Accessibility links

پۆڵەندا: سەرۆک بایدن لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ وڵاتەکە تاوتوێی ڕەوانەکردنی سەربازی زیاتر دەکات


سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆوڤسکی
سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆوڤسکی

سەرۆک وەزیری پۆڵەندا ماتەیوش مۆرۆوڤسکی دەڵێت لە ماوەی سەردانەکەی دواتری سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدندا بۆ وارشۆ، لەگەڵ سەرۆک بایدندا تاوتوێی ئەگەری زیادکردنی سەربازانی ئەمەریکا دەکەن لە پۆڵەندا و بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتەدا هەمیشەییتر دەکەن.

مۆرۆوڤسکی بە کەناڵی سی بی ئێسی گوت " ئێمە لە پڕۆسەی گفتوگۆداین لەگەڵ بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆک بایدندا سەبارەت بە بوونی هێزەکانییان بە شێوەیەکی هەمیشەییتر و زیادکردنیان."

گوتیشی " من زۆر سوپاسگوزارم لەسەر ڕەوانەکردنی سیستمی نوێی پاتریۆت و چەک و تەقەمەنییە زۆر پێشکەتووەکان، چونکە ئەمەش تا ڕادەیەک بریکارێکە بۆ بوونی سەربازەکان، بەڵام بێگومان ئەو دووانە پێکەوە دەبن."

سەرۆک بایدن لە 20-22 ی مانگی دوودا بە بۆنەی یەکەمین ساڵیادی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا سەردانی پۆڵەندا دەکات.

لە پێش 24 ی مانگی دووی ساڵی 2022 ەوە ئەمەریکا ژمارەی هێزەکانی لە پۆڵەندا زیاد کردووە، بەپێی سی بی ئێس، ئەمەریکا لە ئێستادا نزیکەی 11,000 سەربازی لەو وڵاتەدا هەیە.

سەرۆک بایدن لە مانگی شەشی ساڵی ڕابردوودا وتی وەکو وەڵامێک بۆ هەڕەشەکانی ڕووسیا، ئەمەریکا بارەگایەکی سەربازیی نوێی هەمیشەیی لە پۆڵەندا دادەمەزرێنێت.

کۆشکی سپی دەڵێت سەرۆک بایدن لەگەڵ سەرۆکی پۆڵەندا ئاندژەی دودا و هاوپەیمانەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپادا کۆدەبێتەوە و گفتوگۆ لەسەر ئۆکرانیا دەکات، بەڵام هیچ پلانێکی نیە سەردانی ئۆکرانیای دراوسێی پۆڵەندا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG