بە قاچاخ لە ڕێی مەکسیک و کەنەداوە.

وەزارەتی ئابووری چین ڕۆژی سێشەممە وتی بە توندی دژایەتی جووڵەکەی ئەمەریکا دەکات و چین وەڵام دەداتەوە بۆ بەرگریکردن لە بەرژەوەندییەکانی. چین وتیشی باجەکە پێشێلکردنی یاساکانی ڕێکخراوی بازرگانی جیهانە و هاریکارییە ئابوورییەکەی نێوان چین و ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەوە.

وەزارەتی دارایی چین وتی لە 10 ی مانگی سێوە چین باجی گومرگ بە ڕێژەی لە سەدا 15 دەسەپێنێت بەسەر مریشک و گەنمەشامی و لۆکەی ئەمەریکاییدا.

ئابووریناسان دەڵێن ئەو باجەی سەرۆک ترامپ دەیسەپێنێت ڕەنگە نرخی تاکفرۆشی بۆ بەکاربەران و نرخی کەلوپەل بۆ بازرگانان بەرز بکاتەوە. مەکسیک و کەنەدا و چین سێ گەورەترین هاوبەشی بازرگانی نیشتیمانین لەگەڵ ئەمەریکا، یەکێتی ئەوروپاش بە هەر 27 وڵاتەکەیەوە گەورەترین هاوبەشی بازرگانی ئەمەریکایە.

سەرۆک ترامپ هەفتەی ڕابردوو لە یەکەم کۆبوونەوەی کابینە نوێیەکەیدا وتی " بەمزووانە " باجی گومرگ بە ڕێژەی لە سەدا 25 دەسەپێنێت بەسەر شتومەکی هاوردەکراوی یەکێتی ئەوروپادا.

یەکێتی ئەوروپاش لەلای خۆیەوە بەڵێنیداوە " دەستبەجێ و بە توندی " وەڵامی " بەربەستە بێ بیانووە " بازرگانییەکان بداتەوە و پێشنیاری کردووە کە باجی گومرگ دەسەپێنێت بەسەر شتومەکی ئەمەریکاییدا، ئەمە ئەگەر سەرۆک ترامپ باجی گومرگ بەسەر یەکێتییەکەدا بسەپێنێت.

زۆرێک لە ئابووریناسان بەردەوام هۆشدارییان داوە لەوەی سەپاندنی باجی گومرگ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان لە ئەمەریکا، سەرۆک ترامپ دانی بەوەدا ناوە کە ڕەنگە ئازارێکی کورت خایەنی بۆ ئەمەریکاییەکان هەبێت بەڵام جەختی لەوە کردووەتەوە کە باجی گومرگ لە کۆتاییدا سوودی دەبێت بۆ ئابووری ئەمەریکا کە گەورەترین ئابووری جیهانە.

سەرۆک ترامپ دەڵێت ئەو باجە گومرگییەی دەیسەپێنێت هاندەرێک دەبێت بۆ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی زیاتر لە ئەمەریکا بکەن لە پێناو دوورکەوتنەوە لە پێدانی باجی گومرگ لەسەر گواستنەوەی بەرهەمەکانیان بۆ ئەمەریکا.

XS
SM
MD
LG