ئاژانسی هەواڵەکانی فرانس پرێس دەڵێت ؛ واشنتن و سیئۆل رۆژی دووشەممە دەستیان بە مانۆڕی ساڵانەی هاوبەشی نێوانیان کرد وەک بەرانگەربوونەوەیەکیان لە دژی ئاگاهیەکانی پیۆنگ یۆنگ کە دەڵیت ئەو جۆرە مانۆڕە سەربازیانە هەڕەشە لە چارەنووسی دانوسانەکان دەکات ئەوانەی سەبارەتن بە دۆسییەی ئەتۆمی نێوان وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا و کۆریای باکور.
ئەم مانۆڕانە دوای ئەوە دێت کە کۆریای باکور بەمدواییانە تاقیکردنەوەی موشەکی ئەنجامدا و تێدا موشەکی مەودا مامناوەندی هەڵدا و پیۆنگ یۆنگ ئەوەی وەک ئاگاهییەکی فەرمی بۆ سیئۆل لەقەڵەمدا بۆ ئەوەی چیتر مانۆڕی سەربازی پێکەوە لەگەڵ واشنتن نەکات.
هاوکات وەزیری بەرگری کۆریای باشوور گیونگ کیونگ لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتدا گوتی؛ ئەم مەشق و راهێنانە لەشکریە هاوبەشە لەگەڵ وڵاتەیەکگرتوەکانی ئەمەریکا ئەمڕۆ دوو شەممە دەستی پێکرد و گوتیشی سیئۆل درێژە بە ئامادەباشی خۆی دەدات بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر کردەیەکی لەشکری لەلایەن کۆریای باکورەوە لەدژی ئەنجام بدرێت.
وەزیری بەرگری کۆریای باشوور هیچ وردەکاریەکی سەبارەت بە مانۆڕە لەشکریە هاوبەشەکەیان لەگەڵ واشنتن نەدا ، بەڵام بەرپرسێکی سەربازی ئەو وڵاتە گوتویەتی مانۆڕەکەی ئەمساڵ لە پێناو دڵنیابوونە لە تواناکانی سیئۆل لەوەی کە بتوانێت رێبەرایەتی هێزە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات بکات لە کاتی جەنگدا.
بە گوێرەی پەیمانامەیەکی ئاسایشی نێوان ئەمەریکا و کۆریای باشوور ، لە کاتی بەرپابوونی جەنگ دا جەنەڕاڵێکی ئەمەریکایی سەرۆکایەتی هێزە هاوبەشەکانی هەردوو وڵات دەکات .
شیكاران دەڵێن ئەم چالاکیانەی واشنتن و سیئۆل رەنگە وتوێژەکانی پەیوەست بە بەرنامەی ئەتۆمی کۆریای باکور هەتا کۆتایی ئەمساڵ دوابخەن. ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتوەکان کۆمەڵیک گەمارۆی بەسەر کۆریای باکوردا سەپاندوە ئەمەش بەهۆی بەرنامە ئەتۆمیەکەیەوە.