Accessibility links

ئەمەریکا لە پاڵ هاوپەیمانە کوردەکانیدا دەمێنێتەوە لە سوریادا


بە گوێرەی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا، ڕووخانی ڕژێمەکەی ئەسەد لە سوریا لانیکەم بۆ ئێستا کار ناکەتە سەر پشتیوانی ئەمەریکا بۆ یەکێک لە جێگیرترین هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا.

چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی بەرپرسانی ڕووسیا ئەوەیان پشتڕاست کردەوە کە بەشاری ئەسەد لە دیمەشق هەڵاتووە و چووە بۆ مۆسکۆ، هەروەها ڕۆژێک دوای ئەوەی هێزەکانی یاخیبووان چوونە ناو دیمەشقی پایتەختەوە، بەرپرسانی ئەمەریکا سوور بوون لەسەر ئەوەی کە هیچ پلانێک نیە بۆ گۆڕینی پێگەی سەربازیی ئەمەریکا لە سوریادا، کە نزیکەی 900 سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە و زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا کاردەکەن.

بەرپرسێکی باڵای بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات ڕۆژی یەکشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وتی پاراستنی شوێنەکانی ئەمەریکا لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی سوریادا " شتێکە کە بەردەوام دەبین لەسەری."

وتی " پێمان وایە ئەو بوونەمان زۆر گرنگە بۆ جێگیریی ئەو ناوچانە و پووچەڵکردنەوەی هەوڵەکانی داعش بۆ دووبارە سەرهەڵدانەوە، هەروەها بۆ یەکپارچەیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەو گروپانەی کە لە ڕۆژهەڵات کارییان لەگەڵدا دەکەین بۆ پاراستنی جێگیری لەوێ."

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کە کوردەکان سەرکردایەتی دەکات لە ساڵی 2015 دا پێکهێندرا و ژمارەیان دەگاتە 30 بۆ 40 هەزار شەڕکەر و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شکستهێنان بە ڕێکخراوی داعش و کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکێکی بەرفراوان کە داعش کۆنتڕۆڵی کردبوون، بە شاری ڕەققەشەوە کە داعش وەکو پایتەختی خۆی دیاریکردبوو.

چوار ساڵ دوای دامەزراندنی، لە مانگی سێی ساڵی 2019 دا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی باغوزی ڕاگەیاند، کە دوایین شوێنی داعش بوو لە سوریادا.

بەڵام شکستهێنان بە خەلافەتی داعش لە سوریادا باجی هەبوو. بەرپرسانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەڵێن نزیکەی 11,000 شەڕکەرییان لەو هەڵمەتە چەندین ساڵەییەدا کوژراون. شەڕەکەش دژی ئەو داعشانەی کە هێشتا ماونەتەوە بەردەوامە.

زانیارییە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشتر لەم ساڵدا ئاماژەیان داوە لەسەر زیادبوونەوەی چالاکییەکانی داعش، بە تایبەتی لەلایەن خانە بچووکەکانیانەوە لە بیابانی ناوەڕاستی سوریا، ناوچەکە بووەتە ناوەندێکی لۆجیستیکی بۆ گروپە تیرۆریستییەکە.


بەپێی چەندین خەمڵاندن، ژمارەی چەکدارانی داعش لە سەرانسەری سوریا و عێراقدا زیاد بووە بۆ 2500 بۆ 5000 چەکدار.

لە مانگی حەوتدا سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا کە سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمەریکا دەکات لە سوریا و عێراقدا، هۆشداریدا و وتی داعش لە ڕێگەیدایە بۆ ئەوەی " ژمارەی ئەو هێرشانەی کە لە ساڵی 2023 دا گرتوونییەتە ئەستۆ زیاتر لە دوو هێندەیان بکات."

هەروەها داعش چەندین جار هەوڵیداوە نزیکەی 9000 لە چەکدارەکانی ڕزگار بکات کە لە نزیکەی 20 زیندانی ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا لە سەرانسەری باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریادا زیندانیکراون، بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا وتی " ئەوە گەورەترین کۆکردنەوەی چەکدارانی تیرۆریستانە لە جیهاندا."

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئاسایشی کامپی ئاوارەکانییان پێدراوە، وەکو کامپی هۆل و کامپی ڕۆژ، کە نزیکەی 30,000 کەسییان تێدایە و زۆربەیان منداڵن و لە خوار تەمەنی 12 ساڵییەوەن، زۆرێکیشیان ئەو خێزانانەن کە وەفایان بۆ داعش هەیە.

ڕۆژی یەکشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن وتی واشنتن نیازی نیە پشت لە سوریا یاخود هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بکات بە تەنها ڕووبەڕووی ئەو ئاستەنگییانە ببنەوە.

بایدن وتی " ئەرکەکەمان دژی داعش دەمێنێتەوە، بە ئاسایشی ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنیشەوە کە چەکدارانی داعش تێیاندا زیندانیکراون."

وتیشی " بە باشی ئەو ڕاستییە دەبینین کە داعش هەوڵ دەدات سوود لە دۆخەکە وەربگرێت بۆ دروستکردنەوەی تواناکانی، بۆ دروستکردنی پەناگەیەکی پارێزراو. ئێمە ڕێگە نادەین ئەوە ڕووبدات."

بۆ تیشک خستنەسەر پابەندبوونی ئەمەریکا، بایدن وتی ڕۆژی یەکشەممە هێزەکانی ئەمەریکا دەیان هێرشی ئاسمانییان کردووەتە سەر کامپ و چەکدارانی داعش.

سەرکردایەتی ناوەندی ئەمەریکا وتی لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە زیاتر لە 75 ئامانج دراوە لە ڕێی بەکارهێنانی بۆمبڕێژی مەودا دوور و فڕۆکەی شەڕکەر و هێزی پشتیوانی ئاسمانییەوە.

بەرپرسە باڵاکەی ئەمەریکا وتی " کۆبوونەوەیەکی گەورەی چەکداران و سەرکردەکانی داعشمان کردووەتە ئامانج." وتیشی فڕۆکە جەنگییەکان نزیکەی 140 بۆمبییان لە هێرشەکاندا بەکارهێناوە، کە پێشتر ڕۆژی یەکشەممە مۆڵەتی پێدرابوو.

بەرپرسەکە وتی " ئەوە هێرشێکی ئاسمانی گەورەیە، بە لەبەرچاوگرتنی ژمارەی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا و هەروەها قەبارەی ناوچەکەش."

بەڵام نیگەرانییەکانی ئەمەریکا سەبارەت بە ناسەقامگیری زۆر زیاترە لە مەترسییەکانی داعش بە تەنها.

ترس هەن لەسەر گرژییەکانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و تورکیا و لەوە دەترسن کە ئەو گرژییانە ناسەقامگیریی و مەترسی زیاتر بهێنن بۆ ناوچەکە.

لە ماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرت هەبوون لەسەر شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەو گروپە چەکدارییانەی کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانییان لێدەکرێت لە باکووری سوریا.

تورکیا لە مێژە دژایەتی هاوپەیمانییەکەی ئەمەریکای کردووە لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیکدا، دەڵێت زۆرێک لە شەڕکەرەکانی هێزەکە سەر بە یەکینەکانی پاراستنی گەلی کوردن.

سەرەڕای ئەوەی ئەمەریکا هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بە دوو لایەنی جیاواز دەبینێت، بەڵام تورکیا دەڵێت یەک لایەنن و هەمان شتن.

ڕۆژی یەکشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا وتییان گفتوگۆیەکی ئاست بەرز کراوە لە نێوان بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا و وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکانییاندا، وتیشی پەیوەندییەکانی " بونیادنەرانە " بوون.

بەرپرسەکە وتی " ململانێی زیاتر و کرانەوەی بەرەی نوێ لە بەرژەوەندی هیچ کەسێکدا نیە."

بەڵام هەندێک لە شڕۆڤەکاران نیگەرانی ئەوەن کە گرژییەکانی نێوان کورد و تورکەکان بە ئاسانی چارەسەر نابن، بەشێک لە هۆکاری ئەوەشییان گەڕاندووەتەوە بۆ ئەوەی کە بایدن ڕۆژی یەکشەممە ناوی تورکیای نەهێناوە کاتێک باسی لە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا کردووە بە وڵاتانی دراوسێی سوریاوە.

مایڵز کاگینزی لە ناوەندی نیو ڵاینس و وتەبێژی پێشووی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا دژی داعش لە عێراق و سوریادا دەڵێت " ئەوە ئاماژەیەکە لەسەر ئەوەی کە لە پشت پەردەکانەوە هێشتا گفتوگۆ هەیە لە نێوان دیبلۆماتکارانی ئەمەریکا و بەرپرسانی تورکیادا سەبارەت بە نیازی تورکیا بۆ داگیرکردنی بەشەکانی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئەوەشی کە ئەو کارە هێزەکانی سوریای دیموکرات و ئەو خەڵکە مەدەنییە دەخاتە مەترسییەوە کە لە ژێر بەڕێوبەرایەتی خۆسەری کوردەکاندا دەژین."

کاگینز بە دەنگی ئەمەریکای وت " سەرۆک بایدن زۆر ڕوون بووە لەسەر ئەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە داهاتوویەکی پێشبینیکراودا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا دەمێننەوە لە پێناو شەڕی دژ بە داعشدا. حکومەتی ئەمەریکا دەرفەتێکی هەیە بۆ دەرخست و تیشک خستنەسەر پشتیوانییە بەهێزەکەی بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و خەڵکەکەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا."

سەرچاوە: ڕاپۆرتی جێف سلەیدن، دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG